گۆندۆگان: سوپاس بۆ ئەڵمانیا و کۆلینزەکان

12:57 - 2024-08-27
وەرزش
121 جار خوێندراوەتەوە

لەناكاو و لەبڕیارێكی تایبەت بەخۆیدا، كای گۆندۆگانی كاپتنی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، بڕیاریدا بەرەسمی وەك یاریزانی نێودەوڵەتی وازهێنانی خۆی لە یاریكردن لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بهێنێت و یانەی بارسیلۆناشی جێهێشت و گەڕایەوە مان سیتی.
گۆندۆگان بە رەچەڵەك خەڵكی توركیایە، ساڵی 1990 لە ئەڵمانیا لەدایكبووە، ئێستا تەمەنی 33 ساڵە و ئێستا  لە بارسیلۆناوە گەڕاوەتەوە یانەی مان سیتی، ژیانی ئیحتیرافی وەك یاریزان لە ساڵی 2008 – ەوە لە یانەی بوخوم دەستپێكردووە، تا ئێستا 82 یاریی بۆ مانشافت كردووە.
ئەم یاریزانە لە تۆڕی (X)  سەبارەت بەم بڕیارەی خۆی نووسیویەتی:
ئازیزم تۆپی پێی ئەڵمان، پاش ئەوەی چەند هەفتەیەك بەباشی بیرم كردەوە، گەیشتمە ئەو بڕوایەی  ئیتر وازبهێنم، ئەمەش لەبەرئەوەی كاتی ئەوە هاتووە ئیتر كاروانی یاریی كردنم لەگەڵ ئەو هەڵبژاردەیە كۆتایی پێبهێنم.
هەروەها دەڵێت: كاتێك سەیری رابردوو دەكەم و دەبینم 82 یاریی نێودەوڵەتیم لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەم كردووە، هەست بە شانازییەكی زۆر دەكەم، ئەو ژمارەیە خۆیشم باوەڕی پێناكەم كە من لە ساڵی 2011 –ەوە یاریی بۆ ئەم هەڵبژاردەیە دەكەم و  82 یارییم كردبێت.
هەرلە نووسینەكەیدا باسی ئەوەش دەكات كە ئێستا هەست بە ماندووبوون دەكات، ئازاری سەری هەیە، بۆیە ئەم بڕیارەی داوە، هەروەها دەڵێت من جەخت لەوە دەكەمەوە كە هەمیشە هاندەری ئەم هەڵبژاردەیە دەبم، هیوادارم رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا روو لە هەڵكشان بێت، لەكۆتاییشدا سوپاسی هاندەران و كارمەندان و راهێنەران و هاوڕێكانی دەكات لەم هەڵبژاردەیە کە لەو ماوەیەدا پێكەوەبوون و دەڵێت:  ئەوە شەرەفێكی گەورە بووە بۆ من، لە كۆتاییدا نووسیویەتی زۆر سوپاس بۆتۆ ئەڵمانیا.
بۆ هاندەرانی یانەی بارسیلۆناش لە هەمان تۆڕ نووسیویەتی: پاش یەک ساڵ کاتی ماڵئاواییە، زۆر سوپاس کۆلیز، من هەرچی لە توانامدا بوو کردم، ئێستاش لە پێناوی یانەکە و تیپەکەدا ئەم بڕیارەمدا، هەروەها نوسیویەتی: رۆیشتنەکەم لەپێناوی قەیرانی دارایی یانەکەدا بوو، چونکە من حەزم دەکرد بەردەوام بم.

گۆندۆگان
*تەمەنی 33 ساڵە.
*لە ئەڵمانیا لەدایك بووە.
*یەكەم یاریی كە بۆ هەڵبژاردەی مانشافت كردوویەتی مانگی ئۆكتۆبەری 2011 بووە بەرامبەر بەلجیكا.
*كۆی 82 یاریی بۆ هەڵبژاردەكە كردووە.
*لە ژیانی ئیحتیرافی خۆیدا یەكەم جار ساڵی 2008 چۆتە یانەی بوخوم، پاشان چووەتە یانەی نۆرمبێرگ، لەنێوان ساڵانی 2011 تا 2016 یاریی بۆ یانەی بروسیا دۆرتمۆند كردووە، دواتر چۆتە مان سیتی تا 2023، ماوەی ساڵێكیش لە یانەی بارسیلۆنا بوو.
* ساڵی 2023 یاریزانی ساڵی وڵاتەكەی بووە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان