دەكرێت بەكۆگا و باخی تایبەت

زیادەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی لە هەولێر.. دەكرێت بەكۆگا و باخی تایبەت

10:54 - 2024-08-28
ڕاپۆرت
184 جار خوێندراوەتەوە
رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە موڵکی گشتی داگیر دەکەن

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد


زەوی مەتروكە یان (جێهێڵراو) ئەو پارچە زەویەیە لەكاتی نەخشەكێشانی گەڕەكێك، شەقامێك یان كۆڵانێك بەهۆی سوود لێ نەبینینی لەلایەن ئەندازیارانی شارەوانییەوە بەجێدەهێڵرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو زەوییە مەتروکانە لەشاری هەولێر لەلایەن دانیشتوانی گەڕەكەكان دەکرێت بەباخ بۆخۆیان و تەلەبەندی دەكەن، یان دەكرێن بە مەخزەن یاخود شوێنی بەخێوكردنی ئاژەڵ، زۆركاتیش بەهۆی ئەوەی شۆستەكەی بەردەكەوێت رێگەی هاتوچۆی پیادە رۆیشتنی هاووڵاتیانیش دەگیرێت.
هەوراز ساڵح دانیشتوویەكی گەڕەكی هەڤاڵانە لەشاری هەولێر وتی: رۆژانە بە بەرچاوی حكومەتی خۆجێی شارەكەوە زەوی جێهێڵراوی جۆراوجۆر لەلایەن ژمارەیەك خاوەن ماڵ یان دوكاندارەوە داگیر دەكرێن و تەلبەند دەكرێن، بۆ كاری تایبەتی خۆیان بەكاریدەهێنن لەکاتێكدا موڵکی گشتین و پێویستە بکرێنە پڕۆژەیەک بۆ هەموان.
وتیشی: زۆرجار ئەو زەویییانە دەکرێن بە كۆگای كەلوپەلی كۆن کە سیمایەكی ناشیرین بەشوێنەكە دەبەخشێت.

 

 

قائیمقامی هەولێر بۆ کوردستانی نوێ  : لە هەولێر هەر شتێك بە زیادەڕۆیی لەسەر موڵكی گشتی بکرێت، رێگەی پێ نادەین، رۆژانە حاڵەتی وامان بەرچاو كەوتووە و بەپێی یاسا تێكمانداوە

 

زیانی داگیرکردنەکە 
ئەو زەوییانەی موڵکی گشتین و لەلایەن هاووڵاتیانەوە کراون بە باخی تایبەت تەنها زەوی بەجێهێراو نین بەڵکو هەندێکجار زەوین بۆ دروستکردنی قوتابخانە یان نەخۆشخانە لەناو گەڕەکەکاندا دانراون.
كارمەندێکی بیری ئاوی گەڕەكێكی شاری هەولێر دەڵێت: بەهۆی ئەو باخە زیادەڕۆیانەی هاووڵاتیان دروستیان کردووە ئاوێکی زۆر بە فیڕۆ دەدرێت، لەکاتێكدا لە چەندین گەڕەک هاووڵاتیان گرفتی کەمی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.
زەوییە جێهێڵراوەكانی شاری هەولێر جگە لە داگیركردنیان، بەشێکیان بەهۆی فەرامۆشكردنیان لەلایەن شارەوانی شارەكە بۆتە شوێنی كۆبوونەوەی زبڵ و خاشاك كە هۆكارێكە بۆ بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی و پیسبوونی ژینگە، زۆرجاریش کاتی کۆبوونەوەی زبڵ دانیشتوانی نزیك زەوییەكە بە ناچاری ئاگر لە زبڵەكە بەردەدەن كە مەترسی لەسەر سووتانی ماڵەكانی نزیكی هەیە.
نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە شاری هەولێر هەر شتێك بەزیادەڕۆیی لەسەر موڵكی گشتی بکرێت رێگەی پێ نادەین، رۆژانە حاڵەتی وامان بەرچاو كەوتووە و بەپێی یاسا تێكمانداوە.

لێپێچینەوە و رێکارە یاساییەکان
لەلایەكی تر كارزان هادی سەرۆكی شارەوانی هەولێر لەبارەی زیادەڕۆیكردن لەسەر زەوییە جێهێڵدراوەكانی حكومەت بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەپێی یاسا هیچ كەسێك بۆی نییە زەوی حكومەت بۆ کاری تایبەت بەكاربهێنێت و هەرکەسێک سەرپێچی بکات رێكاری پێویست لەدژی دەگرینەبەر و لەکاتی هەبوونی مامەڵەیەکی لە شارەوانی بۆی رایی ناکەین تا پابەندی رێنماییەكان نەبێت.
وتیشی: هەر هاووڵاتییەک زەوی مەتروکەی بوێت پێویستە بێتە بەشی رێپێدانی زەوی لە شارەوانی داوای كڕینی زەوییە مەتروكەكە بكات و دوای پابەندبوونی بەڕێنماییەكان و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان ئەگەر رێگە درا زەوییەکەی پێ دەفرۆشین.

#راپۆرت #هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان