هیــــچ

01:12 - 2024-08-29
ئەدەب و هونەر
134 جار خوێندراوەتەوە




شوان عەباس بەدری

خاڵی کۆتایی ئەم شارە
وێستگەیەکی شەمەندەفەرە و دارێکی رووتەڵە و تەنیا
پیاسەی سەر شەقام و پارکەکانی تەژین لە هیچ و
مرۆکانی تۆپەڵێ مردوون،
کە لە سیما و ناخیان هیچ دەبارێ.
هیچ لەم شارە هەموو قوژبنێکی
تەنیوە و
لە باڕ و شەوانی پێنج شەممان و هەینی و شەممەدا
پێکی ویسکی و ڤۆدکا و پەرداخی بیرە 
لەیەک دەدرێ و
دوو دوو سێ سێ و چوار چوار
هەموومان بە خۆشی ژیانە هیچەکەی ناو شارەکەمان پێکەکانمان بەرز دەکەینەوە و ماچی پەرداخە 
پڕ لە مەستییەکەی سەرلێوەکانمان دەکەین !
شارەکەمان پڕە لە نەورەسی کەنار دەریا و
دەریایەک بە فراوانی هیچییەکەی و
ئەو گەشتیارانەی لە تاو هیچی
ژیانی ناو شارەکانیان
وەک کۆمەڵێ داهۆڵی چەرمەسەر
رژاونەتە ناوی، تا لەناو ئامێزی خۆشییە وەهم ئاساکەی
لە سەر لمی کەنار دەریاکە
تاوێ خۆیان بدەنە بەر تیشکی هەتاو و
کچان و ژنان بە بێ سوخمە
مەمکی خۆیان وەک پیرۆزترین
دەستکردی خالق
بە بەرچاومانەوە بلەرزێنن و
دوای ئەوە لە ناو شەپۆلەکانی دەستێکی نادیار و نەناسراودا ون ببن !
دووشەممان و چوارشەممانی ئەم شارە
رۆژی ئەشکەنجەدانی رۆح و دەروونە،
سۆسیال وەک ئەژدیهایەکی تووڕە و برسی
 لەسەر کورسی دانپیانان دەتبەستێت و
تۆش هەر وەکو جووجەڵەیەکی بێکەس دەبێ
بە دەم شەتەکە رۆحییە بێ کۆتاکان بزە بکەی و بە ناخێکی پڕ لە هیچەوە
ئیمزا لەسەر
قەواڵەی کۆیلەبوونی خۆت بکەی !
لێرە سەگەکان زیاتر خۆشیان دەوی و
مرۆکانی شارەکەشمان گوێڕایەڵی سەگەکانیانن !
سەگەکان هیچ نین
سەگەکان بەختەوەرن و
خاوەنەکانیان ئیرەییان پێ دەبەن و
کردوویانن بە هاوڕێ و هاودەمی
تەنیایی و ساتە هیچەکانیان !
پێرێ بوو ماریا
خۆی هەڵواسی و ئیمڕۆ لەبەر چاوانما
بە ئۆتۆمبێلێک بە ناو شارا دەیانسوڕان و
دوو ئۆتۆمبیلی ماندووش بە دوایدا دەڕۆیشتن و
رۆحی هەر وەک ئەو دەمەی زیندووبوو باوەشێکی تووندی پیا کردم و
ماچێک و لەو دیو شەقامەکەوە
هاوڕێکانی بینی و
دەستی کرد بە پێکەنینێکی شێتانە،
 بە هیچیی شار  و دێ و دەرکردنی لەسەر کار و جەستە !
منیش جگەرەکەم بۆ کچێکی 25 ساڵەی
پێرێ مردوو دایە دەست چەخماخەی ئاگرێک و سییەکانم پڕ کرد لە هیچ !

شارەکەمان پڕە لە کۆچەری
کاڵاس
کە بە ئومێدی بڕینی شەپۆل
بگەنە سەرزەمینەکەی ئەو دیو دەریا،
غافڵ لەوەی ئەوێش هەر وەک
نیشتمان و کۆڵەپشتی سەفەر و
ملی رێگە
جامێکە پڕە لە هیچی !
ئێمە هەموومان
کۆمەڵێ بەندی داهۆڵ ئاسای
بێ دەرەتانین
کە تەنها
بۆ سەما لەسەر وەتەرەکانی هیچی
خەڵق کراوین !

سلێمانی - بەلجیکا

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان