ئاوات كۆكەیی
لە وڵاتی پڕ شەڕوشۆڕ و لە سایەی دەوڵەتی داگیركەرەوە، شۆڕشەكان سەرهەڵدەدەن و شكست دێنن، جارێكی دیكە بەرخودان دەستپێدەكاتەوە و بەوجۆرە سەنگەری مقاوەمەت هەر دەبێت و كاروانی شۆڕشیش هەر لە رێگەدا دەبێت.
جا ئیتر لەو بارودۆخ و سروشتەدا، شۆڕشەكان دووچاری ناكۆكی و تێڕوانینی جیاوازی شۆڕشگێڕەكان دەبنەوە، گرفتەكان گەورە دەبن و ئاڵۆزیی لێدەكەوێتەوە، هەندێكجار دەگاتە كەرتبوون و جیابوونە و پێكدادانیش.
شۆڕشی نوێی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانیش لە هەناوی ئەو واقیعەدا لە دایكبووە، بۆیە روبەڕووی را جیایی و تەنانەت جیابوونەوەی چەند دەستە و گرووپێكیش بۆوە، ئا لەو كاتەدا و بەتایبەت لە ناوەڕاستی هەشتاكاندا، كە خەریكبووە هەموو شتێك لە گرێژەنە دەربچێت، ئازاد هەورامی هێزێك بووە بۆ نە ترازانی زیاتر، هەوێنێكیش بووە بۆ ئاشتی و یەكدەستی.
گەڕانەوە بۆ لاپەڕەكانی مێژوو و بە وردبوونەوە لە رووداوەكانی ئەو رۆژگارە، شەهید ئازاد وەك فیداكارێكی رێگەی ئاشتی دێتە بەر دیدەی روانیمان و بۆمان دەردەكەوێت چەند لە خەمی تەبایی نێوان هەڤاڵاندا بووە.
كاك ئازاد پیاوێكی هێندە جوان بووە، لەپێناوی بیروباوەڕی ئاشتیانەی خۆیدا و لەپێناوی شۆڕشەكەدا، (باج)ی بە زۆر شتی خۆیداوە.
سەرئەنجام، ئەگەرچی گرفتەكان زۆر قووڵ و گەورەبوون و لە دەست كاك ئازاد و ئەوانەشی وەك ئەو بیریان دەكردەوە، دەرچوون، بەڵام لانیكەم توانییان كاریگەریی و رۆڵیان هەبێت لە قووڵترنەبوونەوەی ناكۆكییەكان و لە بەرگرتن لە روودانی كارەسات و رشتنی خوێنی تێكۆشەران و هاوسەنگەران، بەدەستی یەكتری.
جوانیی ئەو پیاوە زیاتر لەوەدا دەردەكەوێت هەر لایەك ئەوی بە موڵك و هاوڕای بیروباوەڕەكەی خۆی دەزانی، هەر لایەكیان پێیان وابووە ئازاد هەورامی لە ریزی خۆیاندایە. تەنانەت دوای شەهیدبوونیش و دوای دەیان ساڵ و بە ئێستاشەوە، هێشتا ئەو مشتومڕە، هەر بەردەوامە.
بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە شەهید ئازاد بە رەهایی لەگەڵ هیچ لایەكیاندا نەبووە و لەگەڵ هەموویان بووە، لەگەڵ ئاشتەوایی نێوان هەڤاڵان و تەبایی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەك ئاراستەیی شۆڕشەكەدا بووە، لەگەڵ سەنگەرجیایی نەبوو، لەگەڵ پەراوێزخستن و وەلانانی هیچ كەسێكیشدا نەبوو.
بە پێناسە ئازاد عەبدولمەجید و بە سیفەت و ئاكار كوردستانی بوو، لە مەیدانی كردەییدا (ئازاد)ی هەموان بوو بە هەورامان و گەرمیان و كوێستانیشەوە، ئەو ئازاد كوردستانی بوو.
ژیاننامەی شەهید ئازاد هەورامی
شەهید ئازاد عەبدولمەجید غەفار ناسراو بە ئازاد هەورامی، لە دایكبووی رۆژی 31/12/1954ی شاری كەركوك، لە تەمەنی لاوێتیدا تێكەڵی خەباتی رزگاریخوازی كوردستان بووە، ساڵی 1972 ئەندامی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان بووە و هەمانساڵ پەیوەندی بە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە كردووە، ساڵی 1974 بەشداریی شۆڕشی ئەیلولی كردووە.
ساڵی 1975 رووداوی دەستگیركردنی هاوڕێیان كە كۆمەڵەی روبەڕووی قەیرانی نەبوونی سەركردایەتی كردەوە، شەهید ئازاد و هاوڕێكانی لەگەڵ شەهید ئارامدا جڵەوی سەركردایەتی كۆمەڵەیان گرتە ئەستۆ و توانییان رێكخراوەكە بپارێزن.
ساڵی 1976 روویكردە شاخ، لە ژیانی پێشمەرگایەتیشیدا نموونەی پیاوی ئازا و بەبیر و باوەڕ و خۆڕاگر بووە.
ساڵی 1978 لە كارەساتی هەكاریدا بەدیل گیراوە، لە دەرفەتێكدا خۆی رزگاركردووە و گەیشتۆتەوە لای هەڤاڵانی.
بەشداری هەموو كۆنفرانسەكانی كۆمەڵەی كردووە و لە هەمووشیاندا بە ئەندامی سەركردایەتیی كۆمەڵە و ی.ن.ك هەڵبژێردراوە، ساڵانی 1981-1982- 1984 لێپرسراوی لقی سێی سلێمانی- كەركوك و ئەندامی دەزگای رێكخستن بووە، لە 1985-1986 لێپرسراوی دەزگای رۆشنبیری كۆمەڵە بووە، ساڵانی 1986-1988 لێپرسراوی مەڵبەندی بادینان بوو.
لە ئەنفالەكاندا سەرپەرشتی شەڕی باڵەییانی قەندیلی كردووە، ئێوارەی رۆژی 30/8/1988 بە سەختی برینداركرا و لە 31/8/1988 شەهید بوو.