ئەوەی قورئانی سووتاند دادگایی دەكرێت
وڵاتی سوید ئاشكرایكرد كە «سەلوان مۆمیكا» ئەو پەنابەرە عیراقییەی كە ساڵی رابردوو لە جەژنی قورباندا بە بەرچاوی زوومی كامێرا و رای گشتییەوە، كتێبـی قورئانی پیرۆزی سووتاند، دادگایی دەكات، داواكاری گشتیی سوید تۆمەتی نانەوەی ئاژاوە و سوكایەتی بە ئایین و رقەبەرایەتی ناو كۆمەڵگەی خستۆتەپاڵ ئەو گەنجە و دووهاوڕێی تری كە هەمان رەفتاریان دووبارەكردۆتەوە، لەكاتی خۆیدا ئەو رووداوە پشێوییەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
ئاژانسی هەواڵی Reuters
بۆچی ناتانیاهۆ حەزناكات كامالا هاریس سەركەوێت؟
هەرچەندە كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتەكان بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە زۆربەی وتە و دیبەیتەكانیدا پێداگری لەسەر پاراستنی ئیسرائیل و بەردەوامی پشتیوانییەكانی دەكاتەوە، بەڵام بەپێی گۆڤاری نیوزویكی ئەمریكی بێت، ناتانیاهۆ، ئارەزووی چارەی هاریسی نییە و نایەوێت، چونكە دوو تایبەتمەندیی گرنگ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ كۆیان دەكاتەوە، یەكەمیان ئەوەیە هەردووكیان كەسایەتی نەرجسین و هەمیشە حەزیان بەخۆدەرخستن هەیە، دووەمیش هەردووكیان لە هەڵبژاردنی ئایندەی وڵاتەكانیان هەمان چارەنووسیان هەیە و بەختی دەرچوونەوەیان زۆر كەمە، بۆیە كار بۆ یەكتر دەكەن و ناتانیاهۆ مەبەستێتی كە ترەمپ دەربچێتەوە تا خۆری ئەویش ئاوانەبێت.
گۆڤاری Newsweek
ئەڵمانیاو بەریتانیا لاپەڕەیەكی تازە هەڵدەدەنەوە
رۆژنامەی ئێندپێندتی بەریتانی لە وتارێكی شیكاریدا باس لەدوا دیداری سەرۆك وەزیرانی نوێی بەریتانیا لەگەڵ راوێژكاری ئەڵمانیا دەكات و دەنووسێت: بەریتانیا دەیەوێت پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و سیاسییەكانی لەگەڵ ئەڵمانیا گەشەپێبداتەوە، هەرچەندە ئەو پەیوەندییە جارێ ناتوانێت ئاسەواری خراپی و زیانەكانی برێكست بۆ بەریتانیا بسڕێتەوە، بەڵام دەبێتە دەروازەیەكی باش بۆ ئێستاو ئاییندە، هەروەها فراكفۆرتە ئەلگێماینەش باسی پرۆژەكەی ستارمەر دەكات بۆ سەرلەنوێ ئەندامبوونەوەی بەریتانیا لەناو یەكێتییەكە، بەڵام بەسەختی دەزانێ و دەڵێت: ئەو پرۆسەیە لەمپەری زۆرە، بەڵام دۆستایەتی بەرلین و لەندەن دەرفەتێكی باش دەڕەخسێنێت و بۆ هەموو ئەوروپا ئاسۆیەكی روونە.
The Independent، Frankfurter Allgemeine Zeitung
نێوانی چین و تایوان بەرەو گرژی زیاتر دەچێت
بەپێی هەواڵێكی تایوان نیوز، هێزی سوپای دەریاوانی چین لە دەریای گەرووی سنووری تایوان جموجۆڵی دەستپێكردووە و رادارەكانیان 17 فڕۆكە و7 كەشتی گەورەی سەربازی بەدیكردووە، دەستدرێژی فڕۆكە چینییەكان لە ناوچەكانی ناسینەوەی بەرگریی ئاسمانی باكوورو باشوورو ناوەڕاستی تایوان (ADIZ) دەستنیشانكراون، كە مەودایەكی بەرفراوانی مانۆڕە سەربازییەكانی چین نیشان دەدات، ئەوەش مەترسییەكی گەورەیە و نیازخراپی نیشان دەدات.
Taiwan News
خاوەنی تێلیگرام سزادەدرێت؟
دوای چوار رۆژ لە دەستگیركردنی پاڤێل دۆرۆف خاوەنی كۆمپانیای تێلیگرام لە فەرەنسا، بە كەفالەتی پێنج ملیۆن دۆلار ئازادكراو دەبێت لە فەرەنسا بمینێتەوە تا لەسەر تۆمەتی هاندانی توندوتیژی و بێڕێزی بەرامبەر بە منداڵان دادگایی دەكرێت، لەسەر ئەمە رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی ئاماژەی بەوەكردووە كە روسیا بە گیرانی ئەو كەسە تەنگەتاوبووە، چونكە هەر لەسەرەتاوە سوپای روسیا پشت بەو سەكۆیە دەبەستێت بۆ پەیوەندییەكانی و كۆكردنەوەی زانیاری نهێنی، پاڤێڵ گەنجێكی بەڕەچەڵەك روسی و هەڵگری ناسنامەی فەرەنسییە، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری تەلەگرامەو تۆڕەكەی نزیكەی ملیارێك بەكارهێنەری هەیە.
wall Street Journal
یوئێن داوای باری نائاسایی دەكات
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، داوای راگەیاندنی باری نائاسایی و گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات لەبارەی گۆڕانی كەشوهەواوە، وەك ئاژانسی هەواڵی ئینتەرپرێس IPS بڵاویكردۆتەوە، زانایان داوای سنوورداركردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان بۆ 1.5 پلەی سەدی دەكەن، بۆ ئەوەی رێگری لە گەرمبوونی بەرگەهەوا و بەرزبوونەوەی زیانبەخشی ئاستی دەریاكان بكات، بەڵام بەهۆی كەمتەرخەمی لە كەمكردنەوەی گازی ژەهراوی ئەگەری ئەوە هەیە كە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بارەكە خراپتربێت.
Inter Press Service
ئامادەکردنی: بورهان ئەمین