چۆن ڤێتنام شکستی بە هەژاری هێنا؟

10:52 - 2024-09-01
ئابووری
247 جار خوێندراوەتەوە
جوتیارانی ڤێتنام لە کاتی کارکردن لە مەرەزەیەکدا

ئا: ئەرسەلان حەسەن 

(نەوەی پۆڵ) لە ڤێتنام، بە لەدایکبوانی ڤێتنامی باکوور لە سەرەتای پەنجاکان و پێش ساڵی 1975 دەڵێن، سێ قۆناغی مێژوویی ڤێتنام: یەکەم جەنگ، ئەزموونەکانی جەنگی ئەمریکا و تێکهەڵچوونەکانی کامبۆج و چین، کە تا هەشتەکانی خایاند. دووەم برسێتی، گرنگیدان بەیارمەتییەکان لە ساڵی 1975 تا 1986، ئەم قۆناغەش تا کۆتایی هەشتاکانی خایاند. سێیەم وەخۆکەوتن لە دەستپێکردنی رەسمی حکومەتەوە بەرەو ئابووری بازاڕ، کە تا ئێستاش بەردەوامە. 

لە ساڵی 1969 هۆشی مینە بەڵێنی دابوو دوای شکستی ئەمریکییەکان، دەرفەت بەسۆسیالیستەکان دەدرێت 10 هێندە وڵاتەکەیان جوانتر و ئاوەدانتر بکەنەوە، بەڵام ئابووری لە قۆناغی دوای جەنگ بە هۆی سیاسەتی بەکۆمەڵکردنی چالاکی کشتوکاڵی دابەزی و بەدەرئەنجامێکی خراپ گەیشت.
ئەوە بوو لە پلانی پێنج ساڵەیدا (1980 بۆ 1986)، ئامانجی گەشەکردنی ساڵانەی %8 بۆ %10ی بۆ کشتوکاڵ دیاریکردبوو، بەڵام بەرهەمی کشتوکاڵی ساڵانەیان لە %2 زیادیکرد، چونکە کۆمۆنیستەکان %25ی کڵێگەکانیان لە ڤێتنامی باشوور بەکۆمەڵ کردبوو. 

سیاسەتی پەلاماردەرانە
رەینەر زیتلمان، لە کتێبی (چۆن گەلان لە هەژاری رزگاریان دەبێت)دا دەڵێت: تا ساڵی 1980 ڤێتنام هەناردەکەری برنج بوو، بەڵام دوای ئەوە ساڵانە 14 ملیۆن تۆن برنجی بەرهەمدەهێنا، لە کاتێکدا خۆی پێویستی بە 16 ملیۆن تۆن بوو. بەرنامەدانەران سیاسەتی پەلاماردەرانەیان بۆ خۆماڵیکردن و بەنیشتمانیکردنی پیشەسازی و کۆمپانیاکان دانا، گەرچی سەرەتا بۆ خۆماڵیکردنی کۆمپانیا دەرەکییەکان بوو، بەڵام دواجار هەموو کۆمپانیاکانی ڤێتنامی گرتەوە. کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و کرێ، رۆڵی وێرانکەری لە دابەزینی ئابووری ڤێتنامدا بینی. 
نگوین کو تاچ، وەزیری دەرەوەی ڤێتنام کۆتایی هەشتەکان، بە رۆژنامەنووسانی وت: «ئەمریکییەکان نەیانتوانی شاری هانۆی وێران بکەن، بەڵام ئێمە بەدیاریکردنی نزمترین کرێ ئەم شارەمان بەدەستی خۆمان وێرانکرد.» 
ئەم سیاسەتە زیانێکی زۆری لە ئابووری ڤێتنامدا، تا ساڵی 1980، ڤێتنام هەژارترین وڵاتی دنیابوو، هەژارتر لە سۆمال، ئەسیوپیا و ماداگاسکار. زۆربەی خەڵکی ڤێتنام بە درێژایی هەشتەکان و نەوەدەکان، برسیبوون. %80ی دانیشتوانی ڤێتنام تا ساڵی 1993 لە هەژاریدا دەژیان، بەڵام بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانەوە، ڤێتنام لە هەژاریدا نەمایەوە، ئەمڕۆ بە گوێرەی راپۆرتە جیهانییەکان، رێژەی هەژاری لە ڤێتنام نزیکەی %4 دەبێت

ئەزموونێکی جیاواز
پێش لێکۆڵینەوە لە چۆنێتی شکستهێنانی ڤێتنام بە هەژاری، گرنگە بزانین چۆن وڵاتان لە هەژاری رزگاریان نابێت. چیرۆکی ڤێتنام ریزپەڕە، گەرچی هەندێک وڵات هەنگاوی گەورەیان بۆ کەمکردنەوەی هەژاری ناوە، بەڵام کەمیان سەرکەوتوو بوون. لە ساڵی 2024دا هەژارترین وڵاتانی جیهان بریتین لە: بۆرۆندی، کۆماری ئەفریقای ناوەندی، کۆماری دێموکراتی کۆنگۆ، ماداگاسکار، سۆمال و ..هتد.
ئەزموونی ڤێتنام لە زۆر لاوە پێچەوانەی ئەزموونی ئەفریقا بوو. یارمەتیدانی ڤێتنام لە هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکاندا بەرەوکۆتایی بوو. کێشە ناوخۆییەکانی سۆڤێت وڵاتەکەی گیرۆدەی هەرەس و پاشەکشەی ئابووری کرد و رەوتی یارمەتییە چەند ملیار دۆلارییەکەی ڤێتنامی راگرت. 
ڤێتنامییەکان کە بەدەست ئازاری سیستمێکی وەک (کۆمۆنیزمی جەنگی)یەوە دەیانناڵاند، خۆڕسکانە بۆ مانەوەیان، ئابووریی بازاڕیان هێنایەکایەوە. دەسەڵاتدارانی حکومەت بەزۆری چاویان لەسەر کۆنتڕۆڵی نرخ و سەرپێچی و گرێبەستە رێگەپێنەدراوەکان لە نێوان خێزان و هەرەوەزییەکان نوقاند، کە بە گەمارۆشکێنی (فارایۆ) ناسراوە، نموونەیەکە لەئابووری بازاڕ. 

 

ڤێتنام لە هەشتاکاندا هەژارترین وڵاتی جیهان بوو، بەڵام سیستمی سۆشیالیستی وەلانا و بە قبووڵکردنی بۆچوونی زیاتر تەبا لەگەڵ بازاڕی ئازاد، خۆی گۆڕی و دەیان ملیۆن کەس لە هەژاری رزگارییان بوو

 

دانپێدانان و هەڵبژاردنی رێگا سەختەکە
ئەمە بووە سەرەتا و دواتریش پێشوازییان لە ئابووری بازاڕ کرد و دانیان نا بە هەڵەکانیاندا، چاکسازیی لە بازاڕی ئازاد پەسندکرا و رابەرانی حزب دەستپێشخەری کارێکیان کرد، کە زیتلمان پێیدەوت پرۆسەی (رەخنە لە خۆگرتن). 
نگوین ڤان لین، سکرتێری گشتی دواتری حزب دانی بەوەدانا کە هەڵە ئابوورییەکانیان بۆتە هۆی هەڵاوسانێکی زۆر، سوودوەرنەگرتن لە هێزی کار، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان، بێکاریی زۆر و گەندەڵی فراوان. زیتلمان لەچاوپێکوتنێکدا وتی: «هەوڵیان نەداوە شکستی خۆیان بخەنە ئەستۆی هۆکارە دەرەکییەکان، کە ئاسانترین کار بوو، بەڵام رێگای سەختتریان هەڵبژارد.»
سازدانی ئەم کۆبوونەوەیە لە ساڵی 1986 خاڵی گرنگی وەرچەرخان بوو، رابەرانی سیاسی بەفشار درێژەیان بە جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی بازاڕدا. لە ساڵی 1987، یاسایەکی وەبەرهێنانی نوێ پەسندکرا کە ئابووری ڤێتنام بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ جیهان کراوەیە. لەم یاسایەدا بەڵێندراوە، کە حکومەت بە ناوی بەنیشتمانیکردنەوە شمەک، یان سەرمایەی دەرەکی زەوت نەکات. 

گەڕاندنەوەی بازرگانی و پیشە زەوتکراوەکان
ساڵی 1988، چەند هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوە یان نەهێشتنی بەربەستی حکومەت لەبەردەم چالاکی ئابووری پەسندکرا. لەوانە: لابردنی کۆنتڕۆڵی نرخەکان و پێدانی یارمەتی. هەڵوەشاندنەوەی خاڵە گومرگییەکانی ناوخۆ. رێگەدان بە کۆمپانیا تایبەتییەکان بە دامەزراندنی لانی زۆر 10 کرێکار و دواتر زیادیش کرا، کەمکردنەوە و لابردنی رێساکانی تایبەت بە کۆمپانیا تایبەتییەکان. رێکخستنەوەی سیستمی بانکی، گەڕاندنەوەی بازرگانی و پیشە زەوتکراوەکان بۆ خاوەنە تایبەتەکانییان کە بە ناوی بەنیشتمانیکردنەوە زەوتکرابوون.
ئەگەرچی ڤێتنام لە کانوونی یەکەمی ساڵی 1991وە هاوکاری و هاوبەشیی بازرگانی سۆڤێتی لەدەستدا، بەڵام بە بازرگانیکردنی لەگەڵ وڵاتانی سەرمایەداری وەک: ئوسترالیا، تایوان، کۆریای باشوور و ژاپۆن، کاریگەریی باشی هەبوو، ساڵی 2001 رێکەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا ئیمزاکرد و 2007یش ڤێتنام چووە ناو رێکخراوی بازرگانی جیهانییەوە. 

فۆرمۆڵێکی هاوبەش
هەڵبەتە ڤێتنام تاکە وڵات نەبوو لە هەژاری رزگاری بوو، چیرۆکی چین، هیندستان و پۆڵەندا هاوشێوەیە. ئەم وڵاتانە بە قبووڵکردنی فۆرمۆڵێکی هاوبەش لە هەژاری رزگاریان بووە کە رووی هاوبەشی هەموو چیرۆکەکانە، ئەویش ئازادکردنی ئابووری و هەنگاونان بۆ بازرگانی دەرەکی ئازادتر، سەرکەوتنی ڤێتنام بەهۆی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان، یان بەرنامەدانانی ناوەندی نەبوو، بەڵکو قبووڵکردنی واقیع بوو.
ئێستا بە پێی راپۆرتی گۆڤاری گڵۆباڵ فاینانس، داهاتی ساڵانەی تاکی ڤێتنام 15 هەزار و 470 دۆلارە، تا رادەیەک مام ناوەندە، کەمێک باڵاتر لە ئۆکراین و لە پاراگوای خوارتر، بەڵام گرنگە بزانین ڤێتنام لە هەشتاکاندا هەژارترین وڵاتی جیهان بوو، بەڵام سیستمی سۆشیالیستی وەلانا و بە قبووڵکردنی بۆچوونی زیاتر تەبا لەگەڵ بازاڕی ئازاد، خۆی گۆڕی و دەیان ملیۆن کەس لە هەژاری رزگارییان بوو. 
*سەرنووسەری ماڵپەڕی دامەزراوەی پەروەردەی ئابووری و نووسەری باڵا لە پەیمانگای ئەمریکی بۆ توێژینەوەی ئابووری.

سەرچاوە: روزنامه دنیای اقتصاد

بابەتە پەیوەندیدارەکان