وادە دوو هەفتەییەکەی پاککردنەوەی کەرکوک کۆتایی هات

بەڕێوەبەری شارەوانی بۆ کوردستانی نوێ: 23 هەزار تۆن خاشاک کۆکراوەتەوە و 700 حاویە دانراون

11:29 - 2024-09-02
ڕاپۆرت
241 جار خوێندراوەتەوە
رۆژانە هەزارو 500 تۆن خۆڵ و خاشاك کۆدەکەنەوە

 راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

ماوە دوو هەفتەییەکەی پارێزگاری کەرکوک بۆ پاککردنەوەی شار لە خۆڵ و خاشاک کۆتایی هات و سەرۆکی شارەوانی دەڵێت: لەو ماوەیەدا نزیكەی 23 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك لە تەواوی کەرکوک كۆكراوەتەوە.
کۆبوونەوە و کەڵەکەبوونی خۆڵ و خاشاک لە تەواوی شوێنەگشتییەکانی شاری کەرکوک هاووڵاتیانی بێزار کردبوو، ئەوە وایکرد رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک دوای دەستبەکاربوونی یەکێک لە بڕیارەکانی پاککردنەوەی شاربێت لەلایەن کۆمپانیاکانی پاکەرەوە و مۆڵەتی دوو هەفتەی پێدان، ئەگەرنا مۆڵەتی کارکردنیان هەڵدەوەشێنێتەوە.

بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکوک:
دوای كۆتایهاتنی هەڵمەتەكە، هەڵسەنگاندن بۆ کاری کۆمپانیاکانی پاککەرەوە دەکرێت و ئەگەر کەمتەرخەمبن گرێبەستەکانیان نوێ ناکرێتەوە

 

 

پابەندنەبوونی هاووڵاتیان
هەر زوو تەواوی کۆمپانیاکان و کرێکاران کەوتنەخۆ بۆ پاکردنەوەی شار، ئەندازیار ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: جگە لە کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک 700 حاویەی خۆڵ لە شوێنە گشتییەکاندا دانراون و هەزارو 300 حاویەی دیكەش ماوەن كە رۆژانە دابەش دەكرێن.
وتیشی: کارمەندانی ژینگەپارێز بەباشی کاردەکەن، بەڵام هاووڵاتی بەهیچ شێوەیەك پابەندی پاكوخاوێنی شار نابێت و هاوكاری كارمەندانی ژینگەپارێز نین، لە بری ئەوەی زبڵەكە فڕێ بداتە نێو حاویەكە، لە تەنیشتی فڕێی دەدات.
بەپێی  ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی رۆژانە راگەیاندنی ئیدارەی كەركوك و شارەوانی، لە سۆشیال میدیا بڵاویدەكەنەوە، بە شە و رۆژ تیمەكانیان سەرقاڵی و هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاك و پاككردنەوەی شارەکەن.
وشیار عەبدوڵڵا دانیشتووی گەڕەكی پەنجاعەلی شاری كەركوك دەڵێت: ئەوەی دەبینرێت هەڵمەتی پاککردنەوە بەباشی بەڕێوە دەچێت، بەڵام کۆبوونەوەی ئەو هەموو خۆڵ و خاشاکە لە رابردوودا بەهۆی گەندەڵی کۆمپانیاکان و پابەندنەبوونی هاووڵاتی بە ئاسانی کۆتایی نایەت.

سزای خۆڵ فڕێدانی هەڕەمەکی
لە رابردوودا كۆمەڵێك كرێكار بە پارە زبڵی ماڵانیان كۆدەكردەوە لە بری ئەوەی لە شوێنێكی دیاریكراو فڕێی بدەن، لەسەر شەقامە گشتییەكان فڕێیانداوە ئەمەش ئەوەندەی تر ئەركی شارەوانی و كۆمپانیاكانی قورستر كردووە وایکرد شار زیاتر پیس بێت.
محەمەد عەلی دانیشتووی گەڕەکی تەپەی مەلا عەبدوڵڵا لە كەركوك وتی: تائێستا نەتوانراوە هەڵمەتێكی هۆشیاری باش رابگەیەنرێت کە کاریگەریی لەسەر هاووڵاتیان هەبێت، ژینگەکەیان بپارێزن خۆڵ و خاشاک بکەنە شوێنی تایبەت و لە شوێنە گشتییەکاندا فڕێی نەدەن، یاخود دوکانداران خۆڵ و پاشماوەکانیان بکەنە شوێنی تایبەت و لەبەردەم دوکانەکانیان فڕێی نەدەن.
بەپێی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە ژمارە 27ـی ساڵی 2009ـی عیراق، پیسكردنی ژینگە بە هۆكاری جیاواز لەنێویاندا فڕێدانی هەڕەمەكی خۆڵ و خاشاك، سزاكەی غەرامەی دارایی تا زیندانی دەڕوات.

هەڵسەنگاندن بۆ کۆمپانیاکانی پاککەرەوە
هەڵمەتەكە بەبڕیاری رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، لە ناوەڕاستی ئابەوە دەستی پێكردوو رۆژی 30ـی ئاب كۆتایهات و بڕیاربوو هەرکەس کەمتەرخەم بێت سزا بدرێت.
بەڕێوەبەری شارەوانی کەرکوک دەڵێت: لە دوای كۆتایهاتنی هەڵمەتەكە، تیمەكانی شارەوانی هەڵسەنگاندن بۆ كاری ئەو كۆمپانیایانە دەكەن كە ئەركی پاككردنەوەی شاریان لەسەر بوو، دواتر راپۆرتی خۆیان لەوبارەیەوە بۆ بەڕێوەبەری شارەوانی دەخەنەڕوو، بەڕێوەبەری شارەوانیش بڕیار لەسەر گرێبەستەكانیان دەدات و بۆ پارێزگاری كەركوك دەنێرێت كە ئایا گرێبەستەكانیان نوێ بكرێتەوە یان نا.

شێوازی خۆڵ و خاشاک کۆکردنەوە
پاككردنەوەی شاری كەركوك كراوە بە شەش كەرت، سێ كەرتیان سەر بە شارەوانییە و ئەرکی پاکردنەوەی لە ئەستۆیانە، سێ كەرتەکەی دیكە لە چوارچێوەی گرێبەستدا رادەستی دوو كۆمپانیای ژینگەپارێز كراون بۆ پاککردنەوە.
لە کەرکوک دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆتەوە تیمەکانی شارەوانی تەنها شوێنە گشتی و دیارەکانی شار پاکدەکەنەوە و گەڕەک و کۆڵانەکانیان پشتگوێ خستووە، ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك وتی: ئەو دەنگۆیانە دروون لە راستییەوە ئەو کەسانەی ئەو دەنگۆیانە بڵاودەکەنەوە ئامانجیان تێكدانی رەوشی شارەكەیە، لەبەرئەوەی رۆژانە تیمەكان بەنێو گشت كۆڵانەكانی شاردا دەسوڕێنەوە و كۆڵان نەماوە خۆڵ و خاشاكی كۆنەكەنەوە، بەڵام خەڵك خۆی هاوكار نییە، چونكە بە دەیان ماڵ هەبووە خۆڵ و خاشاكەكەی لە بەردەم دەرگاكەی فڕێداوە بەبێ ئەوەی بیكاتە نێو نایلۆنەوە، ئەگەربێت و شارەوانی یەك رۆژ خۆڵ و خاشاك كۆنەكاتەوە شار خۆڵ دایدەپۆشێت.
پێشتر شارەوانی رۆژانە هەزار و 200 تۆن خۆڵ و خاشاكی لە كەركوك كۆدەكردەوە، بەڵام دوای راگەیاندنی هەڵمەتەكە لەلایەن پارێزگاری كەركوكەوە تیمەكانی شارەوانی رۆژانە هەزارو 500 تۆن خۆڵ و خاشاك لە شەقام و گەڕەك و شوێنە گشتییەكاندا کۆدەکەنەوە.

 

هەڵمەتی پاککردنەوەی شاری کەرکوک لە خۆڵ و خاشاک

بابەتە پەیوەندیدارەکان