لە میدیاکانی ئەڵمانیاوە

12:29 - 2024-09-02
جیهان
209 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین ئامادەی دەکات

کەسایەتییەکی ئێرانی لە ئەڵمانیا دەردەکرێت
لەدوای داخستنی مزگەوت و سەنتەری ئیسلامی  IZHی سەر بە ئێران لە شاری هامبۆرگ و لقەکانی لە شارەکانی تر، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بڕیاریدا بە دەرکردنی محەمەد هادی مفتاح مەلای مزگەوتەکە و مۆڵەتی یەک مانگی پێدا بۆ بەجێهێشتنی وڵاتەکەی.
 بەگوێرەی رۆژنامەی بیلد «پێدەچێت ئەو بڕیارە کاردانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێبکەوێتەوە».
رۆژنامەی Bild

ژوورێکی ئۆپەراسیۆن بۆ گۆڕینی سیاسەتی کۆچ
ئۆلاف شۆڵز راوێژکاری ئەڵمانیا بڕیاریدا لەگەڵ پارتە بەرهەڵستکارەکان بەتایبەتیش سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کریستیان، هەماهەنگی بکات بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نوێ بۆ کۆچ و پەنابەران.
بەپێی رۆژنامەی تاگس شپیگل بێت، ژوورێکی ئۆپەراسیۆن کەتێیدا نوێنەرانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بەشدار دەبن و گفتوگۆدەکەن لەسەر ئەوەی کە چۆن دیاردەی کۆچی نایاسایی سنووردار بکەن بەجۆرێک لەگەڵ یاساو بنەماکانی یەکێتیی ئەوروپادا بگونجێت.
 لەدوای رووداوی چەقۆ وەشاندنی ئەندامێکی داعش لە ژمارەیەک خەڵک کە بووە هۆی کوژرانی سێ کەس و برینداربوونی هەشت کەس، حکومەتی ئەڵمانیا رێوشوێنی توندی گرتۆتەبەر لە دژی پەنابەران، لە رۆژانی رابردوودا 28 کۆچبەری تاوانباری ئەفغانی دیپۆرت کردەوە، بەگوێرەی زانیاریی میدیاکان بێت، لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەر رەوانەی وڵاتی خۆیان کراونەتەوە کە 17 ٪ی لە ساڵی رابردوو زیاترە.
رۆژنامەی Tagesspiegel 

سیاسەتمەدارێک داوای ئاشتبوونەوە لەگەڵ روسیا دەکات
سارا ڤاگنکنێخت ژنە سیاسەتمەداری چەپی ئەڵمانیا کە سەرکردایەتیی پارتێک دەکات کە بە ناوی خۆیەوە ناوی ناوە، داوادەکات دانوستان لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن-ی سەرۆکی روسیادا بکرێت و هەوڵی ئاشتی بدەن.
 بەپێی تۆڕی هەواڵی ئێم دی ئار، ئەو ژنە داوا لە حکومەت دەکات بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەی دابخات و نەهێڵێت مووشەکی دوورهاوێژی لێ جێگیربکرێت. ئەوە یەکەمین سیاسی ئەڵمانە داوایەکی لەوجۆرە بکات.
MDR

هاککەرەکان زیانی ملیارەها یۆرۆ بە ئەڵمانیا دەگەیەنن
ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی ئاماژە بە توێژینەوەیەکی تازەی کۆمەڵەی هەژمارە ئەلیکترۆنییەکان «بیتکۆم» ئاشکرایکرد کە ساڵی رابردوو کۆمپانیا و فابریکە ئەڵمانییەکان لە ئەنجامی هێرشی ئەلیکترۆنی و بردنی داتاو زانیاری لەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە لەڕێی هاککەرەکانیانەوە، زیانی267 ملیار یۆرۆی پێگەیشتووە، بەپێی زانیارییەکان 47 ٪ی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان دڵنیابوون لەوەی سەرچاوەی ئەو هاککەرانە لە ساڵانی رابردوودا لە روسیاوە بوون و ئێستاش لە وڵاتی چینن.
Deutsche Presse-Agentur

رێوڕەسمی هێنانەوەی قوربانی ژمارە ملیۆن سازکرا
بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە سیاسەتمەدار و کەسوکاری قوربانیانی ئەڵمان لە جەنگی جیهانیی دووەم، لە گۆڕستانێکی وڵاتی لیتوانیاوە ئێسک و پروسکی قوربانی ژمارە ملیۆن لە گۆڕەکەی دەرهێنراو رەوانەی زێدی خۆی کرایەوە و لە رێوڕەسمێکی شایستەدا لە ئەڵمانیا بەخاکسپێردرایەوە.
 قوربانی ژمارە ملیۆن ئەفسەرێکی تەمەن 32 ساڵ بوو، 71 ساڵ لەمەوبەر لە جەنگی دژ بە یەکێتیی سۆڤیەتیی ئەوسا، کوژرابوو.
Berliner Morgenpost

بابەتە پەیوەندیدارەکان