پەتایەکی میكرۆبییە و زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە

كۆلێرا تووشی هەموو تەمەنێک دەبێت

09:34 - 2024-09-03
ڕاپۆرت
162 جار خوێندراوەتەوە
کۆلێرا بۆ هەندێک كەس دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان لە ماوەی چەند سەعاتێكدا

پ.ی.محەمەد عەبدولکەریم*

 لەماوەی پێشوودا نیشانەكانی نەخۆشییەك دەركەوت لە ژمارەیەك هاووڵاتیدا لە بەشێك لە شارەكانی هەرێمی كوردستاندا و ناوەندە تەندروستییەكان رایانگەیاند: نەخۆشی كۆلێرایە. 
كۆلێرا یەكێكە لە نەخۆشییە پەتاییە میكرۆبییەكان، ئێستا بۆتە نەخۆشییەكی جیهانی و بەپێی داتای رێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، زیاد لە 249 هەزار حاڵەتی كۆلێرا و 2137 حاڵەتی مردن بەم نەخۆشییە تۆماركراون لە 25 وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقادا، ئاماژەش بەوە دەدات ئەم نەخۆشییە لە رێگەی خواردنەوەی ئاو و خواردنی خۆراكی پیسبوو مرۆڤ تووشی دەبێت، كە دەبێتە هۆی سكچونێكی زۆر توند و بۆ هەندێك كەس دەبێتە هۆی گیانلەدەستدان لە ماوەی چەند سەعاتێكدا، ماوەی چوونە ژوورەوەی بەكتریاكە  بۆ ناو كۆئەندامی هەرس تا دەركەوتنی یەكەم نیشانە 2 سەعات بۆ 5 رۆژە، بێگومان ئەم پیسبوونەش بە جۆرە بەكتریایەكە پێی دەوترێت (Vibrio cholera)  كە لە كەسی هەڵگر یان تووشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ كەسێكی تەندروست لە رێگەی ئاو و خواردنەوە كە بە پاشەڕۆی كەسی تووشبوو تێكەڵ و پیسبووبێت.

 

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی: لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 2137 حاڵەتی مردن و زیاتر، لە 249 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا لە 25 وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقادا تۆماركراوە

بڵاوبوونەوەی کۆلێرا
کۆلێرا زۆرخێرا بڵاودەبێتەوە ئەگەر بەزوویی چارەسەر و كۆنترۆڵ نەكرێت، هەموو تەمەنەكان تووشی دەبن، بەڵام منداڵی شیرەخۆر ئەگەر پێشتر دایكەكەی تووشبووبێت، ئەوا منداڵەکە تووش نابێت لەبەرئەوەی بەرگری نەخۆشییەکەی لەدایكەكەوە وەرگرتووە. 
ئەم میكرۆبە (ڤیبریۆ كۆلێرا) لە ئاژەڵ و باڵندە و ماسییەوە ناگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ، چونكە نیشانەكانی نەخۆشییەكە لەم زیندەوەرانەدا دەرناكەوێت و دانانرێت بە یەكێك لە نەخۆشییە مرۆژەڵییەكان، تەنها ئەوەیە ئاژەڵەکان دەبنە هەڵگری میكرۆبەكە و لەكاتی بەكارهێنانیان وەك خواردنی مرۆڤ ئەم میكرۆبە دەچێتە لاشەی مرۆڤەوە و توشی نەخۆشییەكەی دەكات، بۆیە پێویستە گۆشت بەگشتی بەباشی بكوڵێنرێت و بەشێوەیەیەكی تەندروست مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت و فۆكەس بخرێتە سەر بەكارهێنانی ئاوێكی خاوێن و تەعقیم دوور لە ئاوی قورس و ئاوەڕۆی ماڵان.
توندی و كاریگەریی کۆلێرا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژەهرەی بەكتریای کۆلێرا دەریدەدات لەناو ریخۆڵە باریكەی كەسی تووشبوودا لەبەرئەوەی وادەكات بڕێكی زۆر ئاوی جەستە بڕژێتە ناو ریخۆڵەباریكە و ببێتە هۆی سكچوونێكی زۆر( كە ئەمە جۆرێكە لە بەرگری جەستە بۆئەوەی خۆی پاك بكاتەوە لەو ژەهرە زۆرە)  و لە دەرئەنجامدا بڕێك ئاو و خوێ و كانزاكانی جەستە بڕواتە دەرەوە و وشكبوونەوەی لاشە دروست بێت.
ئەم نەخۆشییە لەو ناوچانەدا زۆرە كە ئاوی ئاوەڕۆ تێكەڵ بە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە دەبێت و پاشان خواردنە دەریاییەكان بەباشی نەكوڵێنرێن، هەروەها بەكارهێنانی ئەو سەوزە و میوانەی بە ئاوی ئاوەڕۆ ئاو درابن و لەكاتی خواردندا بەباشی نەشۆرابنەوە. ئەو کەسانەی ترشی گەدەیان كەمە یان ئەوانەی دەرمانی دژە ترشەڵۆك بەكاردەهێنن ئەم بەكتریایە زیاتر تیایاندا گەشە دەكات و ژەهر دروست دەكات.

نیشانەكانی نەخۆشییەكە
مەرج نییە هەموو ئەو كەسانەی رووبەڕووی ئەم بەكتریایە دەبنەوە نەخۆش بكەون و نیشانەیان تێدا دەركەوێت، بەڵكو دەبنە هەڵگر و میكرۆبەكە دەگوازنەوە بۆ كەسانی تر لەڕێگەی ئاوی پیسبووەوە.
 سكچون یەكێكە لە نیشانە دیارەكانی نەخۆشییەکە و دەبێتە هۆی لەدەستدانی بڕێكی زۆری ئاو و خوێی لاشە كە بە نزیكی یەک لیتر لە سەعاتێکدا بۆیە دەبێ زوو چارەسەر بكرێت، رەنگی شلەی ئەم سكچوونە شێوە شیرییە لە رەنگی ئاوی برنج دەچێت و سەرەتا نەخۆشییەكە بەوە دەناسرێتەوە پاشان هێڵنج و رشانەوە لە دوای سكچوون لە سەرەتاكانی نەخۆشییەكە دەبێتە هۆی نائارامی و لەش داهێزان. نیشانەكانی وشكبوونەوە ئەوەیە كەسی تووشبوو هەست بە ماندوبوون و هیلاكی و وشكبوونی دەم و تینوێتی زۆر و چرچ بوونی پێست و كەمیی میزكردن و دابەزینی پەستانی خوێن و تێكچوونی لێدانی دڵ و كرژبوونی ماسولكەكان دەكات و پاشان توشی شۆك دەبێت.

ماكەكانی نەخۆشییەکە
دەرئەنجامی لە دەستدانی ئەو بڕە زۆرەی ئاو و خوێ رەنگە ببێتە هۆی گیانەدەستدان، ئەمەش لەكاتێكدا ئەگەر نەخۆشییەكە زۆر توندبێت، بەڵام لەحاڵەتی ئاساییدا و دەستگەیشتن بە چارەسەر ئەوا دەتوانرێت ئەو بڕە ئاو و خوێ و كانزایانە بۆ جەستە بگەڕێنرێتەوە و نەخۆشەكە دوای چەند رۆژێك بگەڕێتەوە بارە ئاساییەكەی پێشووی.
كەمبوونەوەی رێژەی شەكر لە خوێندا یەكێكی ترە لە ماكەكانی ئەم حاڵەتە و بری گلوكۆز لەلاشەدا بەپێی پێویست نامێنێت و كەسی تووشبوو وزەی خۆڕاگرتنی كەمدەبێتەوە و رەنگە بگاتە باری بێئاگایی و پاشان مردنیش. بەدوایدا كەمبوونەوەی رێژەی پۆتاسیۆم روودەدات لە جەستەدا و كاردەكاتە سەر فەرمانەكانی دڵ و دەمارە راگەیاندنەكان و بەمەش مەترسی دەكاتە سەر ژیانی تووشبوو. 
هەروەها كەمبوونەوەی فەرمان و لەكاركەوتنی گورچیلە لەحاڵەتی توندی نەخۆشییەكە و نەبوونی چارەسەر بە یەكێك لە كاریگەرییەكانی ئەم نەخۆشییە دادەنرێت و دەبێت بە هەند وەربگیرێت.

خۆپاراستن لە کۆلێرا
* شتنی دەستەكان بە ئاو و سابوون بۆ ماوەی 15 چركە دوای چوونە سەرئاو و هەڵسوكەوت لەگەڵ نەخۆش، هەروەها پێش نان خواردن و ئامادەكردنی خواردن و شیردان بە منداڵ، لە كاتی دەستنەكەوتنی سابوون ئەوا بەو پاككەرەوانەی كە كحولی تێدایە دەستەكان بەباشی پاكبكرێنەوە.
* خواردن و بەكارهێنانی ئاوی خاوێن دوور لە سەرچاوەی ئاوەڕۆ.
*دووركەوتنەوە لەو ناوچانەی نەخۆشییەكەی تێدا بڵاوە و تۆماركراوە.
*خواردنی ئەو خواردنانەی بەباشی كوڵاون و بەكارنەهێنانی خواردنی سەرشەقام و دەستگێڕەكان. 
* تابتوانرێت لە ماوەی نەخۆشییەكەدا سەوزەكان نەخورێن و لەبری ئەوە ئەو میوانە بخورێن كە توێكڵی هەیە، ئەگەر نا سەوزە و میوەكان بەباشی بەخوێ یان بە مادەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم بشۆردرێنەوە ئینجا بخورێن. 
* ساڵانە پێكوتەی ئەم میكرۆبە بەكاربهێنرێت.
* بەکارهێنانی ماددەی كلۆر بۆ ناو ئاوی خواردنەوە بە بڕو رێژەی رێگەپێدراو.

*مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی گەرمیان

بابەتە پەیوەندیدارەکان