میركاتۆی هاوینەی یاریزانانی كوردستان و عیراق

بازاڕی هاتن و چوونی یاریزانان گەرمە

11:51 - 2024-09-03
وەرزش
154 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی تۆپی پێی عیراق وادەی دەستپێكردنی خولی ئەستێرەكانی عیراق و یەكێتیی تۆپی پێی كوردستانیش وادەی دەستپێكرنی  خولی نایابی تۆپی پێی یانەكانی كوردستانی دیارییکردووە و ئەم دوو خولەش بەزرترین و بەهێزترین دوو خولی تۆپی پێی هەرێمی كوردستان و عیراقن.
بەپێی دوو راگەیندراوی ئەو دوو یەكێتییە، خولی ئەستێرەكانی عیراق، ئەم مانگە و رۆژی 21/9 دەستپێدەكات، خولی نایابی یانەكانی كوردستانیش بڕیار وایە 7/11/2024 دەستپێبكات، یەكێتیی تۆپی پێی عیراق لە مەرج و راسپاردەكانی خۆیدا بۆ ئەو وەرزە نوێیە، بڕیاری داوە سەرجەم یانەكان بۆیان هەیە شەش یاریزانی موحتەریف بهێننە ریزەكانیان و ناویان بنوسن.
لەبەر ئەوە ئێستا و بەر لە دەستپێكردنی ئەو دوو خولە، بازاڕی هاتن و چوونی یاریزانان لەنێوان یانەكاندا لەوپەڕی گەرمیدایە و رۆژانە یانە بەشدارەكانی ئەو دوو خولە بەرەسمی بۆندی نوێ رادەگەیەنن یان بۆندی یاریزانەكانی خۆیان نوێ دەكەنەوە.
وەك باس دەكرێت خولی ئەستێرەكانی عیراق بۆ وەرزی ئایندە جیاواز دەبێت لە وەرزی رابردوو بەوەی لەم وادەی هاتن و چوونی یاریزانانەدا، سەرجەم یانە بەشدارەكان یاریزانی نوێی زۆریان هێناوەتە ریزەكانیان، هەر لە سەرەتاوە دیارە ئەمساڵ خولەكە و ئاستی تیپیەكان زۆر جیاواز دەبن لە ساڵی پار و ركابەرییان زۆر سەخت دەبن.
ئەوەتا یانەیەكی وەك مینا راهێنەرێكی ئیسپانی هێناوە بۆ ستافی راهێنان، یانەی نەورۆزی سلێمانی جۆرڤان ڤیێرا - ی كردووە بە راهێنەری تیپەكەیان كە راهێنەرێكی بە ئەزمونە و پێشووتر ئەم راهێنەرە ئیسپانییە راهێنەری هەڵبژاردەی عیراق بووە.
تیپی یانەی هەولێریش ساڵی پار ئەنجامەكانی لە ئاستی ناوی یانەكە و هاندەرانیدا نەبوو، وەرزی رابردوو لە تیپەكانی كۆتایی ریزبەندیی خولەكەدا بوو، ساڵی پار سەمیر بابۆیان هێنا وەك راهێنەر تا فریای تیپەكە بكەوێت، بەڵام نەیتوانی بیكاتەوە بە هەولێرە بەهێزەكەی جاران، ئەمساڵ سەمیر بابۆ چەندین یاریزانی نوێیان بۆ هێناوە، شەش یاریزانی موحتەریفیان لەدەرەوەی عیراقەوە بۆ هێناوە، شێركۆ كەریم ماوەتەوە، ئوسامە رەشید بۆندێكی نوێی تری یانەكەیە، 3 گۆڵپارێزی مەحتەریف لە تیپەكەدا ئامادەن.
سەبارەت بەیانەكانی بەغدا بە تایبەتی یانەكانی شورتەی پاڵەوانی وەرزی رابردوو و قووە جەوی و زەورا، ئەمانیش زیاتر خۆیان رێكخستووە و یاریزانی لێهاتوویان هێناوەتە ریزەكانیان، یانەی قووە جەوی جۆناسان بۆستۆسی ئەرجەنتینی هێناوە، عەلی شاخەوان لە هەولێرە و چۆتە یانەی قووە جەوی، جەلال حەسەن زۆر نزیكە لە چوون بۆ یانەی شورتە، ئەمجەد عەتوان چۆتە یانەی شورتە، جەبار كەریم لە یانەی نەوتی میسانەوە چۆتە یانەی زەورا، لاسانا فای لە یانەیەکی هۆڵەنداوە هاتۆتە یانەی زەورا، سەیف كەریم گۆڵپارێزی یانەی نەوتی بەسرە چۆتە یانەی زەورا، ئەنورە تەرخاتی مەغریبی چۆتە یانەی زەورا، یانەی قووە جەوی دوو یاریزانی كۆڵۆمبی (كارلۆس سالازار و كارلۆس ئەنریكی)  و جیرارلد كلۆتای یاریزانی بەرگریكاری فەرەنسی بردۆتە ریزەكانی.
ئەمانە دوا گرێبەست و یاریزانی نوێ نابن كە ئەم یانانە دەیانبەنە ریزەكانیان، بەڵكو ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، چونكە یەكێتیی تۆپی پێی عیراق وادەی هاوینە و زستانەی میركاتۆی ئەم خولەی بەمشێوەیە دیارییكردووە:
میركاتۆی هاوینە
* 2/8/2024 دەستپێدەكات و 2/10/2024 كۆتاییدێت.
میركاتۆی زستانە
* 5/1/2025 دەستپێدەكات و 5/2/2025 كۆتاییدێت.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان