ستونی کراوە

چۆن حەسەن زیرەكم ناسی؟

11:32 - 2024-09-04
کەلتور
320 جار خوێندراوەتەوە

مام جەلال

 

بەهار و هاوینی ساڵی خوێندنی 1954-1955، لەگەڵ هاوڕێی دێرینم كاك مستەفا قەرەداغی كە تازە لە ئەمریكا هاتبووەوە، پێكەوە لە ژوورێك دەژیاین لە ئۆتێل «الشمال الكبیر» ی خوالێخۆشبوو كاكە حەمە.
لەو ئۆتێلەشدا حەسەن زیرەك وەك كرێكار كاری دەكرد. منیش ئەوسا وەك لاوێكی چەپی خۆ بە ماركسیست زان عەوداڵی هۆشیاركردنەوە و رێكخستنی رەنجدەران و كرێكاران بووم. بۆیە دۆستایەتییەكم لەگەڵ پەیدا كرد. كە زانیم كوردی كوردستانی ئێرانیشە، ئیتر ترسم لێی ڕەوییەوە كە سیخوڕی عێراق بێت. بۆیە زووتر لەگەڵیا چوومە ناو باسەكانەوە و لە ڕێی كوردایەتییەوە ڕامكێشا بە لای خۆماندا. تا وای لێهات ئەو بڵاوكراوانەی نهێنی، چی هی خۆمان و چی هی حیزبەكانی تر، لای ئەوم دادەنا و ئەویش لە ژوورەكەی سەرەوەی ئۆتێلەكە، لە سەربانەكە، كە زۆرتر نوێنی تێدا هەڵدەگیرا، بۆی دەشاردمەوە.
شەوانەش ناوبەناو كە ئیشی كەم دەبوو دەهاتە لام لە ژوورەكەم، تا ڕۆژێكیان بەسەریدا چووم كە گۆرانی (كیژان دەچنە مێرگۆڵان) ی دەگوت. منیش تاوێك هەستم لێ ڕاگرت و گوێم لێ گرت و زۆرم بەلاوە خۆش بوو. ئیتر پیرۆزباییم لێ كرد و تەشویقم كرد. شەویش كە هاتە ژوورەكەمان داوام لێ كرد گۆرانییەكەم بۆ بڵێتەوە. بە ڕاستی زۆرم بە لاوە خۆش بوو. ئەویش هەندێ گۆرانی تری فۆلكلۆری كوردی بۆ گوتین كە لە ناویاندا (دەسماڵ هەریری سوورە)شم زۆر بەلاوە خۆش بوو.
ئیتر لەگەڵ كاك حەسەن زیرەكی هەڤاڵ و دەنگخۆش تا دەهات بەینمان خۆشتر دەبوو، ئەویش شەوان درەنگ كە كارەكانی لەسەر سووك دەبوون، دەهاتە لام لە ژوورەكەمان و گۆرانی خۆشی بۆ دەگوتین. پاش ماوەیەك دیتم دەنگی خۆشە بە تایبەتی شارەزاییەكی باشی هەیە لە گۆرانی فۆلكلۆری كوردیدا. بۆیە كەڵكەڵەی گەیاندنی ئەو دەنگەم بە رادیۆ كەوتەسەر. بۆیە هەڵسام چوومە لای كاك عارفی تاڵەبانی خزممان كە ئەوسا موفەتیش ئیداری بوو لە وەزارەتی ناوخۆ و زۆر دۆستی مودیری ئیزاعەی كوردی بەغدا بوو. لە لای كاك عارف باسی حەسەن زیرەك و گۆرانییەكانیم بۆ كرد. ئەویش بە لایەوە باش بوو كە بیبەینە ئیزاعەی كوردی بەغدا. هەر بۆیەش لەبەر چاوی خۆم قسەی لەگەڵ مودیری ئیزاعەی كوردی كرد و ئەویش ڕازی بوو. داوای كرد من حەسەن زیرەك بەرمە لای و ئەوانیش تاقی بكەنەوە. ئەوە بوو منیش چوومە ئۆتێل و مژدەكەم دا بە حەسەن زیرەك. ئەویش لە خۆشیانا قاچی ئەرزی نەدەگرت. بۆ ڕۆژی دووەم كە بردم لەگەڵ خۆم بۆ ئیزاعەی كوردی زۆر لە سەرەخۆ لە تاقی كردنەوەدا بەشداری كرد و سەركەوتوو بوو. لەو ڕۆژەوە وەرگیرا بە گۆرانی بێژ، بەو شەرتەی هەفتەی جارێك بچێت گۆرانی بڵێت و هەر جارە سێ یان چوار دیناری بدرێتێ. ئەوەش ئەوێ ڕۆژێ زۆر زۆر بوو. چونكە ئەو لە ئۆتێلەكە جگە لە خواردن و نوستن سێ دیناری وەردەگرت. 
بەم جۆرە حەسەن زیرەك بوو بە گۆران بێژ لە ڕادیۆی كوردی بەغدا. وەزعی ماڵیشی باش بوو. هەر لە سایەی خەباتگێڕیشدا بە كاكە حەسەنە سوورم ناساند كە ئەویش كرێكار بوو لای كاك برایمی مسەوەر. هەر دووكیانم لە شانەیەكدا كۆ دەكردنەوە. هەردووكیانیش بوون بە هەڤاڵ، پاشان حەسەن زیرەك خوشكی حەسەنە سووریشی هێنا.
هەرچەندە ئەم ڕاستیانەی سەرەوە وا بۆ یەكەمین جارە بڵاودەكرێنەوە، بەڵام خانمی حەسەن زیرەك لێی ئاگادارە، خوالێخۆشبوو خۆشی جارێكیان باسی كردووە، بەڵام چونكە لە زەمانی شادا نەیدەوێرا ناوی من بهێنێت، دەڵێ یەكێك ئەوی بردۆتە ڕادیۆ كە پێیان دەگوت مام!
سەرچاوە/ گۆڤاری خاك ژمارە 41

#کەلتور #مام جەلال

بابەتە پەیوەندیدارەکان