راپۆرتی: تەها عەبدوڵڵا
دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران یەكێكە لەو گرفتانەی ئەمڕۆ لە نێو کۆمەڵگەی كوردیدا زۆرترین قسەوباسی لەسەر دەكرێت و نیگەرانییەكی زۆری مووچەخۆران و كاسبكارانی لێكەوتۆتەوە، چونكە بە بۆچوونی هاووڵاتییان و ئابووریناسانیش ئەو گرفتە جگە لە توێژی فەرمانبەر، بۆتە هۆی گرفتی ئابووری بۆ فرۆشیاران و سستبوونی جمومۆڵی بازاڕ بە گشتی، چونکە توانای کڕینی هاووڵاتییان دادەبەزێت و بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە هاووڵاتییان ناتوانن پێداویستییەكانیان دابین بكەن، هەر ئەمەش وایكردووە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا كە قەیرانی مووچە سەری هەڵداوە، ئاستی بژێویی خەڵكی كوردستان بەرەو دابەزین بچێت و خەڵكی خۆزگە بە ساڵانی پێش 2014 بخوازن.
هێمن حەمید ماوەی 15 ساڵە مووچەخۆری حكومەتە لەبارەی گرفتی دواكەوتنی مووچەوە پێی وتین: ئەو بڕە پارەیەی وەك مووچە بە فەرمانبەران دەدرێت بۆیەك مانگە، هەرچەندە لە ماوەی ئەو مانگەدا بە زەحمەت دەتوانین بەو مووچەیە بژین و تەواوی پێداویستییەکانمان دابین بكەین، كاتێكیش دوادەكەوێت بێگومان یەكەم كەس كە كاریگەریی لەسەر هەبێت مووچەخۆر و فەرمانبەرانن.
كاتێك مووچە دوادەكەوێت وەك لە دەساڵی رابردوو لە كوردستان سەری هەڵداوە، ئەوا خواستی هاووڵاتییان تەنیا لەسەر خۆراك و پێداویستییە زۆر سەرەكییەكان چڕدەبێتەوە، بۆ ئەو کەلوپەلانەی تر كە زۆر پێویست نین پارە خەرج ناكەن
كاسەی پڕ ئاشتیی ماڵە
وتیشی: من وەكو مووچەخۆرێك كرێنشینم مانگانە 400 هەزار دینار دەدەم بە كرێی خانوو، جگە لە موەلیدە و كاربای نیشتمانی و ئاو، كاتێكیش مووچە دوادەكەوێت خاوەن خانوو ئەگەر لە چاكەی خۆی بۆ ماوەیەك لەسەرم بوەستێ، بەڵام لێم خۆش نابێت، لەبەر ئەوە بە ناچاری تووشی قەرزکردن دەبین، بۆیە لەم ماوەیەدا بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە تووشی زەحمەتی زۆر بووین.
ئاڵا كەمال فەرمانبەرە لە یەكێك لە فەرمانگەكانی هەولێر لەبارەی گرفتی مووچە و نەبوونی پارەوە بە پەندێكی پێشینان دەست پێدەكات و دەڵێ: (كاسەی پڕ ئاشتیی ماڵە) واتا خێزانەكان تا زیاتر گیرفانیان پڕبێت و خەرجیی رۆژانەیان لەبەردەستدابێت، كەمترین كێشە و شەڕ و ئاژاوە لەو ماڵەدا روودەدات، ئێمە وەك مووچەخۆری حكومەت دەوامی ئاسایی خۆمان دەكەین، لەبەرامبەردا مووچەیەك وەردەگرین، بەڵام ئەگەر ئەو مووچەیە دوابكەوێت، کاسەی ماڵمان بەتاڵ دەبێت و ئاشتیش دەشێوێت.
وتیشی: مووچەی ئێمە بەشی ئەوە ناكات مانگانە بڕێكی لێ پاشەكەوت بكەین، بۆیە كاتێك دوادەكەوێت راستەوخۆ پێمانەوە دیار دەبێت و قەیرانمان بۆ دروست دەبێت، چونكە تۆ رۆژانە خواردن و خواردنەوە و خەرجییەكانی منداڵ و پارەی دكتۆرت پێویستە، ئێ ئەگەر مووچە نەبێت چی بكەین، بۆیە بە دڵنیاییەوە نەبوونی مووچە گرفتێكی گەورەی ئێمەیە، رەنگە ئەگەر ئەو قەیرانە بەردەوام بێت، بەشێكی زۆر لە خێزانەكان تووشی گرفتی گەورە ببن تاڕادەی هەڵوەشانەوە.
دەفتەری قەرزەكان
ئەو فەرمانبەرە داواكاربوو لە حكومەت تۆزێك ئاوڕ لە ژیانی خەڵك بدەنەوە و خۆیان بخەنە شوێن مووچەخۆرێك چۆن بە مووچەیەكی مانگانە ئەو ژیانە زەحمەتە بەرێدەكەن، لە كاتێكدا ئەگەر دوابكەوێت و بە پەنجا، یان شەست رۆژ بدرێت، ژیان چۆن دەگوزەرێ؟ پێشی وابوو لە هیچ وڵاتێكی جیهاندا نییە حكومەت بەم جۆرە لە دابینكردنی مووچە بێباک بێت.
هەر پەیوەست بەو بابەتە شاكر عەلی وەك خاوەن یەكێك لە فرۆشگاكانی خۆراك لە شاری هەولێر ئەوەی بە كوردستانی نوێ راگەیاند: ئەو كاتەی ئێمە هەست بە خراپیی دۆخی مووچەخۆران دەكەین، ئەو كاتەیە كە دەفتەری قەرزەكانمان زیاد دەبێت و كڕیاران لە كاتی كڕینی خۆراك و پێداویستییەكانی ماڵەوەیاندا پارە بەحازی نادەن، ئەمەش وادەكات پارەیەكی زۆری ئێمەی كاسبكار بچێتە قەرزەوە و ئێمەش نەتوانین پارەی كۆگاكان بدەین.
باسی لەوەشكرد: ئەوەی پەیوەندی بە خۆراك و هەندێك پێویستیی رۆژانە هەیە، خەڵكی ناتوانن پشتگوێی بخەن، چونكە ژیانیان بەندە بەو پێداویستییانە، كاتێكیش مووچەیان نەبێت ناچارن بەقەرز بیكڕن، بەڵام ئەوەش ئاستێكی خۆی هەیە، رەنگە من وەك دوكاندارێك نەتوانم بەردەوام شت بە قەرز بفرۆشم، چونكە سەرمایەكەی من ئەوەندە نییە پارەیەكی زیاترم بچێتە قەرزەوە.
بازاڕ خواست و خستنەڕووە
ئەوەشی خسەڕوو: كاتێكیش پارەی دوكانمان دەچێتە قەرزەوە، ئێمەش ناتوانین هەندێك كەلوپەل بۆ ماڵەوە دابین بكەین، بۆیە نەبوونی مووچە نەک تەنیا لەسەر فەرمانبەر، بەڵكو كاریگەریی لەسەر هەمووان هەیە، هەر لەبەر نەبوونی مووچە كێشەی كۆمەڵایەتی زۆر لەنێو خێزانەكان دروست دەبێت، چونكە هەندێك لە هاووڵاتییان ناتوانن داوای بەقەرز بكەن و ناچارن بە شتێكی كەم ئیدارە بكەن.
شەماڵ نوری ئەندامی سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بازاڕ خواست و خستنەڕووە، واتا هەرچەند خەڵك خواستی لەسەر كەلوپەل هەبێت جموجۆڵی بازاڕ زیاتر دەبێت، بە پێچەوانەوە پوكانەوە لەبازاڕ روودەدا، لە هەرێمی كوردستانیش لەبەر ئەوەی ژمارەی مووچەخۆران زۆرە و لەكاتی دابەشكردنی مووچەدا پارەیەكی زۆر دەڕژێتە ناو بازاڕەكانەوە، بۆیە كاتێك مووچە دابەش دەكرێت جووڵەی بازاڕ زۆر بەهێز دەكات، بەتایبەتی لە بۆنەكانی وەك سەری ساڵ و سەرەتای وەرزەكان و كردنەوەی دەرگای خوێندگەكاندا.
هەموو چین و توێژەكان دەگرێتەوە
وتیشی: بەڵام كاتێك مووچە دوادەكەوێت وەك لە دەساڵی رابردوو لە كوردستان سەری هەڵداوە، ئەوا خواستی هاووڵاتییان تەنیا لەسەر خۆراك و پێداویستییە زۆر سەرەكییەكان چڕدەبێتەوە، بۆ ئەو کەلوپەلانەی تر كە زۆر پێویست نین پارە خەرج ناكەن، بەمەش فرۆشیاران بازاڕیان نابێت و پارەیان كەمتر دەست دەكەوێت، دواجار بێبازارییەكی فرەوان دروست دەبێت، هەموو چین و توێژەكان دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: نەبوونی مووچە و كاریگەریی لەسەر بازاڕەكان وادەكات جموجۆڵی بازرگانیش سست بێت و هاوردەكردن لەدەوەرەوە سنووردار بكرێت، لەم حاڵەتەشدا داهاتی وڵات كەم دەبێتەوە و كاریگەریی لەسەر حكومەتیش دەبێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەندیكای ئابووریناسانی كودستان پێشیوابوو: خۆشبەختانە بە هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی كوردستان لەگەڵ بەغدا و دابەشكردنی مووچە مانگی حەوتی فەرمانبەران بەگشتی، ئومێدێك دروست دەبێتەوە و وادەكات بازاڕەكان جارێكی تر جموجۆڵیان تێبكەوێتەوە، بە مەرجێك لە مانگەکانی داهاتوودا مووچە لەكاتی خۆیدا بدرێت.