هەڵپەی زێڕ لە کالیفۆرنیا 1848 - 1855

10:30 - 2024-09-05
ئابووری
269 جار خوێندراوەتەوە

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

لە پاش جەنگی مەکسیک - ئەمریکا، ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ هۆکارێکی نەبوو بزانێت کەوا ئەو پارچە زەوییە کە تازە مەکسیک دەستی لێ هەڵگرتووە، بە نرختر و بەهاتر دەبێ لەوەی بە خەیاڵی کەسدا بێت. لە 24ی کانوونی دووەمی 1848دا، پیاویک بە ناوی جەیمس مارشاڵ، ئاڵتوون لە جۆگەی ئاشە مەکینەکەیدا دەدۆزێتەوە (کە جۆگەلەیەکی دەستکرد بووە و ئاوی گواستووەتەوە بۆ کارپێکردنی پێچکەی ئاشەکەی)، لەو ئاشە مەکینەیەدا کە لەگەڵ جۆن سووتەری هاوبەشیدا لەسەر رووباری ئەمریکی لە کالیفۆرنیا دایمەزراندبوو. هەواڵەکە بە خێرایی بڵاو بووەوە و لە چەند هەفتەیەکی کەمدا هەموو کارمەندەکانی سوتەر ئاشەکەیان بەجێهێشت و کەوتنە گەڕان بە دوای زێڕدا. کاتێ کە هەواڵەکە گەیشتە سان فرانسیسکۆ، زۆربەی دانیشتووانەکەی شاریان بەجێهێشت و روویان کردە رووباری ئەمریکی. بۆ کۆتایی ساڵ، هەزاران کەس لە خەڵکی کالیفۆرنیا روویان لە باکوور کرد بۆ کێڵگەکانی زێڕ و خەون و خەیاڵی سامان و دەوڵەمەندی دابووی لە مێشکیان. لە ساڵی 1949دا، هەزاران کەس لە هەر چوار لای جیهانەوە کەوتنە خولیا و بەدواداچوونەوە، هەڵپەی گەڕان بە دوای زێڕدا لە کالیفۆرنیا دەستی پێکرد. 
ئەندێشە و فەنتازیای بەدەستهێنانی سامانی خێرا بوو بە هۆی بە لێشاو هاتنی ژمارەیەکی هێجگار زۆری خەڵک بۆ کالیفۆرنیا. نیشتەجێ سپیپێستەکان لە ئۆریگۆن و یوتاوە رژانە باشوور و رۆژاوای رووباری ئەمریکییەوە و دانیشتووانی کەناری رۆژهەڵاتیش بە کەشتی لە کلکەی خوارووی ئەمریکای باشوورەوە خۆیان گەیاندە کەنارەکانی ئۆقیانووسی ئەتڵەنتیک لای پەنەماوە و لەوێوە لە رکە و دەربەندی پەنەماوە پەڕینەوە بۆ ئۆقیانووسی پاسیفیک و بە سواری کەشتی بەرەو باکوور بوونەوە بۆ سان فرانسیسکۆ. ئەو خەڵکانەی رۆژهەڵاتیش کە خەرجی گەشتی دەریایان پێ دابین نەکرا بە پیادەڕۆیی یان بە سواری ئەسپ و بەرزەوڵاخ و عەرەبانە کیشوەرەکەیان بڕی. لەگەڵ وەستانی ئەو کەشتییانەی کە بۆ کالیفۆرنیا دەڕۆیشتن لە بەندەرەکانی ئەمریکای باشووردا  بۆ بەدەستهێنانی خۆراک و ئاوی خواردنەوە، سەدان کەس لە کۆچبەرانی پیرۆ و چیلی کەوتنە تەکیان لەو کەشتییانەدا و سەدانی تریش لە شوێنە دوورەکانی وەک هاوای و ئەوروپاوە دەهاتن. هەروەها کۆچبەرانی چینیش بە ئۆقیانووسی پاسیفیکدا دەهاتن و ئەمەش وایکرد کە ژمارەی دانیشتووانی فرە زمان زیاد بکەن لە سارە گەشەکردووەکانی کالیفۆرنیای هەڵپەی زێڕدا.

ژیان لە شارێکی گەشەکردوودا
کرێکارە گەشبینەکانی کانە ئاڵتوونەکان هەر کە دەگەیشتنە کالیفۆرنیا لەو کەمپانەدا کۆدەبوونە کە ناوەکانیان چەشنی دونکارد باڕ، گۆج ئای، ئەگڵس کامپ و ییسکی تاون بوو، بەڵام ئەوانی بە «چلونۆکان Forty-Niners» ناسرابوون، چونکە لە ساڵی 1849دا هاتبوون، وەک ئەوەی یەکەمجار بەخەیاڵیاندا هاتبوو بە ئاسانی سەروەت و سامانیان دەست دەکەوت، ئەگەرچی هەندێکیان  توانییان لە رێگەی گەڕان و پشکنینەوە ئاڵتوونیان دەستکەوت، یان لە رێگەی راماڵینی خۆڵ لە بنی رووبارەکان بە ئامێرێکی سەیر و سەمەرە کە رۆکیان پێدەگوت، بەڵام زۆربەیان ئەوەیان نەکرد. هەر زووش ئاڵتوونی ناو قوڕ و لیتە کە لە شاخەکانەوە راماڵرابووە ناو چەم و رووبارەکانەوە تەواو بوو، ئەوەشی کە مابووەوە کەوتبووە قووڵایی زەوییەوە. دواجار ئەو کۆمپانیایانەی کە دەیانتوانی تەکنۆلۆجیای هایدرۆلیکیی کانەکان بکڕن و کرێکار بخەنە سەر کارکردن لە   گرد و چیاکاندا جێگەی کرێکارە سەربەخۆکانی کانەکان بگرنەوە. گوزارش لە نائومێدیی زۆرێک لە کرێکارانی کانەکان لە وشەکانی کنە و پشکنینکارێکی بەدبەخت بە ناوی سولیڤان ئۆزبۆرندا دەردەکەوێت. ساڵی 1857، سولیڤان لە یاداشتە شەخسییەکانی خۆیدا نووسیوێتی کەوا «بە دڵێکی پڕ لە هیوا و چاوەڕوانییەکی پرشنگداری پاشەڕۆژەوە» گەیشتووەتە کالیفۆرنیا و بکەوێ بەسەر ئەو راستییەدا کە خەونەکانی «لەمێژە تێکشکاون و با بردوونی» و لە ماوەی مانەوەیدا لە کالیفۆرنیا ئەم «لە سەگەمەرگی بەولاوە هیچی پێنەبڕاوە». هەرچەندە لە نێوان ساڵانی 1849 و 1850دا بایی 550 ملیۆن زێڕ لە کالیفۆرنیادا دۆزرابووەوە، بەڵام تەنها بڕێکی زۆر کەمی بەر تاکەکەسان کەوتبوو، لەبەر ئەوەی نەیانتوانیبوو رکابەریی توانا و سەرچاوەکانی کۆمپانیا گەورەکان بکەن. 
پیاوانی وەک سولیڤان ئۆزبۆرن ژیانێکی سەختیان بەسەربردووە لە کەمپەکانی کانەکان و شارە گەشەکردووەکاندا لە ماوەی هەڵپەی گەڕان بە دوای ئاڵتووندا. چونکە ئەو خەڵکەی کە بەو خێرایی و پەلەپەلە گەیشتبوون، زۆربەیان لە کۆڵیت و خانووی کاتیی تەختە و خێوەت و تەنانەت ئەو کەشتییە کۆن و تێکشکاوانەدا دەژیان کە راکێشرابوونە کەنار دەریا. لەوێ ژێرخانێکی زۆر کەم هەبووە و تەنانەت تا رادەیەک هیچ ئاودەست و گەرمایش نەبووە و بەو هۆیەوە نەخۆشیی سکچوون و کۆلێرا لەناو کرێکارانی کانەکاندا بڵاوبووەتەوە. پاییزی باراناویی کالیفۆرنیا بووبوە هۆی دروستبوونی خزان و رۆچوونی زەوی و لافاو، لە کاتێکدا کە زستانی سارد و بەستەڵەکیش مردن و لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆری کرێکاران و هێستری باری لێدەکەوتەوە. کرێکارانی کانەکان نەک هەر دەبوو مامەڵە لەگەڵ تەنها کەش و خێڵە ئەمریکییە رەسەنەکاندا بکەن، بەڵکو دەبوو مامەڵە لەگەڵ ژیان و ئاژەڵی کێوییشدا بکەن، وەک گورگی کۆیۆت و ورچی بۆر کە بەردەوام خواردنەکانیان دەدزین یان ئاژەڵی ماڵی و خەڵکیان لێدەکوشتن. رووداوەکانی کارکردن لە کانەکاندا، چەشنی داڕووخان و داتەپینی تونێل و لەغەمەکان باوبوون. بە شەودا پیاوەکان لە کەمپەکاندا کۆدەبوونەوە بۆ مەیخواردنەوە و قومارکردن و ئەمەش گەلێ جار سەریدەکێشایەوە بۆ شەڕکردن و توندوتیژی.
هەروەها لە ماوەی هەڵپەی گەڕان بە داوای زێڕدا وایکرد ئافرەتانیش رێی کالیفۆرنیا بگرنەبەر. هەندێ لەوانە بە یاوەریی مێرد و باوک و کەسوکاریان بوون لەپێناوی خزمەتکردنی کەمپەکە چێشتلێناندا بوو، بەڵام هەندێکی تریان بە تەنیا روویانکردە رۆژاوا وەک هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی پارە و سامانی تایبەت بە خۆیان لەوەی کەوا کرێکارانی کانەکان دەستیان دەکەوێت. ئەمانە وەک سەماکەر و رابواردن و خزمەتکار و راییکاری فرۆشگا و چێشتلینەر و جلدرو و جلشۆر و فرەجاریش وەک سۆزانی کاریان دەکرد. هەندێ لەم ژنانە توانییان کار و بیزنێسی خۆیان پێکەوە بنێن وەک مەیخانە و ماڵی لەشفرۆشی و پارە پەیداکردنی تایبەت بەخۆیان، بە تایبەتی پاش ئەوەی دەستووری ساڵی 1850ی کالیفۆرنیا بواری بە ژنان دا، بەوانەشەوە کە مێردیان کردبوو، کە خاوەندارێتی ماڵ و موڵکی تایبەتیی خۆیان بەڕێوەببەن.
تەواوی ئەم ئاڵینگارییانە بە پلەی یەکەم چاوەڕێی ئەوانەی دەکرد کە توانییان بگەنە کالیفۆرنیا. زۆرێک لەوانەی ملیان بە کاروانی ئەو گەشتەوە نا لە رێگادا مردن بە هۆی نالەباریی کەشوهەوا و شەڕ و پێکدادان لەگەڵ ئەمریکییە رەسەناکان و برسیتی، چەشنی تاقمی دۆنەری بەدناو و بەئاکام نەگەیشتوو.

جەندەر و ژیانی زایەندی لە ماوەی هەڵپەی گەڕان بەدوای زێڕدا
بە هۆی ئەو ژینگە تایبەتمەندەی ویلایەتی کالیفۆرنیاوە لە ماوەی هەڵپەی گەڕان بە دوای زێڕدا، کەلتورێکی چەواشە پەرەیسەند کە بوو بە مایەی تێکشکاندنی رۆڵە نەریتییە توندوتۆڵەکانی کەناری رۆژهەڵات سەبارەت بە هەردوو رەگەزی نێر و مێ. ئەوجا بە هۆی دەگمەنیی بوونی ژن لە کەمپەکانی کانەکانی زێڕ دەرهێنان و شارە گەشەکردووەکاندا، پیاوەکان هەندێ رۆڵی ئەوانیان دەبینی وەک چێشتلێنەر و کرێکاری پاککردنەوە و تەنانەت لەشفرۆشیش.  هەندێ گەڕەک و ناوچەی تایبەتی سان فرانسیسکۆ بوون بە شوێنی گەلێ رەفتار و هەڵسوکەوتی دزێو لەلایەن کرێکارانی کانەکانەوە، وەک مەیخواردنەوە و قومارکردن. هەروەها بوون بە شوێنی دابینکردنی پێداویستیی ئەو کرێکارانەی کە بەدوای نێربازیدا دەگەڕان. لە کاتی سەمای گشتیدا، هەندێ لە پیاوان دەستەسڕیان بە باڵیانەوە دەبەست وەک ئاماژەیەک کەوا رۆڵی مێینە دەبینن لە کاتی سەماکردندا. هەر لەم سۆنگەیەوە بیرۆکەی «رەگەز یان توخمی سێیەم»، واتە ئەو پیاوانەی کە جل و پۆشاکی ژنانە لەبەردەکەن و وەک ژن رەفتار دەکەن و سێکس لەگەڵ پیاوی هاوڕەگەزی خۆیاندا دەکەن، بەگشتیی بوو بە دیاردەیەکی قبووڵکراو لە ناوچە شارستانییەکاندا و بەگشتی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی یاسا ئەمانە و زیادەڕۆییە «مۆراڵییەکانی» تری پشتگوێخست.
بە هەمان شێوە ئافرەتانیش لە کالیفۆرنیادا هەندێ ئازادیی گوزارشی جەندەرییان پیادە کرد. هاری ئەلێن، کە قاچاخچی و تاوانبارێکی بەدناو بوو لە کالیفۆرنیادا، وەک مێینەی زگماک دەسنیشانکرا، بەڵام لەبەرکردنی جلوبەرگی ژنانەی رەتدەکردەوە و بەناوبانگ بوو لە فریودانی ژناندا لە سەرتاپا باکووری رۆژاوای پاسیفیکدا. هەروەها ژنانی تریش هەبوون کە هاتبوون بۆ رۆژاوا و کەسێتیی نێرینەیان وەرگرتبوو لەپێناوی پاراستنی خۆیان و بەدەستهێنانی کرێ و مزێکی بەرزتر، وەک جێن بۆننێت، کە بە هۆی ئەوەی بەرگی پیاوی دەپۆشی لە سان فرانسیسکۆ دەستگیر کرا و ئیددیعای ئەوەی کردبوو کە بە جلی ژنانەوە نەیتوانیوە کارەکەی بەئەنجام بگەیەنێت کە (بۆق گرتن بووە). هەروەها سامی ویلیامزی دارکەریش کە تەمەنی هەشتا ساڵ بوو، تەنها لە پاش مردنی دەرکەوت کە مێینەیە.
کەناری رۆژاوا بووبوو بە شوێنێک بۆ پەڕینەوە لە هەموو جۆرێکی سنووری کۆمەڵایەتی و بە رادەیەک کەوا هێڵەکانی رەگەز و کۆمەڵایەتی لەم کۆمەڵگە نوێیەدا لێکتر جیا نەدەکرانەوە و ناروون بوون و شوێنگەلێکی وەک سان فرانسیسکۆ بوون بە خاڵی راکێشانی ئەوانەی ئارەزووی شێوە ژیانێکیان دەکرد کە یەکی نەدەگرتەوە لەگەڵ سنووری کۆمەڵایەتیی توندی رۆژهەڵاتدا. جا لەبەر ئەمەیە کەوا سان فرانسیسکۆی ئێستا بە پەناگەی کۆمەڵگەی هاورەگەزبازانە LGBTQ   و رەگی قووڵی هەیە لە کۆمیونیتی یان کۆمەڵگەدا و دەگەڕێتەوە بۆ زۆر دوورتر لەوەی کەوا گەلێ کەس لێی تێدەگەن. 

بەویلایەتبوونی كالیفۆرنیا، 1850
سان فرانسیسكۆ  گەورەترین شاری گەشەکردوو بوو لە ماوەی هەڵپەی بۆ زێڕ گەڕاندا، چونکە ژمارەی دانیشتووانی لە ساڵی 1846دا تەنها چەند سەد کەسێک بوو، بەڵام تا ساڵی 1850 ژمارەی دانیشتووانی گەیشتە 34 هەزار کەس. ناوچەکە بە خێراییەکی گەورە گەشەی کرد بە رادەیەک کەوا لە ساڵی 1850دا کالیفۆرنیا ئامادە بوو وەک ویلایەتێک بچێتە ناو یەکگرتووی ویلایەتەکانەوە، بەڵام کاتێ کە هەوڵی ئەو قبووڵکردنەی دا کێشەی فراوانبوونی کۆیلایەتی و گرژیی تائیفی جارێکی تر سەری هەڵدایەوە. 
 لە ساڵی 1850دا کاتی کە بڕیار درا کالیفۆرنیا وەک ویلایەتێکی سەربەخۆ وەربگیرێت، ئەوە گرژییەکی لە واشنتن دی سی (پایتەخت) بەرپاکرد لەبارەی دۆخی کۆیلەیی لەو خاک و ناوچانەی بەدەستهاتوون لە ئەنجامی دەسبەرداربوونی مەکسیک لییان. بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کۆیلەیی و هەروەها مەسەلەی سنووری هەرێمی، لە ساڵی 1850دا کۆنگرێس کەوتە نێوانەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک و کۆمەڵێک پرۆژەیاسای داڕشت بۆ سنووری باکووری رۆژاوای تەکساس بەو شێوە بنەڕەتییەی کە ئێمە لەمڕۆدا دەیزانین و هەردوو هەرێمی نیومەکسیکۆ و یوتا دروستکرد (کە دەبوو لە رێگەی سەربەخۆیی میللییەوە بڕیار لە مەسەلەی کۆیلەیی بدات)  و بازرگانیی کۆیلەی لە واشنتن دی سی قەدەغە کرد و یاسایەکی زۆر توندی دەرکرد بۆ کۆیلە هەڵاتووەکان لە ویلایەت و هەرێمە ئازادەکان. چارەسەری ساڵی 1850، لەبنەڕەتدا دەستبەرداربوونێک بوو بۆ باشوورییەکان کەوا هەستیان بە نائومێدی دەکرد بە هۆی قبووڵکردنی کالیفۆرنیا وەک ویلایەتێکی ئازاد، بێجگە لەو ئایدیایەی کەوا هەرێمە نوێکان دەتوانن بە دەنگدانی میللی بڕیار لە مەسەلەی کۆیلەیەتی بدەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان