د. سەمەد ئەحمەد
ئه‌گه‌رچی له شرۆڤه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قی ئه‌ده‌بیدا زۆر بڕوام به قۆناغبه‌ندیی و كات و شوێن نییه، چونكه داهێنان و ستاتیكای ده‌ق، كه به‌رهه‌می خه‌یاڵ و تێفكرینی مرۆڤه، له‌هه‌ر سه‌رده‌مێكدا بووبێت، پێویسته به‌شێوه‌یه‌كی زانستییانه و به‌بایه‌خه‌وه موتاڵا بكرێت.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر سه‌رده‌مه و جۆرێك له نه‌وه به‌رهه‌م ده‌هێنێت، بۆیه ناكرێت كاریگه‌ریی ئه‌و سه‌رده‌م و زه‌مانه له‌سه‌ر نووسه‌ران و دواجاریش ده‌قه‌كانیان فه‌رامۆش بكرێت.
له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ندێك له چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین، چیرۆكی كوردی له رووی ته‌كنیك و بابه‌ته‌وه گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووە، به‌ڵام گۆڕان ده‌بێت سیفه‌تی به‌رده‌وامیی هه‌بێت
له‌م سۆنگه‌یه‌وه ره‌نگه هه‌ندێجار ناچاربین كه ده‌قی ئه‌ده‌بیی په‌یوه‌ست بكه‌ین به كات و سه‌رده‌مێكی دیاریكراوه‌وه.
قسه‌كردن له‌باره‌ی چیرۆكی كوردیی دوای راپه‌ڕینه‌وه، (راپه‌ڕین وه‌ك قۆناغێكی نوێی كوردهواری) پێویستی به‌لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمیی و زانستی ورد و فره و هه‌مه‌لایه‌نه هه‌یه، كه ئه‌مه نییه یان كه‌مه، ئێمه ناچارین بیر و بۆچوونی تایبه‌تی خۆمان له‌م باره‌یه‌وه بخه‌ینه روو.
دیارترین جیاوازیی له‌نێوان نه‌وه‌ی چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین و چیرۆكنووسانی پێش راپه‌ڕین، ده‌سته‌به‌ركردن و هاتنه‌ئارای كه‌شی ئازادیی نووسین و بیركردنه‌وه بوو كه له‌پێش راپه‌ڕیندا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌مه شك نه‌ده‌برا، هه‌رئه‌مه‌ش جۆرێك له جیهانبینی و تێڕوانینی نوێی بۆ ژیان و بۆ مرۆڤ و بۆ ده‌ق له‌لای نه‌وه‌یه‌ك له نووسه‌ران، له‌ناویشیاندا چیرۆكنووسان هێنایه ئاراوە، كه راسته‌وخۆ ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو به‌سه‌ر ده‌قه‌كانه‌وه. نه‌ك هه‌ر ئه‌مه، به‌ڵكو جۆرێك له جیاوازیی تێروانین و تێفكرین سه‌باره‌ت به وه‌زیفه و سروشت و پێكهاته و فۆرم و ناوه‌ڕۆكی چیرۆكی له‌لای ههردوونهوه دروستكرد.
چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین ره‌خنه له چیرۆكنووسانی پێش خۆیان ده‌گرن كه ئه‌وان نه‌یانتوانیوه وه‌زیفه‌ی هونه‌ری چیرۆك به‌باشی ئەدا بكه‌ن، هه‌واش نه‌یانتوانیوه مامه‌ڵه‌یه‌كی داهێنه‌رانه له‌گه‌ڵ ژانرێكی گرنگی وه‌كو هونه‌ری چیرۆكدا بكه‌ن.
ته‌نانه‌ت ئه‌م جیاوازییانه له‌نێوان هه‌ردوو نهوهکەدا هێنده زه‌ق و دیاربووە كه چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین له ناوه‌ڕاستی ساڵی (1998) وه‌ك هه‌وڵێك بۆ نوێبوونه‌وه‌ی چیرۆكی كوردیی، له سلێمانی (یانه‌ی چیرۆك) یان دامه‌زراند، كه خۆم یه‌كێك بووم له‌وان. (هه‌وڵده‌ده‌م له‌كاتێكی تردا به‌وردی و به‌درێژی باسی یانه‌ی چیرۆك بكه‌م).
به‌ڕای من چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین توانیویانە هه‌ندێ گۆڕان و نوێبوونه‌وه له‌چیرۆكی كوردییدا بكه‌ن، ئه‌م گۆڕانانه‌ش زیاتر خۆیان له به‌كارهێنانی زمان و ته‌كنیك و تێڕوانین بۆ كێشه‌كانی مرۆڤدا ده‌بیننەوە. چیرۆكی كوردی له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ندێ چیرۆكنووسی دوای راپه‌ڕین هه‌نگاوێك چووەتە پێشه‌وه و تا راده‌یه‌ك رزگاری بووە له‌وه‌ی چیرۆك بریتی بێت له ساده‌گۆیی، یان هه‌ر ته‌نها پانتاییه‌ك بێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی حه‌كایه‌تێك، یان رووداوێك.. به‌ڵكو چیرۆك وه‌ك كارێكی هونه‌ری تهماشاكراوە، كه نه هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت بینووسێت، نه هه‌موو كه‌سێكیش وه‌كو یه‌ك چێژی لێده‌بینێت، یان ده‌توانێت لێی تێبگات.
ئه‌م تێڕوانینه‌ش ئه‌وه نه‌بێت هه‌ڵچوونێك بێت و له‌ناكاو و له‌خۆڕا په‌یدا بووبێت، به‌ڵكو وه‌كو لهسهرەوە ئاماژه‌م پێكرد، بۆ تێفكرینی به‌شێك له چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین، سه‌باره‌ت به گۆڕینی وه‌زیفه‌ی چیرۆك دهگهڕێتەوە، نه‌ك شتێكی تر.
چیرۆك له‌لای به‌شێك له چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین بریتیی بووە له تێپه‌ڕاندنی ئه‌و چه‌قبه‌ستوویی و قاڵبهندییهی كه له رابردوودا له چیرۆكی كوردیدا هه‌بوو، سه‌باره‌ت به زمانی گێڕانه‌وه و مامه‌ڵەكردن له‌گه‌ڵ كات و شوێن و گرێ و پاڵه‌وان و كاره‌كته‌ر و فلاشباك و فه‌نتازیا و فره‌ده‌نگی و سه‌ره‌تا و كۆتایی و ته‌نانه‌ت ناونیشان و بابه‌ت و.. هتد.
زمان، له‌لای هه‌ندێ چیرۆكنووسی دوای راپه‌ڕین، هه‌ر ته‌نها ئامرازێك نه‌بووە بۆ گێڕانه‌وه‌ی رووداو، به‌ڵكو وه‌ك ئامانجێك له ده‌قدا به‌كارهاتووە، كه ئه‌مه له رابردوودا نه‌بوو، ئه‌گه‌ر هه‌شبووبێت زۆركه‌م بووه و وه‌ك خه‌وشێك له‌ده‌قدا دراوه‌ته قه‌ڵه‌م، نه‌ك وه‌ك لایه‌نێكی ستاتیكی و دره‌وشاوه‌ی ده‌ق.
كاتێك ئه‌مه ده‌ڵێم، ده‌بێت دان به‌وه‌شدا بنێین كه هه‌ندێ چیرۆكنووسی دوای راپه‌ڕین هێندە به‌چڕیی گه‌مه‌یان له‌گه‌ڵ زماندا كردووه، دواجار له زمانی واقیعی چیرۆك لایانداوه و گۆڕیویانه بۆ زمانی مه‌جازیی شیعریی. له‌مه‌ش زیاتر هه‌وڵیانداوه له رێگه‌ی زمانه‌وه جۆرێك له زه‌خره‌فه و هێڵكاری و ره‌نگ و وێنه‌ی ئه‌ندازیاریی له‌ناو رووداوه‌كاندا دروستبكه‌ن، كه سه‌رئه‌نجام جۆرێك له ئاڵۆزی و ناڕۆشنییان له‌ناو ده‌قه‌كه‌دا هێناوه‌ته ئاراوە، بۆیه خوێنه‌ر ناتوانێت چێژ له‌مجۆره چیرۆكانە وه‌ربگرێت.. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له ره‌خنه‌گرانیش ئه‌م هه‌وڵه به خاڵێكی نێگه‌تیڤ له چیرۆكی دوای راپه‌ڕیندا ده‌ده‌نه قه‌ڵه‌م.
سه‌باره‌ت به‌م بابه‌تە، (گه‌مه‌ی زمانی شیعریی له چیرۆكدا) من له‌لایه‌ك جۆرێك له زیاده‌ڕه‌وی له‌لای هه‌ندێك له چیرۆكنووسان به‌دیده‌كه‌م و پێموایه چۆن ناكرێت زمانی چیرۆك هێنده ساده و سانا بكرێته‌وه و ببێته ساده‌گۆیی و فره‌وێژی بێ خێر و خاڵیی له هونه‌ری گوتن و نووسین، ههرئاوهاش ناكرێت زمان له چیرۆكدا هێند به ئاڵۆزیی به‌كار بهێنرێت دواجار ببێته رێگر له‌به‌رده‌م تێگه‌یشتن و چێژوه‌رگرتن له‌كۆی پێكهاته‌ی چیرۆكه‌كه.
ئه‌مجۆره چیرۆكنووسانه زۆر منه‌تیان به‌خوێنه‌ر نییه، راشكاوانه ده‌یڵێن و ده‌یڵێنه‌وه: گرنگ نییه چه‌ند كه‌س چیرۆكه‌كانمان ده‌خوێننه‌وه، یان چه‌ند كه‌س چێژیان لێده‌بینن! ئه‌مانه قه‌ره‌بووی ئه‌مه به‌وه ده‌كه‌نه‌وه و ده‌ڵێن: له كۆی هه‌زاران خوێنه‌ر، چه‌ند خوێنه‌رێكی جدییامان به‌سه، با له په‌نجه‌ی ده‌ستیش تێپه‌ڕ نه‌كات!
سۆنگه‌ی ئه‌م بیركردنه‌وانه‌ش ئه‌وه‌یه، كه ئه‌مان پێیان وایه چیرۆك كاڵایه‌كی هه‌رزان نییه له بازاڕادا هه‌ڕاج بكرێت، چیرۆك هونه‌ره، قه‌دری هونه‌ریش له‌لای هونه‌رمه‌نده، نه‌ك حه‌شاماتێك له‌خه‌ڵكی..
به‌ڕای من ئه‌م بۆچوونانه چه‌ند راستبن هه‌ر نیوه‌یان راستن، چونكه سه‌رئه‌نجام ئه‌و ده‌قه زیندووه، یان كاریگه‌ره كه ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت، به‌شێك له ده‌سه‌ڵاتی ده‌قیش له رێگه‌ی فره خوێنه‌ره‌وه به‌ده‌ست دێت. بۆیه وایده‌بینم كه ئه‌مجۆره چیرۆكنووسانه تووشی جۆرێك له زیاده‌ڕۆیی بوون، له به‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌شدا له‌پێش هه‌ر خوێنه‌رێك، جۆرێك له غه‌دریان له ده‌قه‌كانی خۆیان و خودی هونه‌ری چیرۆك كردووه.
جگه له‌زمان، له‌سه‌رده‌ستی هه‌ندێك چیرۆكنووسی دوای راپه‌ڕین، ته‌كنیكه‌كانی تری وه‌ك وه‌سف و گێڕانه‌وه و فه‌نتازیا و..هتد، گۆڕانیان به‌سه‌ردا هات.
له‌پێش راپه‌ڕین، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی چیرۆكی كوردی له‌شێوه‌ی هێڵێكی ئاسۆیی درێژ ده‌بووه‌وه، سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاست و كۆتایی هه‌بوو. ده‌قنووس له‌سه‌ره‌تاوه وه‌سفی شوێنێك یان شتێكی ده‌كرد، پاشان گرێیه‌كی دروستده‌كرد، له رێگه‌ی گێڕانه‌وه‌وه، كه زۆرجار جیانه‌ده‌كرایه‌وه له وه‌سف، درێژه‌ی به رووداو و حه‌كایه‌ته‌كه ده‌دا، له كۆتایی چیرۆكه‌كه‌شدا هه‌رخۆی گرێكه‌ی ده‌كرده‌وه.
چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین پێیان وابوو ئه‌مجۆره له چیرۆك هه‌رگیز ئاستی حه‌كایه‌تی تێنه‌په‌ڕاندووه، زۆر ته‌قلیدی و ساده‌ن، خاڵین له هونه‌ره‌كانی چیرۆكی هاوچه‌رخ. بێگومان من وایده‌بینم ئه‌م تێڕوانینه ئه‌گه‌ر راستیش بێت، ئه‌وا بۆ هه‌موو چیرۆكنووسانی پێش راپه‌ڕین راست نییە چونكه به‌شێك له چیرۆكنووسانی پێش راپه‌ڕین، وه‌ك (حسێن عارف، عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج، رەئوف بێگەرد، محه‌مه‌د موكری، حەمە فەریق حەسەن، شێرزاد حه‌سه‌ن، حه‌مه‌كه‌ریم عارف، ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل، جه‌لیل كاكهوهس، سه‌ڵاح عومه‌ر، محمد ره‌شید فه‌تاح ) و زۆری تر، ئه‌م بابه‌ته‌یان تێپه‌ڕاندووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه له رابردوودا، هه‌ندێك له چیرۆكنووسان له ده‌قه‌كانیاندا جیاوازییان نه‌كردووه له نێوان وه‌سف و گێڕانه‌وه‌دا، جیاوازییان نه‌كردووه له‌نێوان زه‌مه‌نه جیاجیاكانی چیرۆكدا، فه‌نتازیا له رابردوودا ئه‌گه‌ر هه‌بووبێت له چیرۆكی كوردیدا، ئه‌وا پانتاییه‌كی كه‌می هه‌بووه و به‌جوانیش مامه‌ڵەی له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه، قوڵبوونه‌وه به ناخ و سایكۆلۆژیای پاڵه‌وان و كاره‌كته‌ره‌كاندا له‌ئاستێكی نزم و ساده و ساكاردا بووه.. به‌شێك لهچیرۆكنووسانی كورد له رابردوودا، له ده‌قه‌كانیاندا هه‌میشه پاڵه‌وانی سۆپهرمانیان به‌رهه‌مهێناوه، كه ئه‌مه ته‌واو پێچه‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی تاكی كورددا.
لێره‌دا پرسیارێك ره‌وایه بكرێت ئه‌وه‌یه: ئایا چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین كه ئه‌م ره‌خنانه له چیرۆکنووسانى پێش خۆیان ده‌گرن، خۆیان توانیویانه به‌شێوه‌یه‌كی زانستیی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ته‌كنیك و پێكهاته‌كانی تری چیرۆكدا بكه‌ن؟ ئایا توانیویانه ئه‌و كه‌لێن و بۆشاییانه‌ی كه هه‌بووه و هه‌یه له چیرۆكی كوردیدا پڕبكه‌نه‌وه؟ ئێمه وایده‌بینین وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ئاسان نین و پێویستییان به سه‌لماندنی زانستیی و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌كادیمیی ورد هه‌یه.. كه هیوادارین لێكۆڵه‌ران و ره‌خنه‌گران كاری له‌سه‌ر بكه‌ن و وه‌ڵامێكی زانستیی ئه‌م پرسیارانه بده‌نه‌وه.
به‌كورتی: له‌سه‌ر ده‌ستی هه‌ندێك له چیرۆكنووسانی دوای راپه‌ڕین، چیرۆكی كوردی له رووی ته‌كنیك و بابه‌ته‌وه گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووە، به‌ڵام گۆڕان ده‌بێت سیفه‌تی به‌رده‌وامیی هه‌بێت.. هیوادارم غەدرم لەکەس نەکردبێت کە دەڵێم: چیرۆکى کوردى، ئێستا و دەمێ ساڵە لە دۆخى راوەستان و متبووندایە، نازانم کەى دەکەوێتەوە جووڵە و قۆناغى پێش خۆى تێدەپەڕێنێت!.