‎شیعری شاعیرانی براوەی خەڵاتی نۆبڵ

12:38 - 2024-09-05
ئەدەب و هونەر
66 جار خوێندراوەتەوە
#‎ شاعیری نەرویژی: بیورنسترن بیورنسن

هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ساڵی 1903

‎بیورنسترن بیورنسنی شاعیر، لەساڵی 1832 لەگوندی کفیکیکنی لە نەرویژ لەدایک بووە و لە ساڵی 1910 لە پاریس ژیانئاوایی کردوو. لەزانکۆی ئۆسلۆ خوێندوویەتی، دواتر لە رۆژنامە لەبواری رەخنەی ئەدەبیدا کاریکردووە و بەتایبەتیش لە رەخنەی شانۆییدا قوڵبۆتەوە و هەرخۆشی شانۆنووسێکی دیار و رۆماننوسیش بووە. لەگەڵ هنریک ئیبسن بە یەکێک لە چوار ئەدیبە گەورەکەی نەرویژ دادەنرێن.
‎ئەم شاعیرە بە وتەبێژی چەپەکان ناوبانگی دەرکردبوو، جارێکیش بەخیانەتی گەورە تۆمەتبار کرا، لەبەرئەوە ناچار بوو زێدی خۆی بۆ ماوەیەک بەجێ بهێڵێت و لە ئەڵمانیا ببێتە پەناهەندە.
‎دواتر گەڕایەوە نیشتیمانەکەی و هەر ئەویش سرودی نیشتیمانیی نەرویژی نووسیی، خەڵاتی نۆبڵیشی هەر لەپای ئەو سرودەدا پێ بەخشرا. زۆر شیعری بەپێز و هەمەڕەنگ و جوانی نووسیوە کە ئاوێزانە بە بەهرەی بڵند و پاکژیی گیانێکی ناوازە.

‎وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:
ئاوات حەسەن ئەمین

گەورە یان کۆیلە

تەماشای ئەم زەوییە بکە،
کە ئەو لوتکە بەرزە ترسناکانە دەورەیان داوە،
‎لەکاتێکدا دەریا دڵڕەقەکانیش بە زستانە ساردەکان و
هاوینە خەمۆکەکانیان
گەمارۆ دراون.
‎زۆر بەکەمی پێ دەکەنێ
‎بەبێ سەرشۆڕیی.
‎ئەوە ئەو زەبەلاحەیە کە دەبێ
‎دەستەمۆی بکەین.
‎تا بەپێی خواستەکانمان
‎بەخێرایی کاربکات.
‎دەبێ بەبێ دەربڕینی بێزاریی
‎بەرگە بگرێت.
‎دەبێ رایبکێشێ و بڵاویبکاتەوە و
پیای بکێشێ بە چەکوش.
‎دەبێ لافاوە بەهوروژمەکان
‎بکاتە وزەی رۆشنکردنەوە.
‎بەهەموو ژاوەژاو و
‎بەهەموو تووڕە بوونە رقاوییەکەیەوە.
‎_ ئەگەر کارەکانمان جێ بەجێ کرد_
‎ئەوسا ئێمە،
 براوەی جیهانێک دەبین لە جوانی

‎سەرچاوە:قصائد من شعراء جائزه نوبل
إختارها وترجمها د. شهاب غانم مارس 2009

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان