مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
کتێبی( گەلاوێژ، و فاعلیة الابداع الادبی) کە بەزمانی عەرەبی نووسراوە و لە ئامادەکردن و نووسینی (د.ژینۆ عەبدوڵڵا) یە، لە سەد و سی لاپەڕەی قەبارە مامناوەند پێکهاتووە و ساڵی (2018) چاپکراوە. سەرچاوەیەکی گرنگی نووسینە بەزمانی عەرەبی دەربارەی ئەدیب و نووسەر خاتوو گەلاوێژ. ئەم کتێبە گرنگییەکەی لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە لە چەند روویەکەوە لە ژیان و نووسین و داهێنانەکانی خاتوو گەلاوێژ دەدوێت و دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی فرە زانیاریی پوخت و چڕ بۆ تێگەیشتن لە توانا و داهێنان و کار و بیرکردنەوەکانی ئەم نووسەرە، بەکار بهێنرێت. لەم کتێبەدا دانەری کتێب د.ژینۆ، سەرەتا توانیوێتی لە زۆر لایەنی ژیانی تایبەت و رامیاری و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و نووسینی خاتوو گەلاوێژ بکۆڵێتەوە. بەو خوێندنەوەیە، خوێنەر دەتوانێت ئاشنایەتییەکی باشی سەبارەت بە خاتوو گەلاوێژ هەبێت.
لەو نووسینەدا کە دانەر بە ناونیشانی( گەلاوێژ، اكثر من نصف قرن بین السیاسة و الادب) واتا (گەلاوێژ زیاد لە نیو سەدە لە نێوان رامیاری و ئەدەبدا) نووسیویەتی، باسی لە سەرەتاکانی ژیان و پەیوەندیی ئەم نووسەرە بە خاڵەکانی و دوورخستنەوەی بۆ خوارووی عێراق و دواتر هاتنی بۆ سلێمانی و پەیوندیی هاوسەرگیری لەگەڵ مامۆستا برایم ئەحمەد و تێکەڵیی کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی مام جەلال و زۆر وێستگەی تری ئەدەبی و کار و چالاکییەکانی کردووە، بە جۆرێک لە هەڵبژاردنی بەشەکانی نووسینەکەیدا سەرکەوتوو بووە کە هیچ وێستگەیەکی کاریگەری ژیانی ئەم نووسەرەی فەرامۆش نەکردووە.
هەر لەو کتێبەدا د. ژینۆ، چەند نووسین و لێکۆڵینەوەیەکی چەند کەسێکی دەستەبژێر و خەڵکانی ئەکادیمی و شارەزا لە نووسین و بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە پێشەنگەی بەکارهێناوە، کە هەر یەک لەو لێکۆڵینەوانە سەرچاوەیەکی پڕ بایەخن بۆ بەردیدەی خوێنەرانی عەرەبی زمان، بۆ تێگەیشتن و وردبوونەوە لە نووسین و چیرۆک و رۆمانەکانی ئەم نووسەرە کوردە، لە نمونەی ئەو لێکۆڵینەوانە: لێکۆڵینەوەیەکی (د.زاهیر کەریم)ە، دەربارەی ( گەلاوێژ و ئەزموونی گێڕانەوە) باس لەوە دەکات کە چیرۆک و گێرانەوەکانی ئەم نووسەرە سێ لایەنی سەرەکییان هەیە، ئەوانیش لایەنی زمانیی و بابەتیی و لایەنی ناوەڕۆکە، هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، نووسینەکانی بەوپەڕی بوێری و شارەزایی و قوڵبوونەوەوە لە نێو کەلتور و تێگەیشتن لە فەرهەنگ و ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵک و گرفت و ئەندێشەکانی کوردەوە هەڵهێنجراون.
هەروەها لە نووسینێکی تردا کە بە ناونیشانی(القیم الانسانیة في قصص و روایات گەلاوێژ)ە، واتا بەها مرۆڤایەتییەکان لە چیرۆک و رۆمانەکانی خاتوو گەلاوێژ دا و (د.نیان نەوشیروان فوئاد مەستی) نووسیویەتی، زۆر بە سەرنجەوە لە گەلێ لایەنی مرۆڤ و هەستی مرۆڤایەتی و تێروانین بۆ بەها و کارامەییەکانی مرۆڤ دوواوە و لێی کۆڵیوەتەوە، کە ئەم لایەنە لە چیرۆک و رۆمانەکانی خاتوو گەلاوێژدا قسە لەسەرکردنی زیاتر هەڵدەگرێت و گرنگە لە لایەن نووسەران و توێژەرانەوە کاری جدیی و زیاتریان لەسەر بکرێت.