بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە ستیڤ بيتنهر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەختکرایەوە لەسەر رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار تاوەکو هاووڵاتییان سەربەستانە بەشداریی پڕۆسەکە بکەن و ببێتە مایەی بەرەوپێشچوونی رەوتی دیموکراسی لە ناوچەکەدا.
لە درێژەی دیدارەکەدا چارەسەرکردنی کێشەکان و پرسەکانی پەیوەست بە ژیانی خەڵک تاوتوێکران و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، تێکەڵکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بە ململانێ سیاسییەکان و بەکارهێنانی مووچە کە مافێکی سەرەتایی هاووڵاتییانە بۆ بەرژەوەندیی حزبی، کارێکی ناڕەوا بوو، بەخۆشحاڵییەوە توانیمان رێگریی لێبکەین و نەهێڵین جارێکیتر ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان بکەوێتە مەترسییەوە.
لەبارەی سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی لە عیراق و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە ناوچەکە سەرۆک بافڵ وتی، پشتگیریی تەواوی بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق دەکەین کە دامەزراوەیەکی گرنگ و هەستیاری وڵاتە و رێزی دەگرین، وەکچۆن پێویستە هەموو لایەنەکان رێزی لێبگرن و بەربەست لە بەردەم کارەکانیان دروستنەکەن. دەستوور بنەمای بەڕێوەبردنی دەوڵەت و چارەسەرکردنی کێشەکانە و لە رووەشەوە کارەکانی دامەزراوەکە لەپێناوی بەرژەوەندیی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکان بووە و لە هەوڵی بەدیهێنانی دادپەروەریدا بووە.