شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: یەکێتی کار بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی بەهێز دەکات

06:19 - 2024-09-05
کوردستان
91 جار خوێندراوەتەوە

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی و چین و وتوێژە جیاجیاکانی  قەرەداخ و دەربەندیخان کۆبۆوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە گوندی "مچە کوێر"ی ناوچەی قەرەداغ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی کرد لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی و چین و وتوێژە جیاجیاکانی سنووری قەرەداخ و دەربەندیخان.

لەو کۆبوونەوەیەدا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، تیشکی خستەسەر رۆڵی دانیشتوانی قەرەداخ و دەربەندیخان لە جۆشدانی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کوردستاندا و رایگەیاند: ناوچەکەتان هەمیشە بێشەی شۆڕش بووەو خەڵکە تێکۆشەرەکەی هاوکارو یارمەتیدەری پێشمەرگە بوون و لەسەر دەستی رۆڵەکانی ئێوە شۆڕش گەشەی دەکرد.

دواتر بەئاماژەدان بە دۆخی چەقبەستووی سیاسی هەرێم، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان وتی: هەمیشە یەکێتی کاری بۆ یەکڕیزیی و تەبایی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان کردووە، ئەوەش لە سۆنگەی ئەو باوەڕە نەگۆڕەوە کە یەکێتی و تەبایی، سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئومێد دەبەخشتێتە کۆمەڵانی خەڵک و گیانی نیشتمانیی و نەتەوایەتی پتەودەکات، بەڵام لایەنی بەرانبەر وەکو پێویست بەدەم بانگەواز و هەوڵەکانی یەکێتییەوە نەدەهاتن، ئەوەش لاسەنگی و دوورکەوتنەوە لە رێباز کوردایەتی دەهێنایەکایەوە.

شێخ جەعفەر سێخ مستەفا، پێشهاتە سیاسییەکانی کەرکوک و موسڵ و دیالەی وەک نموونەیەک هێنایەوە کە ئەگەر هێز و لایەنە سەرەکییەکانی کوردستان هاوپەیمان و تەبا نەبن، دەرەنجام گەلی کوردستان زیانمەند دەبن، هەروەک چۆن لە هەڵبژاردنەکانی ئەو پارێزگایانەدا بەهۆی ناکۆکییەکانمانەوە بەهای چەند کورسییەک دەنگمان لەدەستدا. لەو بارەیەشەوە تێڕوانینی راست و رەوانی سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی بۆ گرنگی و بایەخی پێکهێنانی هاوپەیمانی لەداهاتوودا خستەڕوو.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەختی لەوەکردەوە، یەکێتی کار بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی بەهێز دەکات کە ئەندامەکانی رەنگدانەوەی ئازار و مەینەتی و داواکارییەکانی خەڵک بن، نەک پەرلەمانێک کە ببێتە شوێنی شەڕە جنێو و سوکایەتیکردن بەیەکتر، پەرلەمانێک کاری سەرەکیی پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزاری ئەوتۆ بێت کە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک دەستبەر بکات و جەماوەری ناڕازی کوردستان ئاشت بکاتەوە و هیوا بەئایندەیەکی پرشنگدار بگەشێنێتەوە.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان