عیراق چوار بازگە لەسەر سنوورەکانى لەگەڵ هەرێم جێگیر دەکات

10:10 - 2024-09-07
کوردستان
86 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان ئاشکرایدەکات، بە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیرانى عیراق چوار بازگەى پشکنین و گومرگ لەسەر سنوورەکانى هەرێمى کوردستان جێگیر دەکرێن.
کۆڤان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بە بڕیارى ئەنجومەنى وەزیرانى عیراق، چوار بازگەى پشکنین و گومرگ بۆ ئەو کاڵایانەى لە سنوورەکانى هەرێمى کوردستانەوە دەچنە عیراقەوە جێگیر کراوە، کە دەکەونە ناوچەکانى کەرکوک، گەرمیان، هەولێر و دهۆکەوە.
وتیشى، هەر بارهەڵگرێک بەرهەمى ناوخۆیى هەرێمى کوردستانى پێبێت، هێماى بازرگانى و مۆڵەتى فەرمى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى هەرێمى هەبێت، مۆرى وەزارەت درابێت لە کاڵا و بەرهەمەکانیان، کێشەیان لەگەڵیدا نییە و بە ئاسایى دەڕوات.
ئەو بەرپرسە ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو بارهەڵگرانەى مۆڵەت و هێماى بازرگانى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى هەرێمى کوردستانى نەبێت، رەنگە لە دەرەوەى یاسا پارەیان لێ وەربگیرێت، بەڵام پێویستە سەرجەم کارگەکان و بازرگانان هێماى بازرگانى و مۆڵەتى وەزارەت وەربگرن تا رێگەپێدانیان بۆ بکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان