سەردانی سیسی بۆ ئەنقەرە لەپێناوی چیدایە؟
لەم رۆژانەدا عەبدولفەتاح سیسیسەرۆکی میسر سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەوێ ژمارەیەک رێککەوتننامەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان - ی سەرۆکی تورکیادا ئیمزاکرد. لەسەر ئەم سەردانە رۆژنامەی فێلکیفێترۆسی قوبرسی دەڵێت: ئەنقەرە گوشار دەخاتە سەر قاهیرە بۆئەوەی لانیکەم بەشێکی پەیوەندییەکانی باشتر بکات، ئەگەر نزیک ببنەوە، ئەوا یارمەتیی تورکیا دەدات بۆئەوەی هەژموونەکەی لە جیهانی عەرەبیدا پەرەپێبدات، چونکە میسر وەک زلهێزێکی گەورەی ناوچەکە کاریگەریی هەیە بۆ جوانکردنی وێنەی تورکیا.
رۆژنامەکە رایگەیاندووە ئەم سەردەمە لۆژیکی بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکیەکان زاڵن بەسەر گۆڕەپانی سیاسیی نێودەوڵەتیدا.
تورکیا سوود لە ناکۆکییەکان دەبینێت
وێب پۆرتاڵی «هێلاس جۆرناڵ»ی یۆنانی دەنووسێت تورکیا دەیەوێت سوود لە ناکۆکییەکانی ناو ئەفریقا و وڵاتانی عەرەبی وەربگرێت، هەوڵەکانی نێوەندگیریی تەنیا بەشێکی کەمی ئەو شتانەیە کە ئەنقەرە پێشتر لە ئەفریقا بەدەستی هێناوە، چ لە رێگەی فرۆشتنی چەکەوە یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
تورکیا ساڵانێکە پلانێکی تۆکمە بۆ چوونە ناو ئەفریقا پەیڕەو دەکات، کە ئێستا پێشکەوتووە تا ئەو رادەیەی ئەنقەرە خزمەتگوزاریی بە وڵاتانی سێیەم دەفرۆشێت، تەنها لەگەڵ میسردا ساڵانە بە بەهای 12 ملیار بەرژەوەندیی ئابووریی هەیە.
پوتین بۆچی چۆتە مەنگۆلیا؟
هەرچەندە لەلایەن دادگای نێودەوڵەتیی لاهایەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆدەرچووە، بەڵام «ڤلادیمێر پوتین»ی سەرۆکی روسیا سەردانی مەنگۆلیای کرد و لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانیان کۆبووەوە، ئەگەرچی ئەو وڵاتە لەتەک 123 وڵاتی تری جیهاندا ئەندامی لیژنەی باڵای دادگای لاهایە، لەسەر ئەمە میدیاکان ئەو هەنگاوە تەحەددایەک دەزانن بۆسەر سەروەریی یاسا نیودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە هۆکاری سەردانەکەش رۆژنامەی پۆلەتیکا کە لەوارشۆ دەردەچێت دەڵێت: ئەو سەردانە تایبەتییە لە شکاندنی بڕیارەکانی دادگا و سەرزەنشتکردنی هیچی تری لێ ناخوێنرێتەوە.
بەرژەوەندیی هاوبەش
رۆژنامەی گڵاڤکۆمی ئۆکرانی نووسیویەتی مەنگۆلیا وڵاتێکی هەژارە و مەیلی ئەندامبوونی لەناو کۆمەڵەی برێکسدا هەیە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە خۆی ببوژێنێتەوە، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە روسیا دەیەوێت لەرێی ئەو وڵاتەوە بۆریی نەوت و گازی روسیا سێبریا 2 بگەیەنێتە چینی هاوپەیمانی، چونکە ئەو رێگەیە تێچووەکەی یەکجار کەمە و پوتین مەبەستییەتی ئەنجامی بدات.
ماکرۆن کۆنەپەرستێکی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپارد
لەدوای دوو مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا و وتوێژێکی دوورودرێژ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی پاریس، سەرەنجام سەرۆک ماکرۆن (میشێل بارنیە)ی راسپارد بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت.
لەسەر ئەو دۆسێیە رۆژنامەی ریکسپۆسپۆلیتای پۆڵەندی دەڵێت: دواجار سەرۆک سیاسەتمەدارێکی دۆزییەوە کە بەدڵ و خواستی پۆپۆلیستەکان بێت، مارین لۆپانی سەرکردەی بەرەی نیشتمانیی راستڕەو دەزانێت کە ئەو کەسایەتییە بەرنامەی ئەوی قبووڵە هەربۆیەش رەزامەندیی بۆ ماکرۆن دەربڕیووە کە بیکاتە سەرۆک وەزیران، ماکرۆنیش بەجێبەجێکردنی بەرنامەی مارین لۆپان، بە شێوەیەکی دیفاکتۆ رێگەی خۆی بۆ کۆشکی ئێلیزێ بۆ سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی لە 2027 خۆش دەکات.
لێدان لە بەرەی چەپ
هەروەها رۆژنامەی «ئێل پایس» لە مەدریدەوە دەنووسێت، هەڵبژاردنی ئەو کەسایەتییە لەڕووی دەستوورییەوە رەوایە، بەڵام لە روانگەی سیاسییەوە جێی پرسیارە، بارنیەر نوێنەری کۆمارییەکان و میراتی کۆنەپەرستییە، کاندیدکردنی پاشەکشەیەکی روونە بۆ چەپەکانی پلەی یەکەم و نیشانەی ئەوەیە کە ماکرۆن بەدوای نزیکبوونەوەوەیە لە راستڕەوەکان.
چین ئەو هەموو پارەیە چییە دەیبەخشێتە ئەفریقا؟
لەدوو رۆژی رابردوودا لە بەیژینی پایتەختی چین کۆڕبەندێکی گەورەی چین و 50 وڵاتی ئەفریقایی سازدرا و لەوێ سەرۆکی چین 50 ملیار دۆلاری بۆ هاوکاریی و بوژاندنەوەی ئەو کیشوەرە تەرخانکرد.
بەپێی رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز-ی بەریتانی، ئەو هاوکارییە لەخۆڕا نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی ململانێی جیۆپۆلەتیکیی چینە لەدژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بەخشینی ئەو پارە زۆرە لەپێناوی هەژموونە تا هاوسەنگیی هێز راستبکاتەوە و وەک هێزێکی سیاسی و ئابووری بەتوانا خۆی نمایش بکات و ببێتە جەمسەرێکی پتەو لەناو سیاسەتی نێودەوڵەتیدا.
بورهان ئەمین ئامادەی دەکات