بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان بۆ کوردستانی نوێ :

بە بڕیاری جێگری سەرۆكی حكومەت، كاركردن لە رێگەی بالیسان بەردەوامە و نزیكەی %60ی كارەكانی تەواو بووە

11:35 - 2024-09-08
کوردستان
195 جار خوێندراوەتەوە

جێگر خدر 

مەهدی مستەفا بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بە بڕیار و راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، كاركردن لەرێگەی بالیسان كە ماوەیەكی زۆر بوو پەكی كەوتبوو و داواكاری زۆری هاووڵاتیانی لەسەر بوو، بەردەوامە و لە ئێستادا نزیكەی %60ی كارەكانی تەواو بووە، رێگەكە، ستراتیژی و گرنگە، پارێزگای سلێمانی بە هەولێر و دهۆك، هەروەها ئیدارەی راپەڕین بە ئیدارەی سۆران دەبەستێتەوە، 23 كیلۆمەتر و نیو درێژییەكەیەتی و بودجەی تەرخانكراویش بۆی حەوت ملیار و 698 ملیۆن دینارە.
باسی لەوەشكرد، بڕی یەك ملیار دینار كە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، وەك دیاری ئەمساڵ پێشكەشی ناوچەكەی كرد چەند پرۆژەیەكی گرنگی پێئەنجام دراوە، گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەكی شەهیدان، پرۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ و رێككردنی كۆڵانەكان و كۆنكرت كردنیان، هەروەها چاككردن و نۆژەنكردنەوەی یاریگەی تاتان كە بڕی 70 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كرا، هەر لەو پارەیە بۆیان تەرخان كراوە كە سەرۆكی یەكێتی ئەمساڵ لە یادی كیمیابارانكردنی دۆڵی بالیسان و شێخ وەسانان وەك دیاری پێشكەشی دانیشتووانەكەی كرد.
وتیشی: كەسوكاری شەهیدان، گەنجان و تەواوی دانیشتووانی سنوورەكە، كە من رۆژانە دەیانبینم سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ یەكێتی و سەرۆكی یەكێتی و سەرۆكی تیمی یەكێتی لە حكومەت دوپات دەكەنەوە، دڵخۆش و شادومانن كە دەبینن لە نزیكەوە سەرۆك بافڵ و كاك قوباد ئاگاداری گرفتەكانیانن و لەسەرخەتن بۆ چارەسەركردنیان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان