لە سەکۆی میدیا جیهانی و ئیقلیمییەکانەوە

لە میدیای توركیاوە

12:00 - 2024-09-08
جیهان
175 جار خوێندراوەتەوە

مافەكانی كورد لە پەیمانی لۆزاندا جێبەجێنەكراوە

 لەسەروبەندی 101 ساڵەی پەیمانی لۆزاندا، رێكخراوی دیاكورد لە ئەڵمانیا داواكاریی جێبەجێنەكردنی مادەكانی تایبەت بە مافی كورد لە پەیماننامەی لۆزاندا دەباتە بەردەم نەتەوە یەكگرتووەكان.
بەپێی بەشی تورکیی رادیۆی  DW ، لیژنەی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان داواكاریی فیدراسیۆنی كوردانی هەندەرانی سەبارەت بە پەیمانی لۆزان قبووڵكردووە، كە تیایدا بانگەشەی ئەوەیان كردووە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی كورد كە لە پەیمانی لۆزاندا هاتووە جێبەجێ نەكراوە.
لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان ژمارەیەكی دایە داواكاری دۆسێكە بۆئەوەی لە رووی رێكارەكانەوە پشكنینی داواكارییەكە بكات.هەرچەندە لیژنەكە دەسەڵاتی گۆڕینی پەیمانی لۆزانی نییە، بەڵام هیوای پێشكەشكەرانی داواكارییەكە ئەوەیە كە پێشێلكردنی مافەكانی كورد، بخرێنە ناو راپۆرتێكەوە كە ئامادە بكرێت.
رێكخراوی دیاكورد لە مانگی یەكی ساڵی 2022 لە سوید دامەزراوە.

داود ئۆغڵو رەخنە لە لووتكەی ئەردۆغان و سیسی دەگرێت

 ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆكی پارتی ئایندەی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری توركیا، رەخنەی لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییە هاوبەشەكەی ئەردۆغان و سیسی گرت کە لە ئەنقەرەی پایتەخت بەڕێوەچوو.
داودئۆغڵو وتی: نزیكەی لە یەك كاتدا تەماشای دوو كۆنفرانسی رۆژنامەوانیم دەكرد، یەكێكیان هی نەتەنیاهو بوو، كە پراكتیزەی جینۆسایدی دەكرد و روونیدەكردەوە چۆن غەززەی لەگەڵ زەویدا تەختكردووە و چۆنیش هەوڵدەدات كەرتی رۆژئاوا بهێنێتەوە ناو سنوورەكانی دەوڵەتەكەی و ئیدیعای فراوانكردنی سنوورەكانی دەكرد، ئەوەی دووەمیشیان كۆنفرانسی رۆژنامەوانیی سیسی و ئەردۆغان بوو، كە یەكەمیان دەوڵەتەكەی دەروازەی غەززەیە بۆ جیهان و دوەمیشیان دەوڵەتەكەی خۆی بە گەورەترین وتەبێژی فەلەستین دادەنێت.
دادو ئۆغڵو ئاماژەی بەوەشكرد، «چاوەڕوان دەكرا سەركردەكانی دوو گەورەترین وڵاتی ناوچەكە كە پەیوەندییەكی راستەوخۆیان لەگەڵ فەلەستیندا هەیە، پەیامی بەهێز بنێرن كە هەنگاوی كۆنكرێتی هەڵگرتبێت دژی ئەم جینۆسایدە، هەروەها رۆژنامە نێودەوڵەتییەكان ئامادەی ئەو كۆبوونەوەیە بن بۆ گەیاندنی ئەو پەیامانە، پرسیار بكەن و وەڵامەكان لە رۆژنامە نێودەوڵەتییەكاندا دەنگبدەنەوە»، بەڵام یەك رۆژنامەنووس لە ژووری كۆنگرە رۆژنامەنووسییەکە نەبوو پرسیار بكات و ئەم چاوپێكەوتنەش رووماڵی رۆژنامەوانیی نێودەوڵەتیی پێنەكرا.»
داود ئۆغڵو راشیگەیاند: ئەوەی كە خۆبەزلزانینی نەتەنیاهو زیاتر دەكات، ئەو دۆخەیە كە سەركردەكانی جیهانی ئیسلامی تێیدا دەژین، داواشی لە سەركردەكانی جیهانی ئیسلامی و توركیا كرد، هەڵوێستێكی پرەنسیپیتر و كاریگەرانەتر بگرنەبەر.

توركیا و میسر ژمارەیەك  یادداشتنامەی  هاوكارییان  ئیمزاكرد.

 دوای چەندین ساڵ لە یەكتردابڕان، عەبدولفەتاح سیسی  سەرۆك كۆماری میسر سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا زنجیرەیەك رێككەوتنیان ئیمزاكرد،  لەسەر ژمارەیەك دۆسێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش رێككەوتن.
لە بەیاننامەیەكدا سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بڵاویكردەوە میسر و توركیا 17 یادداشتنامەی لێكتێگەیشتن و هاوكارییان لەگەڵ  یەكتریدا ئیمزاكردووە و تەئكیدیان لە پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان كردۆتەوە، بەتایبەتی لەو هەلومەرجە نالەبارەی كە ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت .
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا پێیوایە، هەردوو وڵات بە ئاگر دەورەدراون، لەبەرئەوە پێویستە پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوە و هاوئاهەنگیی یەكتربن لە زۆر بابەتی ستراتیژی تایبەت بە كێشەكانی ناوچەكە، لەوانە مەسەلەی غەززە، لیبیا، سودان، سوریا و عیراق، بە لەبەرچاوگرتنی جاڕنامەی هاوبەشی پێكهێنانەوەی ئەنجوومەنی هاریكاری ستراتیژیی ئاست بەرز كە لەنێوان توركیا و میسردا لە قاهیرە لە 14ی شوباتی 2024دا ئیمزاكرا.
بەپێی هەواڵەكان  یۆنان ئەم نزیكبوونەوەیەی میسر و توركیای زۆر پێ مەترسیدارە و پێیوایە دژبە بەرژەوەندییەكانی ئەو دەشكێتەوە، لەبەرئەوەی هەرسێ دەوڵەت كێشمەكێشی زۆریان هەیە لەسەر خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست. ئیسرائیلیش بەهەمان شێوەی یۆنان باشبوونی پەیوەندییەكانی میسر و توركیا لەم قۆناغەدا بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی خۆی.

#جیهان

بابەتە پەیوەندیدارەکان