یەکێتی و یونامی کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر هەڵبژاردنێکی بێگەرد و ئارام کردەوە

08:31 - 2024-09-08
کوردستان
306 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، رزگار حاجی حەمە لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر، بە ئامادەبوونی هەڤاڵ حاکم سابیر، لێپرسراوی بۆردی کارگێڕیی هەڵبژاردن، پێشوازیکرد لە تیمی هاریکاری هەڵبژاردنی سەر بە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی).
لەو سەردانەدا، پرڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتۆێ کرا و جەختیش لە هەڵبژاردنێکی شەفاف و ئارام کرایەوە.
لەو دانیشتنەدا رزگار حاجی حەمە جەختیکردەوە لەسەر گرنگی رۆڵی یۆنامی و تیمی هاریکاری هەڵبژاردن و بەڕێوچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارامدا.
داواشی لە (یۆنامی) کرد، له‌ نزیكه‌وه‌ رۆڵی خۆی بگێڕێت بۆ زامنكردنی به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی هێمنانە، هه‌روه‌ك چۆن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵانی 2021 و 2023 پشگیری و هاریكاری (یۆنامی) و ئاماده‌یی كاریگه‌ر و چالاكانه‌ی نوێنه‌ره‌كانی له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكاندا، دیاریترین رۆڵی هه‌بوو له‌ ده‌سته‌به‌ركردنی پاك و بێگه‌ردیی هه‌ڵبژاردنه‌كان و قبووڵكردنی له‌لایه‌ن حزب و لایه‌نه‌ كاریگه‌ره‌كانی پڕۆسه‌ی سیاسییه‌وه‌.
لای خۆیەوە تیمەکە ئامادەیی یۆنامی بۆ  هاوکاریکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عیراق دەربڕی لەپێناوی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
وەفدەکەی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی) پێکهاتبوو لە ئەمیر ئارەین، سەرۆکی تیمی هاریکاری هەڵبژاردن و ئاسۆ کاکەیی راوێژکاری تیم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان