یەكێتی، ئامادەیە ..

09:29 - 2024-09-09
کوردستان
266 جار خوێندراوەتەوە

كات نزیك دەبێتەوە لە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن.(ی.ن.ك) چەند مانگێكە، لە هەموو ئاستەكاندا خەریكی ئامادەكارییە بۆ ئەم بۆنە دیموكراسی و نیشتمانییە. ساڵێك زیاترە بە دەنگی بەرز، بێ سڵەمینەوە، بە باوەڕ بەخۆبوون، بە ئەزموونی رابردووی رێزگرتنی لە هەر ئەنجامێك كە لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عیراق كەوتبێتنەوە، داوای هەڵبژاردن دەكات.
هەموو جارێك لەگەڵ وەفدە بیانییەكاندا، دۆستانی كوردو قەوارەی هەرێم، لەگەڵ عیراق و هێزە سیاسییەكانی، هێزە كوردی و كوردستانییەكان، لە پێشەوەی هەمووشیان بۆ رای گشتیی خەڵكی كوردستان و نەتەوەكەشمان لە بەشەكانی تری كوردستاندا جاڕی داوە كە ئەو، وەك یەكێتی، رێز لە ئیرادەی میللەتەكەی خۆی دەگرێت و ئامادەی هەڵبژاردنە، نەك هەر ئەمە، بەڵكو بە هەموو هێزو نفوزی خۆیشی لە كوردستان و عیراقدا، یەك یەك، ئەو لەمپەرو كۆسپانە، ئەو بیانوو و پەڵپانە، تێكدەشكێنێت كە پرۆسەیەكی چارەنووسسازی وەها ببەستێتەوە بە كارنامەی تایبەتیی هیچ لایەنێكی سیاسیی دیاریكراوەوە كە بەبۆنەیەوە دەزگا دەوڵەتییەكانمان لە بۆشایی یاساییدا بمێننەوەو هەڕەشە بۆ سەر شەرعییەتی قەوارەی هەرێم دروستببێت.
یەكێتی، ئاوهایە، بەپێی قەبارەی سیاسیی خۆی و ئەو پێگەیەی كە لەناو سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەیەتی، هێزێكی بنەڕەتییە، خاوەنی سەرمایەی رەمزیی نزیكەی نیو سەدە خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی و فەرمانڕەوایی و پێشتریش چەكداری و رزگاریخوازییە لە پێناوی نەتەوەكەیدا. لەو مێژووە دوورودرێژەدا هەموو ئەزموونێكی هەڵكشان و داكشانی سیاسیی لەسەر ئاستی هەرێم بەخۆوە بینیوە، لە عیراقیشدا بەهەمانشیوە، بەڵام لەئاكامدا وەك دەبینرێت هەر یەكێتییە. لێی كۆببێتەوەو لێی بڕوا، ماڵە گەورەكەی فروانتر ببێت یان ماڵۆچكەی لێ جیابێتەوە، لەكۆتاییدا وەك سەفین، هەر لەناو ناخی ئەم نیشتمانەو هاونیشتمانیان و یادەوەریی بەكۆمەڵی كۆمەڵگەكەی خۆیدایە، هەورازو نشێوی گەورە بەخۆوە دەبینێت و دواتر هەڵدەستێتەوە، بۆ ئەوەش لە چاكسازی و سوودوەرگرتن لە رەخنەی جەماوەر و رووناكبیران و دڵسۆزان و رێكارەكانی خۆنوێكردنەوە ناوەستێت، بۆ قۆناغی ئێستاش كە دەچێتە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی نوێوە، ئەوە دەزانێت كە تەنها كەسوكاری پێشمەرگەو شەهید و زیندانیان و كادران و ئەندامانی دڵسۆزی خۆی هەبێت وەك هێزێكی سیاسیی بەهێز دەەمێنێتەوە، چ جای ئەوەی ئەو هێزە بنەڕەتییە بێت كە شۆڕشی بۆ نەتەوەیەكی ژێردەستە هەڵگیرساندبێت و گەیاندبێتییە راپەڕینی جەماوەریی، بووبێتە ئومێدی دوای هەرەس و چەخماخەی شۆڕش و نەخشەی راپەڕین و ئازادی، هێزی خاوەن بیرۆكەی هەڵبژاردنی گشتی و سیستەمی فیدراڵی و پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمان و دامودەزگای تری نیمچە دەوڵەتیی باشووری كوردستان بێت، بگرە لە رابردوو و ئەمڕۆشدا تاقە حزبی كاریگەر و جێی گرەو بێت بۆ بەرگریكردن لە ماف و قووت و مووچە و ژیانی هاووڵاتیانی كوردستان، بۆ جڵەوكردنەوەی باڵانسی هێزیش لە هەرێم و رێگرتن لە تاكڕەوی، وڵاتانی هەرێمایەتی و ناوچەكە و جیهانیش مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و پەیوەندیی لەگەڵدا ببەستن.

کوردستانی نوێ

#سەروتار

بابەتە پەیوەندیدارەکان