گێڕانەوەی چیرۆكی چین بە شێوەیەكی دروست

گەورەترین بەرهەمهێنەری میدیایی لەسەر ئاستی جیهان

10:34 - 2024-09-09
جیهان
138 جار خوێندراوەتەوە
#میدیای چین لە گەشەکردنی بەردەوامدایە

لەشكر حەمە ساڵح


لەم چەند ساڵەی رابردوودا، میدیای چین هەنگاوی گەورەی بۆ پێشەوە ناوە؛ جگە لە سەكۆ گشتییەكان بە زمانە سەرەكییەكانی جیهان، خەریكە میدیای گوزارشتكار لە سیاسەت و روئیای چینی لە بازنە و ئاستی بچووكتریشدا دەردەكەوێت.
بێگومان ئەو پێشهات و گرنگیدانەی چین-یش بە میدیا، هیچ كەس و لایەنێك لە شی جینپینگ، سەرۆكی چین باشتر گوزارشتی لێنەكردووە و نایكات. شی دەڵێت: پێویستە كۆششی زیاتر بكەین بۆ گواستنەوە و گێڕانەوەی چیرۆكی چین بە شێوەیەكی راست و دروست.
گەشەكردنی میدیای چین لەسەر هەردوو ئاستی میدیای تەقلیدی و میدیای نوێیە. لە ناوخۆی وڵاتەكەدا سەدان كەناڵی جیاجیا بەردەستن بۆ گوزارشتكردن بە زمانی پێكهاتە جیاوازەكان، كە بەشێكیان لە سەكۆكانی میدیای نوێوە دەپەڕنەوە بۆ جیهانی پان و بەرینی میدیا، بەڵام لەسەر ئاستی رەسمی میدیای چین چەندین دەروازەی دیکەی كردۆتەوە.

 

گەشەكردنی میدیای چین بە جۆرێکە، لە ناوخۆی وڵاتەكەدا سەدان كەناڵی جیاجیا بەردەستن بۆ گوزارشتكردن بە زمانی پێكهاتە جیاوازەكان و بەشێكیشیان لە میدیای نوێوە دەپەڕنەوە بۆ نێو میدیای جیهانی

ئامارەکان
زاو جیهونگ، سەرۆكی بەشی هاریكاریی نێودەوڵەتی لە دامەزراوەی نیشتمانیی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی چین دەڵێت: ئێستا لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا نزیكەی دوو هەزار و 500 كەناڵی تەلەڤزیۆنی و رادیۆیی پەخش دەكەن. خزمەتگوزاریی تەلەڤزیۆنی كەیبڵ 200 ملیۆن بەشداربووی هەیە، خزمەتگوزاریی (IPTV) خاوەنی 375 ملیۆن بەشداربووە. 
زاو دەڵێت، لەم چەند ساڵەدا میدیا و بەرهەمهێنانی میدیایی لە چین زۆر گەشەی كردووە. لە ساڵی 2023دا لە چین 68 زنجیرە دراما بەرهەمهێنراوە. 432 فیلمی دیكۆمێنتەری، 322 فیلمی ئەنیمەیش. بۆیە وەك دەڵێت: دەتوانرێت بوترێت چین بۆتە گەورەترین وڵات لە رووی بەرهەمهێنانی میدیاییەوە، بە تایبەتی لە رووی بەرهەمهێنانی تەلەڤزیۆنییەوە. ئەوەشی كاریگەریی بەرهەمە چینییەكان لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانی زیاتر و فراوانتر دەكات، وەرگێڕان و دۆبڵاژ و دووبارە بەرهەمهێنانەوە و داڕشتنەوەیە بە پێی نەریت و كەلتووری ناوچەیی. زاو دەڵێت: بەرهەمە چینییەكان بۆ 40 زمان وەردەگێڕدرێن و لانیكەم لە 70 وڵات پەخش دەكرێنەوە.
بە چەند زمانێک پەخش دەکات
سەرەكیترین سەكۆی میدیایی چینیی ئاڕاستەكراو بۆ جیهانی ئیسلامی و عەرەبی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی، كەناڵی (CGTN)ە بە تایبەتی (CGTN arabic) كە جگە لە پەخشكردنەوەی لە كۆمەڵەی نایل سایت، لەسەر مانگە دەستكردەكانی دیكە و لەسەر سەكۆكانی میدیای نوێ-ش چالاكە.
بە پێی ناساندنی كەناڵەكە لەسەر وێبسایتی رەسمی خۆی، ئەم كەناڵە یاخود دامەزراوە میدیاییەكە بە شێوەیەكی گشتی، بەشێكە لە تەلەڤزیۆنی نێودەوڵەتیی چین و بە زمانەكانی ئینگلیزی، ئیسپانی، فەڕەنسی و عەرەبی و روسی لە سەرتاسەری جیهان خزمەتگوزاریی میدیایی پەخش دەكات. بەشە عەرەبییەكەی ساڵی 2009 دامەزراوە.
ئەم دامەزراوەیە گشتی و جۆراوجۆرە، واتە تەنها بایەخ بە هەواڵ و سیاسەت و پەخشكردنی روئیای چین نادات، بەڵكو لەگەڵ رووماڵكردنی رووداو و پێشهاتەكان و روونكردنەوەی سیاسەتی چیندا، بە شێوەیەكی پیشەیی مامەڵە دەكات و كار لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان چین و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و بەرنامەی جۆراوجۆر و دراما و فیلمی دۆكیۆمێنتەری پەخش دەكاتەوە.

بە ناوی رووبارە گەورەکەی چینەوە
لەسەر ئاستی ناوخۆییش میدیای چین گەشەكردنی فراوانی بەخۆیەوە دیووە، بە تایبەتی لە رووی گرنگیدان بە پێكهاتەكانەوە. نەتەوەی (هوی / خوی) یەكێكە لە نەتەوە زۆرینە موسوڵمانەكانی چین و لە هەرێمی ئۆتۆنۆمی نینگشیا دەژین كە شەش ملیۆن كەسن لە هەرێمەكەدا. جگە لە بایەخدان بە بوژانەوە و ئابووری و گەشەكردنی هەمەلایەنە و هەنگاونانی جددی بۆ چارەسەركردنی گرفتی بیابانبوون، خاوەنی دامەزراوەیەكی میدیایی گەورەن كە زیاتر رووی لە ناوخۆی هەرێمەكە و وڵاتەكەیە بە شێوەیەكی گشتی و ملیۆنان بینەر و وەرگری هەیە.
لە دامەزراوەی میدیایی نینگشیا، نزیكەی 600 هەزار سەعات بەرهەمی تەلەڤزیۆنی بەرهەمهێنراوە، بەشێوەیەكی بەردەوام نزیكەی 90 كەناڵی تەلەڤزیۆنی پەخش دەكاتەوە كە پێنج كەناڵیان تایبەتن بە هەرێمەكە، یەكێكیان گشتییە ئەوانی تریش وەرزشی و ئابووری و خێزانی و هەمەڕەنگن. كەناڵە گشتییەكە ناوی رووباری زەردە وەك رووبارە گەورە و سەرەكییەكەی چین كە بە هەرێمەكەدا تێدەپەڕێت و بە شادەماری ئاوەدانی و ژیان لە چین بەگشتی، ناوچەكە بە تایبەتی دادەنرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، میدیای چین لە گەشەكردن و پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیا نەوەستاوە. دامەزراوەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی بەیجینگ (BRTV) ئۆفیسی سەرەكیی لە بەیجینگی پایتەختە. جگە لە بەرهەمهێنانی بەرنامەی كەلتووری و ئابووری و وەرزشی، ساڵی رابردوو هەنگاوێكی گەورەی نا كە بووە خاوەنی كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی بە وردیی (8K) كە سێیەم تەلەڤزیۆنە لەسەر ئاستی جیهان لە رێگەی ئەو تەكنۆلۆجیا پێشكەوتووەوە خزمەتگوزاریی میدیایی پێشكەشی وەرگرەكانی بكات.

سوود وەرگرتن لە تیۆرەکان
خاتوو د. جانگ ران، مامۆستای زانكۆی نینگشیا و بەڕێوەبەری رادیۆ و تەلەڤزیۆنی نینگشیا دەڵێت: جگە لە لایەنی تەكنۆلۆجی، چین زۆر سوود لە تیۆر و تێڕوانینە میدیاییەكانی سەردەم وەردەگرێت بۆ ئەوەی میدیایەكی بەهێزی هەبێت بە ناوەڕۆك و پەیامێكی بەهێز بۆ جەماوەر و وەرگرێكی هۆشیار. 
د. جانگ دەڵێت: لە میدیای چیندا زۆر كار لەسەر تیۆری میدیایی 100 رۆژی دەكرێت كە تیۆرێكی باو و پەسەندە لەسەر ئاستی جیهان. ئەو چوارچێوەیە بەرچاوڕوونی زۆری بۆ میدیای چین كردووە كە پەیامەكانی بە شێوەیەكی هاوچەرخ دابڕێژێتەوە، بۆ نموونە لە زنجیرە دراماكاندا كاری لەسەر دەكرێت، كارەكان لە ماوەی 100 رۆژ یان سێ مانگدا پێشكەش دەكرێن كە تیایاندا لایەنی دەروونی و ژینگەیی و كەلتووری رەچاو دەكرێت.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەڵێت: ئێمە باوەڕمان وایە كە باشترین ئامراز و چەكی مرۆڤ بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی، راگەیاندن و میدیایە، چونكە هەر لە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە بەهێزترین چەكی مرۆڤ قسەكردن و بڵاوكردنەوە بووە كە ئاستە سەرەتاییەكانی میدیایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان