ئیستاتیکای شیعرەکانی نەوزاد رەفعەت

11:01 - 2024-09-09
کەلتور
631 جار خوێندراوەتەوە

د. هەرێم عوسمان

ئیستاتیکای شیعرەکانی نەوزاد رەفعەت، ناونیشانی تێزی (شاخەوان فەرهاد)ە، بە سەرپەرشتی (پ. د. ئیبراهیم ئەحمەد) ساڵی 2023  پێشکەشی کۆلێجی زمان- زانکۆی سەلاحەدینی کردووە. تێزەکە بە رێبازی وەسفی- شیکاریی نووسراوە و لە سێ بەش پێکهاتووە. 

بەشی یەکەم لە چوار تەوەر پێکدێت
بەشی یەکەم، بەناونیشانی (ئیستاتیکا و رێڕەوی لەنێو ئەدەبدا)، لە چوار تەوەر پێکهاتووە، سەرەتا چەمک و زاراوەی ئیستاتیکا دەخاتەڕوو، کە لە یۆنانی کۆندا واتای زانینی هەستەکی گەیاندووە، بەڵام لە سەدەی هەژدە باومگارتن توانی بیکاتە لقی پێنجەمی فەلسەفە، بەمەش فەلسەفەی جوانی و هونەری، بە زانست و هونەر داناوە و لە تیۆری زانین و مێتافیزیکی نزیک کردووەتەوە. لە ئیستاتیکدا جوانیی هونەری و سروشتی، مانا و فۆرم و چێژ و وێنەی هونەریی بایەخی بنەڕەتی هەیە. دواتر باسی چوار ئاڕاستەی جیاوازی جوانی دەکات: خودی (جوانی لە بینینی مرۆڤدایە)، بابەتی (لە خودی شتەکان و جیهاندایە)، خودیی- بابەتی (جوانی شتەکە و هەست و هۆشی مرۆڤ هاوئاهەنگە)، جوانی خوایی (خوا سەرچاوەی جوانی شتەکانە، شتە جوانەکان، سێبەری خودی جوانین)، پاشان باسی مێژووی گەشەی ئیستاتیکا لە یۆنان و رۆمان تا رۆشنگەری و سەردەمی نوێ دەکات و جیاوازی جوانی سروشتی و هونەریش دەخاتەڕوو. لە تەوەری سێیەمدا باسی ئیستاتیکای رێبازە ئەدەبییەکان (کلاسیک، رۆمانسیزم، ریالیزم، پەرناسیزم، سیمبولیزم و سوریالیزم) دەکات و لە چوارەمدا ئیستاتیکای شیعر وەک بنەمای هەڵسەنگاندنی شیعر دەخاتەڕوو، توێژەر پێیوایە جوانی و بەرزی هونەری و هزری دەقێکی شیعری رادەی ئیستاتیکای دەقەکە دیاری دەکات، هەتا ئیستاتیکای دەقێکی شیعری بەرز بێت، شیعرییەت و چێژیش بەرز دەبێت، لەبەرئەوە شیعر بەشێکی پێکهاتەی ئیستاتیکایە.  

بەشی دووەم لە دوو تەوەر پێکدێت
بەشی دووەم، بەناونیشانی، (ئیستاتیکای زمانی شیعریی لە شیعرەکانی نەوزاد رەفعەتدا)، لە دوو تەوەر پێکدێت، یەکەم بۆ ئیستاتیکای لادانی زمانی شیعری لە شیعرەکانی شاعیری ناوبراو تەرخانە. بە دیدی توێژەر زمان لە ژیانی رۆژانەدا وەک ئامرازی پەیوەندیی دەبینرێت، بەڵام زمان لە شیعردا ئامانجە و شاعیر بە زمانی گشتی و ماڵێکی شیعری تایبەت بە خۆی چێ دەکات. ئامانجی شاعیران ئەوەیە کە بەهرە و توانا و کارامەیی خۆیان لە گەمەی زمانی و ئیستاتیکای وشەکان لە شێوازی جۆراوجۆردا بەرجەستە بکەن. زمان لە شیعردا یاسا و رێسای جیاواز و تایبەت بە خۆی دروست دەکات و زۆرجار لادەدات لەو رێسا و رێزمانە گشتییەی کە زاڵە، ئەم لادانەش بە مەبەستی هونەر و تەکنیک و جوانکاریی و ریتم و شیعرییەتە، لەبەرئەوە وشە و زاراوە و دەستەواژەکانی زمانێک ناکات بە وشە و زاراوەی شیعریی، بەڵکو شێواز و تەکنیکی بەکارهێنانیانە. هۆراس پێیوایە دەبێت شاعیر لە هەلومەرجی گونجاودا وشەکان هەڵبژێرێت و بزانێت چۆن و بە چ شێوازێک وشەکان هەڵدەبژێرێت، هاوکات دەتوانێت وشەکان بەرگی نوێیان بە بەردا بکات. سەبارەت بە ئەرکی زمانی شیعر توێژەر چەند خاڵێک دەخاتەڕوو، لەوانە، شاعیر لە رێگەی زمانی شیعرەوە بونیادی هونەری و ئیستاتیکی شیعر دێنێتە دی. زمانی شیعر بەهۆی ئەرکی ئیستاتیکییەوە زمانی ئاسایی تێپەڕ دەکات و فراوان و دەوڵەمەندیشی دەکات. زمانی شیعر کاریگەری لەسەر خوێنەر و خوێندنەوە دادەنێت. زمانی شیعر بەرگێکی نوێ بە دنیای دەرەوە و جیهانی دەوروبەر دەدات و لە جیهانێکی ئاسایی و رۆتین بۆ سەرسامی و سەرسوڕمان و هونەری و ئەندێشاوی دەیبات. زمانی شیعر بەهۆی خوازە و میتافۆرەوە توانای بەرجەستەکردن، واتا و گوزارشتی نوێ دەبەخشێت. زمانی شیعر وێنەی داهێنەرانە دەسازێنێت و ئەرکی ئیستاتیکی و سیمۆلۆژی دەبینێت، لەبەرئەوە فەرهەنگێکی نوێ دادەهێنێت. لەم پێشینەیەوە توێژەر ئاماژە بە لادانە جیاوازەکانی دەنگسازی، وشەسازی و رستەسازی لە شیعرەکانی شاعیردا دەکات و نموونەیان لێدەهێنێتەوە، لە 
کرتاندنی دەنگدا:
 ئەو سەوەڕە هەتا ئێسقان ڕۆدەچێ!
لە سترانی دەمی غەریبی و وەڕسی و تاسە دەچێ!
شاعیر دەنگی (گ)ی سەگوەڕ و (ت)ی کۆتایی رۆدەچێت و (دەچێ)تی کرتاندووە، تا رەوانتر رستە شیعرییەکە گۆ بکات. هەروەها لە ئاستی وشەسازیشدا چەندین وشەی نوێی داهێناوە، بۆ نموونە:
پیری 
خۆرخواز
سەر، قیبلەنومای یاران و 
دڵ 
پڕ
نیاز

(خۆخواز) رۆنانی شاعیرە و لە فەرهەنگی زمانی رۆژانەدا نییە، یاخود (مۆمیاژن) لەم رستە شیعرییەدا دیسان نوێیە:
کۆرپەی بەر مەمکی مۆمیاژن کەی شیر بمژێت؟
هەروەها شاعیر سوودی لە تێهەڵکێشی وشەی زارە جیاوازەکان بینیوە، بۆ نموونە لەم دێڕە شیعرییەدا کرمانجی ناوەڕاست و شێوەی موکریان و کرمانجی ژووروشی بەکارهێناوە:
نها گریان ئاوردووە
پێچەوانەی کۆنە ساڵان
مەیل دەکات مەشخەڵان

(نها و ئاوردوو) یەکەم کرمانجی ژوورو، ئاوردووش شێوەی موکریانییە کە مەبەست لە سوتەمەنییە. هەروەها لادانێکی تری شاعیر لەئاستی وشەدا، بەکارهێنانی وشەی پەراوێزخراوە، کە شاعیر دەیانهێنێتەوە و میواندارییەکی شیعرییان لێدەکات، ئەمەش بە مەبەستی زیندووکردنەوە و سەرنجڕاکێشانی خوێنەر و زیادکردنی چێژە، لیچ ئەمجۆرە لادانە بە لادانی کاتی، سەردەمی و مێژوویی ناو دەبات و پێیوایە (بریتییە لە بەردەوامی ژیانی رابردوو لە دووتوێی زمانی ئەمڕۆدا). توێژەر ئەم چەند نموونەیە دەهێنێتەوە:
هەڵیش دێرێم
بست بست لە دوو شونت دێم.
(دێرێم و شونت) لەو دوو وشانەن کە کەم بەکاردێن، یاخود لە دێڕە شیعرێکی تریدا:
ئەم چیایە چەند سەرکێشە!
 چ بەوەجە!

وشەی (بەوەج) لە کۆندا بۆ پیاوی ئازا و بەنرخ بەکاربراوە. هەروەها توێژەر لە لادانی رستەسازیدا پێیوایە شاعیر بە مەبەستی ئابوریکردن و شیعرییەت و ئیستاتیکا لادانی لە پێکهاتەی رستەسازیدا کردووە. بۆ نموونە:
باڵەکانم بدەرەوە بەیەکەوە بفڕینەوە
لێرەدا بکەری ڕستەکە (تۆ) کرتاوە، هەروەها (تا) کە ئامرازی لێکدەرە لابراوە، کە لە زمانی رۆژانەدا دەوترێت (تۆ باڵەکانم بدەرەوە تا بەیەکەوە بفڕین). ئەگەر ئەم لادانانە دیوی دەرەوەی دەق بن، ئەوا لادانی واتایی دیوی ناوەوەی دەق بەرجەستە دەکات، کە شاعیر لە دیوی ناوەوەش لادانی ئەنجام داوە و توێژەر نموونەیان لێدەهێنێتەوە، بۆ نموونە لە دژواتاییدا دەنووسێت:
وا تۆ هاتووی
تۆ هەڵهاتووی

وشەی (هاتن) و (هەڵهاتن) دژن، یاخود لە نموونەیەکی دیکەدا بزە و خەم پێکەوە کۆ دەکاتەوە:
بە هەمان بزەی خەماوی جارانەوە.
توێژەر نموونەی پێکدادانی واتاییش دەهێنێتەوە، کە بەهۆی لادانەوە ئەرکی شیعرییەتی بەرجەستە کردووە.
من ئەو دۆزەخە فێنکەم
کردۆتە زێد و نیشتمان
کۆچ دەکەم...
بەشی سێیەم لە سێ تەوەر پێکدێت

بەشی سێیەم، لە سێ تەوەر پێکدێت، کە مۆسیقا و وێنەی شیعریی و تەوەری سێیەمیش بۆ تۆپۆگرافیا و ناونیشان و ئیستاتیکای پرسیار تەرخانە. شیعر مۆسیقایە بە وشە، مۆسیقا تەواوکەری پەیام و بیری شیعرە. توێژەر مۆسیقای ناوەوە و دەرەوەی شیعرەکانی شاعیر بە نموونەی شیعری شیدەکاتەوە. سەرەتا باسی کێشی شیعر دەکات، کە رۆڵی لە پتەویی و چوارچێوەبەندی شیعردا هەیە و رێگە لە پەرتەوازەیی دەگرێت. شاعیر کێشی بڕگەیی جۆراجۆری بەکارهێناوە، هەروەها جوت سەروا و سەروای ئازادیشی بەکارهێناوە، بۆ نموونە ئەمە نموونەیەکە لە سەروای هەمەجۆر:
مانگ شوانکارەی ئەستێرانە
خوا دەزانێت لە کەینێوە
لە ترسی گورگی سەرزەمین
غاریان داوەتە ئاسمانی بێ لوورەلوور
ئاسمانی بێ چەقۆ و برین
دوور لە تەنوور

لە مۆسیقای ناوەوەشدا بە نموونەی شیعرەکانی شاعیر ئاماژە بە جۆرەکانی دووبارەکردنەوە، رەگەزدۆزی، جۆرەکانی دژیەک کراوە. لە وێنەی شیعریشدا لەڕووی دەروونییەوە، وێنەی هەستی (بینین، بیستن، بۆنکردن، چەشتن و بەرکەوتن) و زەینی بە نموونەوە دەرخراوە، هەروەها وێنە لەڕووی رەوانبێژی کە لێکچواندن، خواستن دەگرێتەوە، باسکراوە، لە نموونەی خواستندا دەنووسێت:
مانگ 
بریندارە
تووڕەیە
مانگ لەوەتی هەوێی هەیە
رەنگ و رووخساری وەک بەیە

مانگ وەک لێچوو، کە لەوچووەکەی بەهێیە و رووی لێکچواندنیشی زەردییە. سەبارەت بە تۆپۆگرافیای شیعرەکانیش، شاعیر شێوەی شاقوڵی، پێپلیکەیی، وێنەیی و هەڵوەشاندنەوەی وشەی بەکارهێناوە، بۆ نموونە:
ئەستێرەیێ لە تاریکیدا دەبینرێ
تاقانە.. تیژ تیژ
د
  ا
   د
     ە
       ر
         ژ
           ێ!

ئەمە شێوەیەکە لە هەڵوەشاندنەوەی وشە کە تۆپۆگرافیای دەقەکە هاوتەریبە بە جوانی و هونەری و ئیستاتیکای زمانێکی هونەری جیاواز لە زمانی ئاسایی. لەبارەی ئیستاتیکای ناونیشانیشەوە توێژەر رای وایە شاعیر لە ئاستی ناونیشانی دیوان و شیعرەکانیشدا توانیوێتی شێوەی ئیستاتیکی جیاواز بە دیوان و شیعرەکانی ببەخشێت، کە ببێتە جێی سەرنجی خوێنەر. لە کۆتایی ئەم تەوەرەشدا پرۆسەی پرسیار لە شیعرەکانی شاعیر بەسەردەکاتەوە، کە پرسیاری شیعری جیاوازە لە پرسیاری زمانی ئاسایی کە بۆ دەستکەوتنی زانیارییە، پرسیار لە شیعردا بۆ ئیستاتیکا و سەرسوڕمان و هونەرە، بۆ سەرنجێکشی خوێنەرە، لە کۆتایی تێزەکەدا بە 13 خاڵ ئەنجامەکانی دەخاتەڕوو، کە گرنگترینیان، شاعیر بەهۆی خستنەپاڵەوە چەندین ئەدگاری هونەری بۆ پێدانی واتای فراوان بەکارهێناوە، وەک بە زیندەوەرکردن، بە مرۆڤکردن، بە تەنکردن، بە رووەککردن، لە مۆسیقای شیعریشدا کێشی رەنگاوڕەنگی بەکارهێناوە، لە وێنەی هەستیدا، زیاتر هەستی بینین بەکاربراوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان