قوباد تاڵەبانی: ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان

05:45 - 2024-09-09
کوردستان
325 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆفسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق کۆبووەوە و لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆیان کرد.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ستێڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتی ئەمریکا بەڕێوەچوو، بە گرنگییەوە باس لە ھەڵبژاردنەکانی خولی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا و جەختکرایەوە لەسەر ئەوەی پرۆسەی ھەڵبژاردن دەبێت بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و سەرکەوتووبێت لە بەدیھێنانی خواست و ئیرادەی ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان.

ھەردوولا ھاوڕابوون کە دەبێت گروپی چاودێری نێودەوڵەتی لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەی ھەڵبژاردن بکەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوکۆکرا لەبارەی دۆخی ئەمنی عیراق و ناوچەکە و بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان کرا لە عیراق، بەوپێیەی ھێشتا تیرۆر ھەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا. لەمبارەیەوە، قوباد تاڵەبانی بە گرنگییەوە ئاماژەی بە ھاتنی وەفدەکەی حکومەتی فیدراڵ کرد بۆ ھەرێمی کوردستان و رایگەیاند، ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان و لەناویشیاندا کێشەکانی پەیوەندیدار بە موچە و بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان