وردەکاریی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سلێمانی

05:41 - 2024-09-12
کوردستان
324 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران گەیشتە سلێمانی و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەفدێكی حوكمییەوە پێشوازی لێكرا. 
یەكەم وێستگەی سەردانەكەی مەسعود پزیشكیان دانانی تاجەگوڵینەی رێز و وەفا بوو  لەسەر مەزاری سەرۆك مام جەلال لە دەباشان، لە دەفتەری یاداشتەكاندا نوسی، لەسەر مەزاری جەلال تاڵەبانی خۆشەویست و بەڕێز فاتیحا بخوێنین و سڵاو لە رۆحی بڵند و دیدی كراوە و روانینی قوڵی ئەم خۆشەویستە بكەین.
ئەوەشی نووسیوە، "رێز لە فیداكاریی و چالاكییەكانی ئەم گەورەپیاوە لە پێش شۆڕش تا پاش شۆڕش بە ئامانجی گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئازادیی خاكە خۆشەویستەكەی و هەوڵە بێكۆتاكانی بۆ بەدیهێنانی یەكگرتوویی و یەكڕیزی لە ناوخۆی وڵات و باوەڕی بە هاوكاریی لەگەڵ ئێرانی خۆشەویست، بگرین".
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا مەسعود پزیشكیان لەبارەی هاتنی بۆ شاری سلێمانی وتی:" من لە سابڵاغ لە دایكبووم، ئاشنایەتیم لەگەڵ ناوچەكە و یەكێتی هەیە، پێم خۆشبوو سەردانی سلێمانی بكەن لە نزیكەوە بیانبینم و پەیوەندییەكانی ئێران و سلێمانی و كەركوك و هەولێر  لە رووی ئابووری و ئاسایش و پیشەسازی و زانستییەوە بەهێز بكەین.
دواتر بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە دەباشان پێشوازییان لە مەسعود پزیشكیان و وەفدی یاوەری كرد و كۆبوونەوە. دوابەدوای كۆبوونەوەكە مەسعود پزیشكیان و بافڵ تاڵەبانی بە یەك ئۆتۆمبیڵ بەرەو فڕۆكەخانەی سلێمانی بەڕێكەوتن و كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ سلێمانی هێنا و بەرەو شاری نەجەف بەڕێكەوت.
لە پەیامێكیشدا قوباد تاڵەبانی  وتی، سەردانی بەڕێز دكتۆر مەسعود پزشكیان، سەرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سلێمانی و بەسەركردنەوەی مەزاری سەرۆك مام جەلال، جەختكردنەوەیە لە بەردەوامی و بەرەوپێشبردنی زیاتری ئەو پەیوەندییە مێژووییەی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران كە جەنابی سەرۆك مام جەلال بەردی بناغەكەی داناوە.
وتیشی، زۆر خۆشحاڵ بووم كە بە یاوەری سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، پێشوازیمان كرد لە جەنابی سەرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران و سەردانی بەڕێزیام بۆ كوردستان و سلێمانی و ئاماژەی بەوەشكرد، سەردانەكەی دەرفەتێكی مێژووییە بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران لە بوارە جیاوازەكاندا.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی # ئێران

بابەتە پەیوەندیدارەکان