لە کەرکوک یەکەم قۆناغی خولی بژاردەی تۆپی دەستی خانمانی عیراق دەستیپێکرد و رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک ئامادەی یارییەکانی رۆژی دەستپێک بوو.
ئەم خولە یەکێتیی تۆپی دەستی عیراق بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی لاوان و وەرزشی کەرکوک لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەڕێوەی دەبات، یانەکانی (فەتاتی کەرکوک، سۆلاڤ، هەولێر، نەجمە) بەشداریی تیادا دەکەن.
رۆژی هەینی 13/9 یارییەکانی ئەم خولە دەستیپێکرد، پارێزگاری كهركوك لە مەراسیمی دەستپێکدا، لەوتەیەکیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە کەرکوک میوانداریی ئەم خولە و تیمەکانی کردەوە، هەروەها ووتی؛ کەرکوک هەمیشە پەرۆشی ئەم جۆرە بۆنانە بووە و ئامادەشە میواندارییان بکات تا شارەکە ببێتە مەکۆیەک بۆ گەنجانی لێهاتو و داهێنەر و ئەمەش پەیامی پێکەوە ژیان و تەبایی دەگەیەنێت و ئیدارەی نوێی كهركوك خوازیاره ئەم جۆرە چالاکییانە له پێشینهی كارهكانیدا بێت.
دواتر لەدەستپێکی خولەکەدا و رۆژی یەکەمی خولەکە دوو یاریی کران، لە یەکەمیاندا خانمانی نەجمە 25-13 لە خانمانی هەولێر- یان بردەوە، لەیاری دوەمیشدا خانمانی فەتاتی کەرکوک 25-19 لە خانمانی سۆلاڤ-یان بردەوەو یارییەکەنی خولەکەش بەردەوامن و ئەمڕۆ یەکشەممە جەولەیەکی تری یارییەکانی ئەم قۆناغە بەمشێوەیە دەکرێن:
*نەجمە × سۆلاڤ-سەعات 4 ی عەسر.
*فەتات × هەولێر-سەعات 6 ی ئێوارە.
رزگار شوانی