سی شوباتی ساڵی زریانه گه‌وره‌كه بوو یان دوای ئه‌وه‌بوو، باش له فكرم نییه، به‌خوا باقڵ گرانییه‌كه‌ش بوو! تازه به تازه خه‌ریك بوو خوا ده‌روویه‌كی لێ ئه‌كردینه‌وه بیرمه هێشتا زه‌مین بێگانه‌یه‌ك بوو به خوێنی براكان! وه‌لحاڵ، ئه‌ڵێن بیری مناڵی تیژه، ئاوا له ده‌وری یانزه ساڵێك ئه‌بووم، دوای ده‌وامی قوتابخانه له‌گه‌ڵ كاكم سه‌رقاڵی دروستكردنی گۆزه و نه‌خشاندنی نیگاره‌كان بووین. سه‌رتان نه‌ئێشێنم گۆزه‌چییه‌تی باوترین پیشه بوو له شینا. ئه‌ڵێن وه‌ختی خۆی یه‌كێك له فه‌رمانڕه‌واكان زۆر هونه‌رمه‌ندبووه و باشترین نیگاركێش و گۆزه‌چی له وڵاتانی دراوسێ هێناوه به تایبه‌ت باشوور، ئیدی ورده ورده گۆزه‌چییه‌تی په‌ره‌یسه‌ندووه.
رۆژێك وه‌ك ئیمڕۆ، رووناكییه‌كی كه‌م وه‌ك ته‌لیسمێك له درزێكی قاپییه سووره‌كه‌وه هاتبووه ژووره‌وه. كاكیشم وه‌ك هه‌میشه له سووچێكی ئه‌وێنده‌ر نوقمی دونیاكه‌ی خۆی بووبوو.
-كاكه گیان، ئه‌توانم بێمه ژووره‌وه؟
-وه‌ره عیسا گیان.
-ئه‌مویست بڵێم له‌سه‌ر ئیزنی تۆ ئه‌مه‌وێت له نمایشی ئیمساڵی شانۆگه‌ری قوتابخانه به‌شداری بكه‌م؟
-ئه‌ی ده‌رس و ده‌وره‌كه‌ت چی؟
-به‌خوا پشتگوێ‌یان ناخه‌م، خه‌مت نه‌بێ.
چاوم زیتكردۆته‌وه و ده‌ڕوانمه چاوه‌كانی عیسا.
-كاكه گیان، بۆ بێده‌نگی.
-هیچ نییه.
-كاكه ئه‌م بێده‌نگی و ته‌نیاییه تاكه‌ی!؟
به شقارته‌كه‌م جگه‌ره‌یه‌كم داگیرساند‌و گوتم:
- عیسا فه‌نی ئه‌م قسه‌یه‌م بكه ئه‌ڵقه‌یه‌ك و بیكه‌ره گوێت:
یه‌ك سه‌ده ته‌نیا بیت هێشتا قه‌ڕنان ئه‌بیت و ئه‌ته‌وێت ته‌واوی ته‌نیایی دنیا بۆ تۆبێت.
دووكه‌ڵی جگه‌ره‌كه‌م به‌رچاوی گرتبووم به‌گاڵته‌ئامێزانه گوتم:
ئا، كاكی ئه‌فه‌نی، له‌وانه‌یه سوودی بۆ ده‌قی شانۆگه‌رییه‌كه‌ش هه‌بێت!
هێشتا له‌سه‌ر به‌ڕه ره‌ق و بێفه‌ڕه كه نه‌نكم وایه‌زانی فه‌رشی كاشانه نوقمی تاقه نامه‌كه‌م بووم، هه‌مووشت وه‌ك بڵێسه له مێشكمدا تاوی ده‌سه‌ند.
ئه‌حمه‌د له نامه‌كه‌یا نوسیبووی: كامه‌ران، رێگاكه‌مان سه‌خت و قاقڕه هاوڕێم، ناگه‌ڕێمه‌وه بۆ رێگا ته‌واونه‌كراوه‌كان، بۆ ئه‌و زه‌وییه‌ی هێشتا بۆنی خوێنی براكان كاست ئه‌كات!.
-زووكه عیسا، ئه‌مڕۆ ئیشمان زۆره.
-كاكه خۆ نانمان به‌ساجه‌وه نه‌سووتاوه ئیتر بۆ ئه‌وه‌نه زوو!؟
-ئه‌و رۆژانه‌ی قوتابخانه نه‌بوو زوو ده‌چووینه كارخانه.
كامه‌ران پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی هیچ جێیه‌كی شین نه‌ده‌چوو، له شین خراپ تۆرابوو، ئه‌وه‌تا، ده‌ر و دراوسێ وه‌ك كه‌و له‌سه‌ر سه‌ری ئه‌یانخوێند به‌وه‌ی جوابی سه‌لام و كه‌لامیان ناداته‌وه، تاوه‌كو ئه‌وه‌بوو رۆژێك تا خوا قوه‌تی دابوو هاواری كرد به‌سه‌ر كۆنه دراوسێیه‌كماندا و گوتی: كاكه گیان، دراوسێ قه‌درگرانه‌كانی دایك و باوكم، من وه‌ك كامه‌رانێكی پارێزگارنا، مۆر له‌سه‌ر دڵماننرا تا پارێزگاری له شین بكه‌ین به‌خوا ناوه‌كه‌شم پڕ به‌پێستی خۆم نه‌بوو، وه‌ك سه‌ربازێكی كامه‌رانی پاش جه‌نگیش نا، نازانم داخۆ ئه‌بێت به‌چی خۆم بناسێنم! من چه‌شنی باڵنده‌یه‌كی خۆش خوێنی ناو هێلانه‌یه‌ك بووم، هێند دوورفڕیم بێ ئه‌وه‌ی ئاوڕ له هێلانه‌كه‌شم به‌مه‌وه، ئا ئه‌مه‌یه ئه‌و ته‌نهاییه‌ی ناو ناخمی گڕداوه!.
دراوسێی داماو چاویان ئه‌بڵه‌ق بووبوو به‌م قسانه، حاجی كه‌ریم ئاگری لێئه‌باری و گوتی: كوڕه خوام كرد به‌گشتانا، كامه‌ران، ئه‌م قسه قۆڕانه چییه، له‌به‌ر ئه‌و گۆڕه‌ی دایك و باوك نه‌بوایه دوو قسه‌م ئه‌كرد، یاڕه‌بی له‌ده‌ست ئه‌ولای ئه‌م زه‌مانه!.
- بڕۆعیسا، قاپییه‌كه داخه و وه‌ره ژووره‌وه، ئاخر تۆكه‌ی سه‌لامت كردووه من وه‌ڵامم نه‌دابێته‌وه، حاجی نا كه‌ریم!.
ئه‌و وه‌خته‌ی گه‌شتمه ده‌روازه‌ی شار، قاچه‌كانم به‌یه‌كدا ئاڵان وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رسمێك بده‌م!.
«كاكی گالیسكه‌چی له‌وێنده‌ر راوه‌سته»
«فه‌رموون، گه‌شتێكی خۆش بۆ ئێوه.»
هه‌موو شت له شوێنی خۆیبوو دووكان و بازاڕ و كارخانه، ته‌نانه‌ت پینه‌چییه‌كه‌ی كاك مستافا هه‌ر له وێنده‌ربوو. گوێیه‌كانم هێواش هێواش ده‌كرانه‌وه له هاوار و سه‌دای شینه‌كان. ره‌نگبێ هێشتا تاكه شتێك له‌پێش چاووم بزر نه‌بووبێت مه‌سره‌حه‌كه‌ی نێوه‌ڕاستی شین بووبێ، هێشتا له جه‌مالی ته‌بیعه‌تدا وه‌ك به‌هه‌شت بوو، زه‌مانێك له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سره‌حه هاواری خۆشه‌ویستی، ژیان و نانمان ئه‌كرد.
نزیك ئه‌بووینه‌وه له نمایشی شانۆگه‌ری قوتابخانه‌كه، ئه‌و ساتانه هاتنه‌وه فكرم كه گه‌ڕامه‌وه. چۆن به عیساش بڵێم مه‌یلم لێی نییه ئه‌مه‌ش فكرمی ئاڵۆزكردبوو! یاڕه‌بی به قه‌د گه‌وره‌یی خۆت له‌م چوارشه‌مه‌یدا سه‌هلی بكه. هێشتا تاریكی نه‌كردبوو گه‌ڕامه‌وه ماڵێ، له‌ودیوی په‌نجه‌ره‌ی هۆده‌كه عیسا عه‌ینی مزراح ئه‌سوڕێته‌وه. چوومه نزیكی قاپییه‌كه و ته‌ماشام كرد و گوتم:
-رۆڵی هاملێتت پێدراوه وا جێ به‌خۆت ناگری؟
-هاملێت كێیه كاكه؟
-به ته‌نزێكه‌وه گوتم :
-هیچ، كابرایه‌ك بوو سه‌ری خۆی خوارد .
-تۆ سبه‌ینێ ئاماده ئه‌بیت؟ تو گۆڕی دایك و باوكم وه‌ره، من له داره‌ی دنیا هه‌رتۆ شك ئه‌به‌م.
-زمانم گۆی نه‌كرد، ته‌نها سه‌رێكم له‌قاند.
بلیت‌فرۆش تا ئه‌توانێ هاوار ده‌كات « كاروانچی و هاووڵاتییه قه‌در گرانه‌كانی شین، ئیمڕۆ قه‌راره دڵۆپه‌ئاوێك له دوو رووباری نزیك خۆمان خۆی نمایش بكات.»
-كاكی رێبوار، فه‌رموو ئه‌م بلیته‌ش بۆ تۆ.
-وه‌ك رێبوارێك پرسیم :
-نمایشه‌كه له كوێییه به‌ڕێز.
-ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه، ده‌بینی لای ده‌سته‌ڕاست، ئه‌وێیه.
«خانمان و پیاوانی شین، رێبواره به‌ڕێزه‌كان. دووباره شین تابلۆیه‌كی نوێ پڕ به باڵای خۆی له‌سه‌ر ده‌ستی منداڵانی ئه‌م وڵاته ده‌نه‌خشێنێت»
پاش به‌خێرهاتن نمایشه‌كه ده‌ستی پێكرد.
« ئازیزان سڵاوتان لێبێت «
كیژی چیرۆكخوان به پرچێكی رازاوه و به‌دله‌یه‌كی زه‌رده‌وه به‌م چه‌شنه ده‌ستی به نمایش كرد. منیش ئه‌مه‌وێت ئه‌گه‌ر كه‌مێكیش بێت داهاتووی خۆم له‌سه‌ر رووی ئه‌م خاكه دیاری بكه‌م. به ته‌نزێكه‌وه دڵۆپه ئاو گوتی: كام داهاتوو؟ داهاتووی تۆی وشكه ساڵییه.
«به‌ڵێ، منیش مافی خۆمه جێ پێیه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م خاكه جێبهێڵم «عیسا كه رۆڵی وشكه‌ساڵی هه‌بوو، به هه‌ستێكی باڵاوه گوتی: دنیا هێشتا تاریك نه‌بوو نمایشه ناوازه‌كه كۆتایی هات. دیواره پڕ له ره‌نگه‌كانی گه‌ڕه‌كی گۆزه‌چییه‌كانیش پێشوازیان له ئێمه كرد.
-عیسا باوه‌ڕم نه‌بوو ئه‌وه‌نده سه‌ركه‌وتووبن!
-بۆ كاكه گیان یانی ئه‌وه‌نه باشبووم، وه‌ك ئه‌و باشبووم، هاملێت؟
-هاملێت خه‌ڵكی كوێیه رۆڵه؟ تۆ زۆر باشبوویت.
له قاپییه ژه‌نگخواردووه‌كه‌وه ترازاینه ژووره‌وه، هاته‌وه بیرم چلۆن ئه‌حمه‌د دواینجار ترازایه ژوورێ و به بۆڵه‌بۆڵ گوتی:
-كامه‌ران هۆ كامه‌ران، له ماڵی كاكه؟
-ئه‌حمه‌د ئه‌وه تۆیت؟ هاتم هاتم.
-كاكه ناومان هاتۆته‌وه له‌سه‌ربازی!
-نه‌مزانیبوو، چۆن شتی وابێت!
-بۆ نابێت كاكه؟ خۆ به‌شداری جه‌نگی به‌رلین و ستالینگراد ناكه‌ین، قابیله ئه‌وپه‌ڕی تا سنوور زیاتر ناڕۆین ئیتر بۆ خۆت مشه‌وه‌ش كردووه.
-له قسه‌ی خۆت ناكه‌ویت، بۆ من ئاسانه به‌ڵام... تێئه‌گه‌یت؟
-خوا ده‌لیلی داماوه خه‌مت نه‌بێ.
-ئاش له خه‌یاڵێ و ئاشه‌وان له خه‌یاڵێ.
-ئاشی چی و خه‌یاڵی چی، ئه‌وه تۆ ئه‌ڵێی چی، بۆ تۆ وا ئه‌زانی دڵم پێی خۆشه؟ ده‌سه‌ڵاتی چیمان هه‌یه ئێمه؟! سه‌ره‌تای هه‌فته ده‌ست به ئاماده‌كارییه‌كان ده‌كه‌ین ته‌واو ئیتر.
-باشه
چه‌ند رۆژێك دواتر له ئانوساتێكی ته‌مومژاویدا دوو رووبار ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ خۆی بۆ هه‌میشه ده‌باته قووڵایی سنوورێك گه‌ڕانه‌وه‌ی نییه! سه‌ری زمان و بنی زمانی خه‌ڵكیش ئه‌وه‌یه ئه‌حمه‌د به‌رده‌وام له ژێر هه‌ڕه‌شه و چاوسووركردنه‌وه بووه، بانگهێشتی سه‌ربازیش له به‌هانه‌یه‌ك زیاتر نه‌بووه. حه‌سره‌تی له‌ده‌ستدانی ئه‌حمه‌د له ره‌گوریشه‌ی ده‌رهێنابووم، هه‌روه‌ختێك ره‌تبوومایه به‌هه‌ر كوچه و جێیه‌كی شین ئه‌سته‌م بوو یادێكی ئه‌وم وه‌بیرنه‌هاتایه‌ته‌وه .
-چۆنی وه‌ستاگیان، كامه‌ران له‌وێییه؟
-به‌خێربێیت، به‌ڵێ له ژووره‌وه‌یه.
-كامه‌رانه فه‌نی دیارییه‌كه‌ت ته‌واو كردووه؟
-سه‌لامێ، كه‌لامێ، خۆ به‌پاره‌نییه، دوای ئه‌وه‌ش ئه‌وه دیارییه ئیتر تۆ هه‌ق چییه، چۆنه و كه‌ی ته‌واویی ئه‌كه‌م.
- كه‌وایه سه‌لاموعه‌له‌یك.
-ئاده‌ی كامه‌ران با قژی كاڵبێت، ئاده‌ی خۆت لایه بزانم چۆنه، نا تۆزێك ئه‌ولایه‌ی كاڵتربكه.
نیگاری دواهه‌مین گۆزه‌كه كیژێك بوو به پرچێكی كاڵ و به‌دله‌ییه‌كی مۆره‌وه له‌سه‌ر جۆلانه‌یه‌كی به‌رز خه‌یاڵ ده‌كات. ته‌واو تێیڕاماوم، له‌گه‌ڵ تاقه‌نامه‌كه‌م و نیگاری سه‌رگۆزه‌كه و ئه‌بڕزكێنم:
« ئێره دنیای ئه‌وانی تره و تۆ تێیدا ئاواره‌بوویت، ئه‌مه هه‌ستێكه سارد. من تۆم هه‌یه و تۆش لێره نیت، تۆیه‌ك به هه‌موو هیواته‌وه له نێو وڵاتی شین و له سه‌رده‌مێكی پووچدا هه‌رسێكتان وێنه‌یه‌كی زۆر دزێو دروست ده‌كه‌ن. ته‌ماشایه‌كی من بكه وه‌ك باڵنده‌یه‌كی بریندار له هێلانه‌یه‌كی ته‌لبه‌ندكراودا ئازادم، ئازادم و بریندارم. به خۆم و كۆڵێ گله‌یی و گازه‌نده‌وه تا ده‌مه‌وبه‌یان، تاكو دواهه‌مین نه‌فه‌سم كێشا پاش دیتنی دواهه‌مین دێڕێك كه له ته‌نیشت نیگاره‌كه‌دا نووسرابوو «كات شانزه‌ی به‌یانی مانگی شوباته، هاوڕێم هه‌میشه له یادبێت، ئه‌گه‌ر دڵ گۆزه‌یه‌كی شكاوبێت ئاسووده‌ییه به‌وه‌ی له بنیدا چۆڕێكی تێداماوه بۆ ئومێد.»