زەنوێران بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان

09:52 - 2024-09-16
ڕاپۆرت
199 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ جێگر خدر

لە ژاراوەی قەزای پشدەر فێستیڤاڵی زەنوێران بە ئامانجی ناساندن و ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی سنوورەکە بەڕێوەچوو، زیاتر لە 40 جۆر بەرهەمی خۆماڵی نمایشکرا.

لە فێستیڤاڵی زەنوێران زیاتر لە 40 جۆر میوە، دانەوێڵە، وشکە، شیرەمەنییەکان و هەنگوین نمایشکران و فرۆشران

یەکەم جارە فێستیڤاڵێکی لەو شێوەیە لە ناحیەکە بەڕێوەبچێت، رێزان خدر سەرۆکی شارەوانی ژاراوە رایگەیاند: بوونی جۆرەها بەرهەمی خۆماڵی، جووتیارێکی زۆری ماندوو، ئاژەڵدارانی بە بەرهەم هۆکاربوون بۆئەوەی بیر لە کردنەوەی دەرگایەک بەڕووی ئەو هەموو دەستی کارەدا بکەینەوە.
وتیشی: فێستیڤاڵی زەنوێرانمان راگەیاند بە سەدان کەس کە بژێوی ژیانیان لەسەر بەرهەمهێنانی بەرهەمی خۆماڵییە لە سنووری قەزای پشدەر بەشدارییان تێدا کرد و بەرهەمەکانیان نمایش کرد، پشدەر بە بەروبوومی خۆماڵی بەناوبانگە و ساڵانە دەخرێنە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە.
لە فێستیڤاڵی زەنوێران زیاتر لە 40 جۆر میوە، دانەوێڵە، وشکە، شیرەمەنییەکان و هەنگوین نمایشکراو فرۆشران، سادر عەبدولڕەحمان هەنگەوانێکی بناری قەندیلە چەندین جۆری هەنگوینی کوێستانەکانی بناری قەندیلی نمایش کردبوو وتی: بوونی شوێنێک و چالاکییەکی لەو جۆرە بۆ ئێمەی هەنگەوان گرنگە، لەلایەک بەشێک لە بەرهەمەکانمان ساغ دەکەینەوە و دەیفرۆشین، لە لایەکی دیکەوە ناساندنێکی باشە بۆ بەرهەکانمان، خەڵکانێکی زۆر گومانیان لە کوالێتی بەرهەممان هەیە، لێرەوە پێمان وتن کە هەنگوینی زۆرباشی کوێستانەکانی بناری چیای قەندیل لای ئێمە دەستدەکەوێت و پێویست بە دڵەڕاوکێش ناکات، دەتوانن پشکنینی زانستی بۆ هەنگوینەکانمان بکەن.
فێستیڤاڵی زەنوێران، سەرەتا بڕیار بوو ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت، بەڵام بەهۆی پێشوازی گەرمی کڕیاران بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان، جووتیاران، ئاژەڵداران و هەنگەوانان بڕیاریاندا چەند رۆژێکی دیکەش بەدەوامبن  لە نمایشکردنی بەرهەمەکانیان، هەروەها هانی رێکخەرانیدا ساڵانی داهاتووش کار بۆ فێستیڤاڵی لەم شێوەیە بکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان