ئا: نەوزاد ساڵح*
پێداچوونەوەی یاسایی: پارێزەر ئارام ساڵح محەمەد
پێشەکی:
بە باشمانزانی لە دەقی چەند پرسیار و وەڵامێکدا ئەم سەرنج و زانیارییانە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بخەینە بەر دیدی خوێنەران، بەو هیوایەی خزمەتێک بێت بە پڕۆسەکە.
پرسیاری یەکەم/ بایەخی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە چیدایە؟
-هەڵبژاردن، پڕۆسەیەکی شارستانیی گشتیی چارەنووسسازە، ئامانج لە دەنگدان ئاڵوگۆڕی ئازادانەی دەسەڵاتە لە رێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە، هەڵتەکاندنی رووبەری پشتاوپشت و هێنانە کایەی حوکمی نوێنەرایەتییە. هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی چەقبەستووی ناهەمواری سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیدایە و بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی زیاتر لە ساڵێکە کارەکانی زۆربەی دامەزراوەکانی راگرتووە و پەرلەمان و حکومەت ماوە بەسەرچوون. بۆ رزگارکردنی حکومەت لە بۆشایی یاسایی و دەرچوون لەم قۆناغە و کەمکردنەوەی ئەو گوشارانەی لەسەریەتی، تەنها دەرچە کە شەرعییەت بگێڕێتەوە بۆ حکومەتی هەرێم و قەوارەکەی، هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردە کە چاوی دنیای دەرەوە و ناوخۆشی لەسەرە کە لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجام دەدرێت، مەخابن لە ساڵی 1992ەوە تائێستا پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچووە، هیچ یەکێک لەو خولانە لەوادەی خۆیدا ئەنجام نەدراوە.
پرسیاری دووەم/ لە دەنگدان و هەڵبژاردن چی دەچنینەوە؟
-هەڵبژاردن جگەلەوەی مافی هەموو هاووڵاتییەکە دەنگی خۆی بدات و بەشدار بێت، ئەم لایەنە ئەرێنیانەشی هەیە:
-1بەشدارییپێکردنی تاکە لە جووڵە و چالاکییەکی مەدەنیدا.
-2رێگەیەکە بۆ پەیوەندییکردنێکی راستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵێک دامەزراوەدا.
-3ئامڕازێکە بۆ دەربڕینی راوبۆچوونی تاکەکەسی و گروپ.
-4دەنگدەر هەست دەکات بەشێکە لە پڕۆسەکە و ئەرک و مافی خۆی جێبەجێ دەکات.
-5باشترین میکانیزمە بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات، دوور لە رێگەی توندڕەویی.
-6ململانێیەکی دیموکراتیانەیە کە سندوقەکانی دەنگدان تیایدا دەبنە سەنگی مەحەک.
-7تاک رۆڵی دەبێت لە پڕۆسەی سیاسی و گۆڕانکارییەکان و هەڵبژاردنی ئەو لیست و کاندیدانەی کە لەلای پەسەندە بۆ پەرلەمانی کوردستان.
-8 بەهەڵبژاردن دەتوانین سیستمی حوکمڕانی راست بکەینەوە.
-9 دەرخستنی توانا و توانستی تاک بەرجەستە دەکات و دەرفەت دەڕەخسێنێت لەبەردەم هاووڵاتیاندا بۆ بەشداریکردن لە پرۆژەی گشتیدا.
-10 هەلی کار دەرەخسێنێت بۆ هەزاران گەنج و لاوی وڵات لە پڕۆسەیەکی شارستانیدا.
پرسیاری سێیەم/ بنەما یاساییەکانی ئەم پڕۆسەیە چیین؟
-1خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 ئەنجام دەدرێت کە (8) جار هەموارکراوەتەوە.
-2پشت دەبەستێت بە یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق ژمارە(31)ی ساڵی 2019.
-3یاسای پارتە سیاسییەکان ژمارە (36)ی ساڵی 2015.
-4بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عیراق ژمارە 355 لە 20/5/2024.
-5بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە 83، هەردوو هاوتاکەی 131و 185 /2023.
پرسیاری چوارەم/ ئەو کۆت و بەند و بەربەستانە چی بوون کە بوونە هۆکاری دواکەوتنی پڕۆسەکە؟
کۆت و بەندەکان بەشێکیان یاسایی و هەندێکیان هونەری بوون لەبەردەم پڕۆسەکەدا کە تێبینی و سەرنجی پارتەکانی لەسەربوو، کە بوونە هۆکاری دواخستنی پڕۆسەکە لەوانەش (تۆماری دەنگدەران، کورسیی کۆتاکان، هەمواری یاساکە، بازنەکانی هەڵبژاردن) بە رێککەوتنی کۆمسیۆن و دادگای فیدراڵی چارەسەرکران و هیچ بەربەستێک لەبەردەم پڕۆسەکەدا نەماوە، تەنها مەرجی بنەڕەتی کە دانراوە دەنگدەر پێویستە(کارتی دەنگدانی بایۆمەتری)ی هەبێت.
پرسیاری پێنجەم/ بە چ بڕیارێک جوگرافیای هەرێم کراوەتە چوار بازنەی هەڵبژاردن؟
-بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە 83 هەمواری 131و 185 /2023 هەرێمی کوردستان کراوە بە چوار بازنەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی چوار پارێزگا کە هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە -ن.
پرسیاری شەشەم/ ژمارەی کورسییە هەمیشەییەکانی پەرلەمان چەندن و کێبڕکێ لەسەر چەند کورسییە؟
-کورسییەکانی پەرلەمان ئێستا (95) کورسی گشتین کە دابەشکراون بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجەدا و رێژەی 30 ٪ بۆ کۆتای ژنان دیارییکراوە (ئەگەر بەدەنگی خۆیان سەرنەکەوتن) واتە دەبێت لە نێوان سێ کاندیددا لە سێ براوەی لیستێکدا، یەکێکیان ژن بێت.
پرسیاری حەوتەم/ کێ مافی سکاڵاکردنی هەیە لە پڕۆسەکەدا؟
ئەگەر هەر کارێکی نەشیاو بینراو هەستی پێکرا، هەریەکە لە دەنگدەران و بریکاری قەوارەکان، بریکاری هاوپەیمانییەکان، بریکاری کاندیدی سەربەخۆ، مافی سکاڵا کردنیان هەیە و دەستبەجێ دەتوانن فۆرمی سکاڵا ژمارە (110) و زەرفی قەبارە (A4) لە بەڕیوەبەری بنکەی دەنگدان وەربگرن و پڕی بکەنەوە، پاشان بە سێ وێنە کە دوو وێنەیان دەخرێتە سندوقی سکاڵا و وێنەی سێیەمیش لای سکاڵاکار دەمێنێتەوە، مافی سکاڵا بۆ دەنگدەران تەنها لەو ناوەندەی کە دەنگدەرەکە دەنگی لێدەدات مافی سکاڵای هەیە.
فۆتۆ: حەمە عومەر
پرسیاری هەشتەم/ کورسی پێکهاتە نەتەوەییەکان چەندن؟
لەم پڕۆسەیەدا بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ژمارە (83) تایبەت بەم پرسە و رۆژی 20/5/2024 دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عیراق بڕیارییدا (5) کورسی بۆ پێکهاتەکان بگێڕێتەوە و بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا دابەشی بکات، بەم شێوەیە دوو کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان، یەک کورسی لە سلێمانی، یەک کورسی لە هەولێر، سێ کورسیش بۆ پێکهاتەی کلد و سریان و ئاشوریی و ئەرمەن یەک کورسی لە سلێمانی، یەک کورسیش لە هەولێر و یەک کورسیش لە دهۆک، مەخابن کە رەچاوی پێکهاتەی کاکەییەکان لە هەرێمی کوردستان نەکراوە کە پێکهاتەیەکی رەسەنی کوردن.
هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی چەقبەستووی ناهەمواری سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیدایە و بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، زیاتر لە ساڵێکە کارەکانی زۆربەی دامەزراوەکانی راگرتووە و پەرلەمان و حکومەت ماوە بەسەرچوون
پرسیاری نۆیەم/ ئەو بنەمایانە چین کە ئاکار و رەفتاری تایبەت بە بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن دەیانگرێتەوە؟
-1پێویستە رێز لە ماف و ئازادیی رادەربڕین و بەرنامەی قەوارە و پارتەکان و کاندیدەکان بگیرێت و پێکدادانی کۆمەڵایەتی روونەدات.
-2زەمینەی لەبار بۆ شوێن و کاتی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن بڕەخسێنرێت و گرفت نەهێنرێتە بەردەم بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە.
-3گیانی هاریکاریی لە نێوان قەوارە و کاندیدەکاندا هەبێت و سەکۆی گشتی رێگەپێدراو، شوێنی چالاکییەکان قۆرغ نەکرێت.
-4دەبێت لە دووری دامودەزگا حکومییەکانەوە پۆستەر و ریکلامی قەوارە سیاسییەکان و کاندیدەکان هەڵبواسرێت.
-5ژینگەی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن دەبێت لە کەشێکی دیموکراتی ئاساییدا بێت و هەوڵ بدرێت کەمترین بەریەککەوتن رووبدات، هەروەها پێویستە میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی رۆڵێکی کاریگەریان هەبێت.
-6 لە ماددەکانی17و18ی پەیڕەوی هەڵمەتی هەڵبژاردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا، سزای سەرپێچی کاری دەستنیشانکردووە کەپێچەوانەی یاسا و راسپاردەکانی کۆمسیۆن رەفتاری کردووە.
-7پێویستە دوای تەواوبوونی پڕۆسەکە تیمە خۆبەخشەکان و تیمەکانی تری بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردنی قەوارە و کاندیدەکان سەرجەم پۆستەر و فلێکس و وێنە و کەرەستەکانی ریکلام لێبکەنەوە و شوێنە بەکارهاتووەکان خاوێن بکەنەوە.
پرسیاری دەیەم/ گۆڕانکاری لە ئامێرە ئەلەکترۆنییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کاریگەریی لەسەر پڕۆسەکە دروست دەکات؟
- وێڕای ئەوەی کە ئەم پڕۆسەیە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە بەڕێوەدەچێت لە هەمان کاتیشدا یەکەمینجارە چەند ئامێرێکی ئەلەکترۆنی هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێت کە ئەوانیش ئامێری (PCOS) (پیکۆس) ، (VVD) کە ئەرکی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگدان و هەردوو دیوی کارتی دەنگدانەکە کۆپی دەکات و دوای دڵنیایی لە دروستیی زانیارییەکان، وەڵامەکان و ئەنجامەکان دەنێرێت بۆ فلاشێکی (USB) بەستراو کە زانیارییەکان هەڵدەگرێت و دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی راپۆرتی ئەنجامەکانی وێستگەکە لە چەند خولەکێکدا دەدات بەدەستەوە، دواتر کۆی راپۆرتی ئەنجامەکانی وێستگەکانی ناوەندی دەنگدان لە رێگەی ئامێری (RTS) ەوە دەنێرێت بۆ سەنتەری کۆکردنەوە و پۆلێنکردنی داتاکان کە لە بەغدایە و لە ماوەی 24 سەعاتدا ئەنجامی بەرایی لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە رادەگەیەنرێت.
پرسیاری یازدەیەم/ رێکارە دروستەکانی ململانێ و کێبڕکێی لیستەکان و پاڵێوراوەکان دەبێت چۆن بێت؟
-پێویستە قەوارەکان و پاڵێوراوەکان پابەندبن بە رێسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵاوە و پێش بڕیار و راسپاردەکانی کۆمسیۆن نەکەون و پێشێلکاری نەکەن، هەتا سزای یاسایی وەرنەگرن، بەپێچەوانەوە دوور نییە سزاکە نەگاتە ئاستی دەرکردن لە لیست.
پرسیاری دوازدەیەم/ مەرجەکانی بەشدارییکردنی پاڵێوراوەکان چین؟
-1 دانیشتووی هەرێمی کوردستان بێت.
-2 هەڵگری رەگەزنامەی عیراقی بێت.
-3 تەمەنی گەیشتبێتە (25) ساڵ و مرۆڤێکی تەندروست بێت لەڕووی ژیرییەوە.
-4 بزانێت بخوێنێتەوە و بنووسێت.
-5 حوکم نەدرابێت بە تاوانی ئابڕوبەر و لەکەدار بە شەرەف و ئادابی گشتی و دەستپاکی.
-6 حوکم نەدرابێت بە بەندکردن بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست یان دزیکردن.
-7 ناوی لە تۆماری بایۆمەتریدا هەبێت و کارتی بایۆمەتری هەبێت.
-8 بەشداریی نەکردبێت لەو تاوانانەی دەسەڵاتی پێشووی پاکتاوکەر.
ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکان بڕیار لەسەر رێژەی ئەندامانی پارێزگاکان دەدەن لە پەرلەمان
پرسیاری سیازدەیەم/ ژمارەی پارت و قەوارە و هاوپەیمانییەکان چەندن؟
لەم پڕۆسەیەدا (13) پارتی سیاسی و (2) هاوپەیمانی بەشدارن لە کێبڕکێکەدا کە لەسەر (95) کورسیی گشتی کێبڕکێ دەکرێت، پارتەکانیش ئەمانەن:-
-1 یەکێتیی نیشتمانیی کورستان ژمارە (129)
-2 پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارە (190)
-3 بزوتنەوەی گۆڕان ژمارە (114)
-4 یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان ژمارە (148)
-5 کۆمەڵی دادگەری کوردستان ژمارە (147)
-6 بەرەی گەل ژمارە (169)
-7 هاوپەیمانیەتی نیشتمانی کوردستان ژمارە (162)
-8 هاوپەیمانیەتی سەردەم ژمارە (164)
-9 هاوپەیمانیەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (133)
-10 بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی ژمارە (123)
-11 جوڵاندنەوەی نەوەی نوێ ژمارە (157)
-12 رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی ژمارە (161)
-13 بزووتنەوەی ئیسلامی لەکوردستانی عێراق ژمارە (198)
هاوپەیمانی سەردەم کە ژمارە (164) ئەم لایەنانەن (پارتی پارێزگارانی کوردستان – پارتی رەنجدەرانی کوردستان- پارتی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان) لیستی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان کە ژمارە (133) بریتین لە (حزبی شیوعی، حزبی سۆسیالیست، حزبی زەحمەتکێشان).
پرسیاری چواردەیەم/ قۆناغەکانی هەڵبژاردن چین و پارتەکان و هاوپەیمانیەتییەکان دەتوانن چەند پاڵێورا و دابنێن؟
قۆناغەکانی هەڵبژاردن بریتین لە:
-1 قۆناغی ئامادەکاری کە دوو بنەمای سەرەکی هەیە:
ا -بنەمای یاسایی
ب -بنەمای هونەریی
-2 قۆناغی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن
-3 قۆناغی ئەنجامدانی پڕۆسەکە
-4 قۆناغی کۆتایی راگەیاندنی ئەنجامەکان
بەنیسبەت بەشی دووەمی پرسیارەکەوە هەر پارت و هاوپەیمانیەتییەک بەپێی پەیڕەوی تۆمارکردن و پەسەندکردنی پاڵێوراوان ژمارە(7)ی ساڵی 2024 کە کۆمسیۆنی باڵا دەریکردووە دەتوانێت ژمارەی پاڵێوراوانی دووهێندەی ژمارەی کورسییەکانی بازنەی هەڵبژاردنەکان بێت و نابێت زیاتربێت.
فۆتۆ: حەمە عومەر
پرسیاری پازدەیەم - خەسڵەتەکانی چاودێر و بریکاری قەوارەی سیاسی چین؟
-1 پابەندبوون بە یاسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆن
-2 بابەتیانە لە کێشەکان بڕوانێت
-3 وردبێت لە هەڵسوکەوتدا
-4 سەربەخۆ رەفتار بکات
پرسیاری شازدەیەم/ پەیام و دروشمەکانی بانگەشە و کەمپینی هەڵبژاردن دەبێت چی لە خۆ بگرێت؟
پەیامی هەڵبژاردن دەبێت هەڵێنجاوی بناغەی گوتاری سیاسی بێت، هەموو پەیامێکی راستگۆیانەی پارت و بەربژێرەکان ئەنجامێکی سەرکەوتوانەش دەدات بە دەستەوە کە پێویستە ناوەڕۆک و ئەرزشێکی مانادار و کاریگەر لەخۆبگرن، ئامڕازەکانی پروپاگەندەی هەڵبژاردن دەبێت هەمەجۆر و کاریگەربن و هەموو شوێنەکان بگرێتەوەو ئامڕازە پێشکەوتوەکانی پەیوەندییکردن بەکاربهێنێت کە کاری کاندیدەکان ئاسانتر دەکەن.
-1پەیامی کەمپینی هەڵبژاردن دەبێت ئەم سێ رەگەزەی تێدابێت( کورت - پوخت - مانادار) بێت.
-2ئەگەر بەشێوەی ڤیدیۆ یان دەنگی تۆمارکراو بوو لە یەک خولەک زیاتر نەبێت و مەبەست بپێکێت.
-3هەستی جەماوەر بجوڵێنێت کە دەنگدەدەن.
-4راشکاو بێت و جیاواز بێت لە پەیامی نەیاران.
-5روون بێت و زاراوەی بێگانە و تەمومژاوی تێکەڵ نەبێت.
-6دووبارە بکرێتەوە بۆ ئەوەی لەبیری دەنگدەردا بمێنێتەوە.
-7 دروشمەکانیش لەئاستی جێ بەجێکردندابێت و نزیک بێت لە وەڵامدانەوەی خواستی خەڵک، بەهەمانشێوە راستگۆیانە و متمانە پێکراو بێت.
-8ئەگەر بەشێوەی فلێکس پەیام و دروشمەکان ئامادەکرابوو، پێویستە بە هێڵێکی گەورە نووسرابێت و لە شوێنێکی گونجاودا دابنرێت.
-9 دەبێت دروشمەکان رەنگدانەوەی لەناو بەرنامەی کاری لیستەکەدا بێت کە راگەیەنراوە بۆ هاووڵاتیان و کاتێک رۆیشتە دەسەڵات جێ بەجێی بکات.
پرسیاری حەڤدەیەم/ چەند پارت و بەربژێر و هاوپەیمانییەتی لەم هەڵبژاردنەدا بەشدارن؟
لەم پڕۆسەیەدا (950) پاڵێوراو لەسەر ئاستی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم بەشدارن و دابەشکراون بەسەر بازنەی هەولێر کە (350) پاڵێوراو، بازنەی سلێمانی (424) پاڵێوراو، بازنەی دهۆک (177) پاڵێوراو، بازنەی هەڵەبجە (44) پاڵێوراو، لیستی هاوپەیمانیەتییەکانیش لەسەر ئاستی هەرچوار پارێزگا کە (123) پاڵێوراوی لە خۆگرتووە بەم شێوەیە، بازنەی هەولێر (40) پاڵێوراو، بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی (55) بازنەی هەڵبژاردنی دهۆک (19) بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجە (9) پاڵێوراو.
تێبینی:
ئەم ژمارانە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت چونکە بە بڕیاری کۆمسیۆن چەند پاڵێوراوێک دوور دەخرێنەوە.
پرسیاری هەژدەیەم/ بە کام سیستمی هەڵبژاردن کورسییەکانی پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە؟
بە سیستمی هەڵبژاردنی لیستی نوێنەرایەتی رێژەیی کورسییەکان یەکلایی دەکرێتەوە کە گۆڕینی دەنگی راستی بەدەست هاتووی بازنەکان بۆ کورسی بە شێوازی هێر- نمایەر دەبێت کە لە بەرژەوەندیی لیستە بچووکەکانە چونکە لە قۆناغی دووەمی دابەشکردنی کورسییە دابەش نەبووەکاندا (باقی الاقوی) زۆرترین دەنگی ماوە لە بەرژەوەندیی ئەوان دەبێت .
پرسیاری نۆزدەیەم - ئەو سکاڵایانەی لە پڕۆسەکەدا پێشکەش دەکرێن چەند جۆرن؟
-1 سێ جۆر سکاڵا هەیە کە بریتین لە (سکاڵای سەوز، زەرد، سوور)
سکاڵای سەوز و سکاڵای زەرد کاریگەریی ئەوتۆیان نییە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، بەڵام سکاڵای سوور پەیوەندیی بەسەرپێچییەوە هەیە و مەترسیدارە و کاریگەریی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دروست دەکات، ئەگەر پشتڕاست کرایەوە.
-2 دوای دووبارە جیاکردنەوەی دەنگەکان لە بنکەی سەرەکی کۆمسیۆن، ئەگەر سکاڵای سوور هەبوو ئەوا قرتێلەی سوور دەدرێت لەو سندوقانەی کە سکاڵایان لەسەر کراوە و ئەگەر دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان جیاوازیەکە لەو رێژەیە زیاتر بوو کە یاساکە دیارییکردووە، ئەوا دەنگی تەواوی ئەو سندوقە دەسوتێت.
پرسیاری بیستەم / خاڵە ئەرێنیەکانی فرەبازنەیی چین بە بەراورد بە یەک بازنەیی؟
فرە بازنەیی کە جیاوازیەکی ئەو تۆی لەم خولەدا دروستکردووە ئەم کەڵکانەشی هەیە:
-1 زامنی نوێنەرایەتی جوگرافی بەپێی پارێزگاکان دەکات.
-2 هاوسەنگی هێز لە پەرلەمان دروست دەکات.
-3 لارە سەنگی و نادادی کورسی پارێزگاکان چارەسەر دەکات.
-4 ژمارەی بەشداربووانی دەنگدەر کاریگەریی ناکاتە سەر پڕۆسەی هەڵبژاردن.
-5 هیچ پارێزگایەک ناتوانێت مافی پارێزگایەکی تر دەرباز ناکات.
-6 ئاستی ململانێی کادری پارتەکان دەباتە ئاستێکی بەرزتر.
-7 دەرفەت دەداتە کەسایەتی بێلایەن و سەربەخۆ و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.
-8 ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکان بڕیار لەسەر رێژەی ئەندامانی پارێزگاکان دەدەن لە پەرلەمان.
-9 لەڕووی خەرجی و دارایی و کاتەوە بۆ پاڵێوراوان تێچوو کاتێکی کەمتری دەوێت بۆ پروپاگەندەو ریکلامی هەڵبژاردن، چونکە پاڵێوراو تەنها لە سنووری یەک پارێزگا یان یەک بازنەی هەڵبژاردن پروپاگەندە دەکات.
پرسیاری بیست و یەکەم/ پڕۆسەکە هەر لە هەرێم ئەنجام دەدرێت یان دەنگدەرانی تاراوگەش دەگرێتەوە؟
تەنها دەنگدەرانی ناو هەرێمی کوردستان مافی بەشدارییکردن و دەنگدانیان هەیە، هەرچەندە لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە کە دەنگدەرانی دەرەوەی هەرێمیش مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام لەم پڕۆسەیەدا ئەو دەرفەتە نەرەخسا، لەبەرئەوەی کوردانی تاراوگە نەبوونەتە خاوەنی کارتی بایۆمەتری وێنەدار، کە ئەمەش یەکێکە لە مەرجەکانی بەشدارییکردن لەم پڕۆسەیەدا.
پرسیاری بیست و دووەم/ ئەو کەسانەی کە رێگەپێدراون بۆ چوونە ناو بنکەکانی دەنگدان کێن؟
-1 دەنگدەران
-2 کارمەندانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
-3 کارمەندانی کاتیی کۆمسیۆن کە بۆ وێستگە و بنکەکانی دەنگدان ئەرکیان پێ سپێردراوە لەو پڕۆسەیەدا.
-4 تیمەکانی (un) و پاسەوان و وەرگێڕەکانیان.
-5 بریکاری پارتەکان و کاندیدە تاکەکەسیەکان و هاوپەیمانیەتییەکان.
-6 چاودێرانی ناوخۆ و نێودەوڵەتییەکان کە باجی رەسمیان پێ بێت و پاسەوان و وەرگێڕەکانیان.
-7 نوێنەری دەزگاکانی میدیا و راگەیاندن بەبێ کەرەستەی رۆژنامەوانی، جگەلەوانەی کە کۆمسیۆن باجی چوونە ژوورەوەی بۆ کردوون.
-8 کارمەندانی هێزەکانی ئاسایش لە بارودۆخی پێویستدا.
پرسیاری بیست و سێیەم/ لە ئەگەری هەڵسوکەوتی ئەنجامدانی نەشیاوی پاڵێوراو، یان بریکاری پارتەکان چی دەبێت؟
پاڵێوراو سەربەخۆبێت یان سەربە هەر قەوارەیەک بێت بۆی نییە بچێتە ناو وێستگەکانی دەنگدان مەگەر خۆی لەو وێستگەیە دەنگ بدات، خۆئەگەر سەرپێچی بەدی کرا، پێویستە بەڕێوەبەری وێستگە دووجار کەسەکە ئاگادار بکاتەوە، ئەگەر بەردەوام بوو لە تێکدانی دۆخەکە و پێشێلکردنی بنەماکانی رەفتار و هەڵسوکەوتکردن، بەڕێوەبەر دەتوانێت وێستگەکەی پێ جێبهێڵێت و لە تۆماری خۆیدا رووداوەکە تۆمار دەکات.
پرسیاری بیست و چوارەم/ ئەوانەی کە دەتوانن دەنگ بدەن و بەشدارن کێن؟
هەموو ئەوانەی کە ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا تۆمارکراوە و تەمەنیان (18) ساڵی تەواو کردووەو هاووڵاتی کوردستانی عیراقن و بایۆمەتریان کردووە دەتوانن دەنگبدەن، لەم خولەدا (2899061)کەس ناویان لە تۆماری دەنگدەرانی بایۆمەتریدا تۆمارکراوەو لە کۆی ئەو ژمارەیە، 2682942 دەنگدەریان مافی ئەوەیان هەیە لەڕۆژی دەنگدانی گشتیدا، دەنگ بدەن.
و 216119 دەنگدەریش لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا دەنگ دەدەن،48 سەعات پێش رۆژی دەنگدانی گشتییە و تایبەتە بە دەنگدەرانی هەریەکە لە هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش- پێشمەرگە – بەرگریی و فریاکەوتن -زێرەڤانی – سوپا- کارمەندانی نەخۆشخانەکان و بەندیخانەکان- بەندکراوەکان و حوکم دراوەکان.
پرسیاری بیست و پێنجەم/ چی ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو جیا دەکاتەوە؟
بەڕەچاوکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە هاتوونە پێشەوە پڕۆسەکە رێژەیەک جیاوازی لە خۆگرتووە لەوانە:-
-1 ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە111 کورسییەوە کەم کراوەتەوە بۆ 100 کورسی.
-2 بۆ یەکەمینجارە کۆمسیۆن لە هەموو وێستگەیەکدا دوو کامێرای چاودێریی جێگیرکردووە.
-3نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان (UN) چاودێری پڕۆسەکە دەکەن.
-4 بازنەکان لەسەر ئاستی پارێزگاکان دابەشکراون.
-5 لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە پڕۆسەکە بەڕێوەدەبرێت.
-6 ئامێری ئەلیکترونی پێشکەوتوو لە پڕۆسەکەدا بەکار دەهێنرێت.
-7 بۆ دڵنیایی لە دەرئەنجامی پڕۆسەکە هەژمارکردنی دەنگەکان بە ئەلیکترۆنی و دەستیش دەبێت.
-8 دەنگدەر دەبێت خاوەنی کارتی نیشتمانی بێت، ئەگەر دەری نەهێنابوو پێویستە پاسپۆرت یان رەگەزنامەی عیراقی پێ بێت.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان راستەوخۆ دوای 24 سەعات لە تەواوبوونی پڕۆسەکە ئەنجامی بەرایی رادەگەیەنێت، دوای یەکلاییکردنەوەی سکاڵا و تانەکانیش دادگای باڵای فیدڕاڵی کۆتا ئەنجامی هەڵبژاردنەکە پەسەند دەکات
پرسیاری بیست و شەشەم/ دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکان بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا چۆن کراوە؟
لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان، کۆی ژمارەی کورسیە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان کە95 کورسیە دابەشکراون بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا بەم شێوەیە:
بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر 32 کورسی
بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی 36 کورسی
بازنەی هەڵبژاردنی دهۆک 24 کورسی
بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجە 3 کورسی
پرسیاری بیست و حەوتەم/ کەی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن دەست پێدەکات؟
دوو جۆر بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن هەیە:
-1 بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردنی یاسایی(شرعي)
لەوکاتەوە دەست پێدەکات کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وادەو رۆژ و کاتی بۆ دەست نیشان دەکات و بە رەسمی رایدەگەیەنێت.
-2 بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردنی نایاسایی (غیرشرعي).
ئەم هەڵمەتە کاندید و قەوارەکان پێش بڕیاری کۆمسیۆن دەکەون و دەست دەکەن بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن پێش وادەی رەسمی، کە سەرپێچییە و سزای یاسایی لەسەرە. ئەم پرسە تایبەتە بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە، دوای پەسەندکردنی لیستی بەربژێرەکان راستەوخۆ وادەی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن رادەگەیەنن کە رەنگە مانگێک بخایەنێت هەتا 2024.10.15 بەردەوام دەبێت، دواتر لە2024.10.18 دا دەنگدانی تایبەت بۆماوەی رۆژێک ئەنجام دەدرێت.
پرسیاری بیست و هەشتەم/ ناوی بەربژێرەکان لەلایەن چ دامودەزگایەکەوە پەسەند دەکرێن؟
پەسەندکردنی لیستی بەربژێرەکان پەیوەستە بە وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی عیراق، ئەمەش دوای بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو بەربژێرانەی کە سەرپێچی یاسایی و رێنماییەکانی کۆمسیۆنیان کردووە، یان ئەوانەی کە یەکێک لەمەرجەکانیان تیانیە و رەتدەکرێنەوە، بە رێکەوتن لەگەڵ بەشی یاسایی کۆمسیۆن دوای وردبینی لیستی بەربژێرەکان رادەگەیەنرێن.
دیمەنێک لە دەنگدانی تایبەت - هەڵبژاردنەکانی پێشوو فۆتۆ: حەمە عومەر
پرسیاری بیست و نۆیەم/ لە چ کاتێکدا رێگە بە دەنگدەر نادرێت دەنگ بدات؟
کاتێک رێگە بەدەنگدەرنادرێت دەنگ بدات کە:-
-1 بایۆمەتری نەبێت و بەڵگەکانی تری ناتەوابن.
-2 ئەگەر ناوی دەنگدەر لە تۆماری کاغەز و ئامێری لێکۆڵینەوە نەبوو.
-3 پەنجەمۆری هاوشێوەی پەنجەی لەگەڵ پەنجەمۆری تۆمارکراوی نەبوو.
-4 ئەگەر دەنگدەر بایۆمەتریشی هەبوو بەڵام کارتی ئەلیکترۆنی کورت ماوەی هەبوو، کارتی بایۆمەتریەکەی وەرنەگرتوەتەوە، رێگای پێنادرێت.
-5 ئەگەر ئامێری لێکۆڵینەوە کارتی دەنگدەرەکەی نەخوێندەوەو رەتیکردەوە، واتە زانیاری کارتەکە سەربەو وێستگەیە نییە و ناتوانێت لەو وێستگەیە دەنگ بدات.
-6 ئەگەر پەنجەمۆری دەنگدەرەکە نەیخوێندەوە، ئەوا 5 ٪ لە هەر وێستگەیەک دەتوانێت دەنگ بدات بە داخلکردنی بارکۆدی کارتی دەنگدانەکەی.
پرسیاری سییەم و کۆتایی/ پەسەندکردنی دەرئەنجامی کۆتایی چۆن دەبێت؟
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان راستەوخۆ دوای 24 سەعات لە تەواوبوونی پڕۆسەکە ئەنجامی بەرایی رادەگەیەنێت، دوای یەکلاییکردنەوەی سکاڵا و تانەکانیش دادگای باڵای فیدڕاڵی کۆتا ئەنجامی هەڵبژاردنەکە پەسەند دەکات.
*راوێژکار بۆ کاروباری هەڵبژاردن