هونەرمەندی توركمانی، هیشام نازم: كەركوك ناوجەرگەی هونەرو رەسەنایەتییە

10:30 - 2024-09-17
دیدار
89 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەند و دەرهێنەری شانۆیی، هیشام نازم، یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە لە نەتەوەی توركمانە و شوێن دەستی دیارە لە دیمەنی هونەرو رۆشنبیریی كەركوكدا.
هونەرمەندی ناوبراو دەرچووی بەشی شانۆی كۆلێژی هونەرەجوانەكانی زانكۆی بەغدایە و خاوەن ئەزموونێكی دیاری هونەری شانۆیە لە شارەكەدا، ئەمە جگە لە بواری كارگێڕی هونەریی كە سەرۆكی پێشووی لقی كەركوكی سەندیكای هونەرمەندانی عیراق بوو.
هونەرمەند هیشام نازم بە دوالاپەڕەی وت:  هەر لەمنداڵییەوە خولیای نواندن بووم و لە قۆناغەكانی خوێندندا لەسەر تەختەی شانۆكانی كەركوك رۆڵی سەرەكیم بینیوە لە شانۆگەرییەكاندا بە زمانەكانی توركمانی و عەرەبی وەك ئەكتەری شانۆیی، تا توانیم چەند  دەرهێنان بۆ شانۆگەرییەك بکەم، ئەو هونەرمەندە هەربەوەش نەوەستاوە و بەردەوام بووە لە كۆششكردن، تا توانی كاری دەرهێنەر لە تەلەفزێونی جارانی كەركوك ساڵانی نەوەتەكاندا بکات، ئەمەجگە لە رۆڵی بەردەوامی وەك بەشداربووی شارەزا لە فێستیڤاڵە هونەرییەكاندا چ لە كەركوك و دەرەوەی شارەكە، چ لە دەرەوەی وڵات.
هیشام نازم وتیشی: شانۆی توركمانی پێویستی بە نووسەری شانۆیی و دانەر و وەرگێڕ هەیە، تا بەرەو پێش بڕوات، شانۆی كوردی لە كەركوك هەنگاوی باشی ناوە و پشتگیری لێ دەكرێ، هیواشی خواست شانۆی كەركوك بە گشتی هاوكاری تەواوی لێ بكرێت، چونكە ئەوشارە ناوجەرگەی هونەرو رەسەنایەتییە.

كەركوك - رزگار شوانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان