وا چاوەڕوان دەکرا كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسر-ی سعودی بێتە بەغدا، ئەوەش بۆ بەشداریی کردن لەو یارییەی یانەکەی بەرامبەر یانەی شورتەی عیراق لە چوار چێوەی یارییەكانی چامپیۆنس لیگی یانەكانی ئاسیا بۆ یانە بژاردەكان کە دەبێت دوێنێ دووشەممە سەعات 8 ی شەو لە لە یاریگای مەدینە لە بەغدا کرابێت.
ئەم یارییە دەبوو لە یاریگای یانەی كەربەلا بكرایە، بەڵام لەسەر داوای یانەی نەسر، گواسترایەوە بۆ یاریگای مەدینە لە بەغدا، بەدەر لە یارییەكە و ئەنجامەكەی، ئەم هاتنەی یانە سعودییەكە بۆ بەغدا و بە تایبەتیش كە چەندین ئەستێرەی وەك لاپۆرت و سادیۆمانی و تالیسكا و برۆزۆڤیچ یاریی بۆ دەكەن، گرنگی زۆری هەیە و عیراقییەكان و سەرجەم لایەنە پەیوەندییدارەكان لەوپەڕی ئامادە باشیدان بۆ میواندارییكردنی ئەم یارییە.
نەهاتنەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ وەک یانە سعودییەکە بڵاویکردۆتەوە بە هۆی ئەوەوەیە باری تەندروستی باش نییە و ناتوانێت لە یارییەکەدا بەشداریی بکات.
تەها ئەبو رەغیف بەڕێوەبەری تەنفیزی كەناڵە وەرزشییەكانی (ئەلرابیعە) ی بەغدا، لە لێدوانێكیدا باسی ئەوەی كردووە پلانێكی پێشوەختەی زۆر نایاب و گرنگیان داناوە تا بتوانن بە جوانترین شێواز ئەم بۆنە گرنگە روماڵ بكەن.
هاندەرانێكی زۆری کوردیش خۆیان ئامادە کردبوو بچن بۆ بەغدا تا بە بینینی کریستیانۆ شاد ببن
پێش ئەوەی هەواڵی نەهاتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڵاو ببێتەوە، بلیتی چوونە ژورەوەی یاریگا بۆ بینینی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە بازاڕی رەشدا نرخەکەی خەیاڵی بەرز بووبووەوە، بەڵام کاتێک بڵاو کرایەوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ نایەت بۆ بەغدا، نرخەکەی ئاسایی بووەوە.
بۆ یارییەکەش رابیتەی هاندەرانی یانەی شورتەی بەغدا وریاییان دابوو بە هاندەرانی عیراقی تا لە روانگەی سۆزیان بۆ كریستیانۆ رۆناڵدۆ، نابێت و ناكرێت لە هاندانی یانەی شورتە كەمتەرخەم بن، لە مەدرەجەكانیش تەنیا رێگە بە ئاڵاكانی یانەی شورتە دەدرێت بەدەست هاندەرانەوە بن.
جگە لەمانەش لە سەرەتا سەری عیراقەوە هاندەران بە نیاز بوون بچن بۆ بەغدا بە مەبەستی ئەوەی لە نزیکەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ ببینن، تەنانەت هاندەرانێكی زۆری کوردیش خۆیان ئامادە کردبوو لە شارەکانی کوردستانەوە بچن بۆ بەغدا تا بە بینینی کریستیانۆ شاد ببن، بەڵام هەموو ئەمانە بە بڕیاری نەهاتنی کریستیانۆ وەک جادو بەتاڵ بوونەوە.
ئەم پاڵەوانێتییەی یانەکانی ئاسیا ئەمساڵ بە سیستمێکی نوێ بەڕێوە دەبرێت، یانەکان بەسەر دوو گروپدا دابەشکراون، لە عیراق تەنیا یانەی شورتە بەشدارە، لە گروپی دووەمی ناوچەی خۆرئاوای ئاسیادایە، چوار یاریی لەدەرەوەی یاریگای خۆی و چوار یاریی لە یاریگای خۆیدا دەکات.
ئەمە یەکەم یاریی شورتەیە لە یاریگای خۆیدا، دووەم یاریی لەدەرەوەی یاریگای خۆی رۆژی 1/10/2024 لەگەڵ یانەی هیلای سعودی دەبێت و لە سعودیە دەکرێت.