لە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عیراق و كوێتدا، هەر لە دەقیقەی 7 - ی یارییەكەوە رێبین سۆلاقە – ی یاریزانی بەرگریكاری هەڵبژاردەی عیراق بە كارتی سوور كرایە دەرەوە، سۆلاقە یاریزانی چەقی بەرگرییە، بۆیە كەلێنێكی گەورەی لە هێڵی بەرگریی هەڵبژاردەی عیراقدا درووستكرد.
كاساس-ی راهێنەری هەڵبژاردەی عیراق میرخاس دۆسكی وەك شوێنگرەوەی سۆلاقە دیارییكرد، لە بەرگریكاری لاوە گواستییەوە بۆ چەقی بەرگریی، ئەم دوو ئەستێرەیەی هەڵبژاردەی عیراق دوو یاریزانی كوردی ئەو هەڵبژاردەیەن.
میرخاس-ی گەنجە زاخۆییەكەی هەڵبژاردەی عیراق، نەك جێگاكەی سۆلاقەی پڕكردەوە و نەیهێشت هیچ كەم و كوڕییەك بە هێڵی بەرگریی عیراقەوە دیاربێت، بگرە یارییەكی هێندە باشی كرد، بەجۆرێك شارەزایانی تۆپی پێی عیراق و شیكرەوەی یارییەكان لە كەناڵە تەلەفزیۆنییەكانی عیراق و تەنانەت تەلەفزیۆنەكانی تری وڵاتان، میرخاسیان بە پاڵەوانی یارییەكە دیارییكرد و بەجۆرێك ناویان دەبرد كە نەك شایانی ئەوەبوو ئەستێرەی یارییەكە بێت بەڵكو دەبوو بە پاڵەوانی یارییەكە دیارییبكرێت.
میرخاس هێندە بە حەماسەوە یاریی دەكرد، بەوپەڕی ووزە و توانا و دڵسۆزیی بەرگریی لە گۆڵ و گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی عیراق جەلال حەسەن دەكرد، نەیهێشت هیچ مەترسییەكی گەورە لەسەر ئەوان هەبێت، لەوەش گرنگتر ئەوەبوو لەگەڵ یاریزانانی هاوڕێیدا نەیانهێشت كەمی ژمارەی یاریزان بە هەڵبژاردەی عیراقەوە دیاربێت و هەرگیز هەستت بەوە نەدەكرد كە رێبین سۆلاقەی بەرگریكاری عیراق لەدەقیەقەی 7 ی یارییەكەوە كراوەتە دەرەوە.
ریبین سولاقە یاریزانێكی دیاری كوردی هەڵبژاردەی عیراقە، تەمەنی 31 ساڵە و لە عەنكاوەی شاری هەولێر لەدایكبووە، رەگەزنامەی سویدی هەیە و بۆ چەندین یانەی سوید و وڵاتانی تری ئەوروپا یاریی كردووە، ئێستاش یاریزانی چەقی بەرگری یانەی سۆل – ە لە كۆریای باشوور و بۆ هەڵبژاردەی عیراق یاریی دەكات.
میرخاس دۆسكیش یاریزانێكی تری كوردی هەڵبژاردەی عیراقە، پاش ئەوەی دایك باوكی بە خێزانی لە پارێزگای دهۆكەوە روودەكەنە هەندەران، لە شاری هانۆڤەری ئەڵمانیا دەگیرسێنەوە، میرخاس ساڵی 1999 لە ئەڵمانیا لەدایكبووە، تەمەنی 24 ساڵە، یاریزانی بەرگریكاری لای چەپە، ئێستا یاریزانی سلۆڤاكۆی چیكییە، لە ساڵی 2022 – ەوە یاریی بۆ هەڵبژاردەی عیراق دەكات، یاریی بۆ چەندین یانەی ئەڵمانیا و چیك ونەمسا كردووە، لە یۆرۆپا لیگیشدا یاریی كردووە و بەشداریی یاریی كۆڵۆنیا و فەنار باخچەی كردووە، هیوادارە بەشداریی یارییەكانی چامپیۆنس لیگ و مۆندیال بكات.
شایانی باسە یارییەكەی عیراق و كوێت دووەم یاریی هەردوو هەڵبژاردە بوو لە دوا قۆناغی پاڵاوتنی هەڵبژاردەكانی وڵاتانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندالی 2026 – ئەمریكا و 0-0 كۆتاییهات.