جامی نێودەوڵەتیی سلێمانی

سالگادۆ بەدووری نەزانی لە ئایندەدا وەك راهێنەر بێتەوە سلێمانی

11:18 - 2024-09-17
وەرزش
226 جار خوێندراوەتەوە

ئەمساڵ بە هاوكاری  و سەرپەرشتیی بەشی وەرزشیی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، بۆ دووەم ساڵی یەك لەسەر یەك پاڵەوانێتیی (جامی نێودەوڵەتی سلێمانی) رێكخرا و یاریی كۆتاییەكەشی كرا و سەرجەم تێچووی ئەم خولەش بەشی وەرزشیی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی لەئەستۆی گرتبوو.
ساڵی پار لەم خولەدا چوار یانەی كوردستان بەشدارییان كرد، بەڵام ئەمساڵ بەشێوازێكی تر بوو بەوەی دوو یانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستان تیایدا بەشدارییان كرد ئەوانیش یانەی ئیتیساڵاتی بەغدا و یانەی فورسان هیسپانیای ئیماراتییە، لەگەڵ ئەم دوو یانەیەشدا دوو یانەی تری كوردستان (گازی باكووری كەركوك، پێشمەرگەی سلێمانی) بەشدار بوون.
بۆ ئەم پاڵەوانێتییە قسە لەگەڵ نوێنەرایەتیی سلێمانی لیژنەی ئۆڵۆمپیی كوردستان و هادی كەریم جێگری سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان و تەنانەت لقی سلێمانی یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان كرا و یەكێتیی تۆپی پێی عیراقیش ئاگادر كراو رەزامەندیی سەرجەم ئەو لایەنانە وەرگیران ئەوسا پاڵەوانێتییەكە رێكخرا.
یانە ئیماراتییەكە وەك فێرگەیەكی یانەی ریاڵ مەدرید یان یانەیەكی ئیسپانی  وایە لە ئیمارات و میشێل سالگادۆ-ی ئیسپانی ئەستێرەی پێشووی یانەی ریاڵ مەدرید خاوەندارێتیی دەكات.
رۆژانی پێنجشەممەو هەینی و شەممەی رابردوو یارییەكانیشی كران، سەرەتا دوو دوو تیپەكانی لەگەڵ یەكتر یارییان كرد، رۆژی پێنجشەممە لە یەكەم یارییدا یانەی ئیتیساڵات 3-2 لە تیپی یانەی گازی باكووری بردەوە و بۆ یاریی كۆتایی سەركەوت، رۆژی دواتر هەینی دووەم یاریی هەردوو تیپی یانەكانی پێشمەرگەی سلێمانی و فورسان هیسپانیا كردیان و پێشمەرگە 2-0  یارییەكەی بردەوە و بۆ یاریی كۆتایی سەركەوت.
لە یاریی كۆتاییشدا كەرۆژی شەممەی رابردوو لە یاریگایانکۆی سلێمانی (كەمال سەلیم) لە سلێمانی كرا، پێشمەرگەی سلێمانی و ئیتیساڵات لەكاتی یاسایی یارییەكەدا بەیەكسان بوون هاتنە دەرەوەو دواتر بە پەنالتی پێشمەرگەی سلێمانی یارییەكەی بردەوە و بووبەپاڵەوانی ئەم خولە.
ئەوەی زیاتر لە ئەنجامەكانی ئەم خولە سەرنجی هەموو لایەكی راكێشابوو، میشێل سالگادۆی یاریزانی ناوداری ئیسپانی و پێشووی یانەی ریاڵ مەدرید بوو، ئەم وەرزشكارە بووبوو بە باس و خواسی یەكەمی هەموو لایەك، وێنەی زۆری لەگەڵدا گیرا، لەوانە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكەمەتی هەرێمی كوردستان وێنەی تایبەتی لەگەڵ گرت، لێدوانی بۆ رۆژنامە نووسان زۆر بوو، زۆر سەرسام بوو بە شاری سلێمانی، ستایشی ئاستی وەرزشی شاری سلێمانیشی كرد و ئەوەشی بە دوور نەزانی رۆژێك بێت وەك راهێنەر بێتەوە بۆ سلێمانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان