شێخ جەعفەر شێخ مستەفا پێشوازیی لە ژمارەیەک کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و تێکۆشەرانی قەرەداغ کرد

05:21 - 2024-09-17
کوردستان
296 جار خوێندراوەتەوە


ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و کەسوکاری شەهیدان و تێکۆشەران و کەسایەتیی سەر بە چین وتوێژە جیاجیاکانی ناوچەی قەرەداغ کۆبۆوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن بەڕێوەچوو و هەریەک لە هەڤاڵان مستەفا چاوەڕەش و دکتۆر میران و زیاد شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و هەڤاڵان مامۆستا جوامێر و جوتیار نوری و ماموستا جەلال ئامادەیبوون، سەرەتا هەڤاڵ زیاد جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی  یەکی رێکخستنی سلێمانی، پاش بەخێرهێنانی ئامادەبوان، باسی لە دوا پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی هەرێم و رۆڵی بنیاتنەرانەی یەکێتی کرد لە پەرەپێدانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان.

پاشان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، تیشکی خستەسەر فیداکاریی و ماندووبوونی دانیشتوانی سنووری قەرەداغ کە هەمیشە لەڕیزی پێشەوەی تێکۆشانی خەڵکی کوردستاندا بوون و بەو هۆیەشەوە قوربانیی زۆریانداوە و زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، ئاماژەی بەوەشکرد کە قەرەداغییەکان شانازییەکی گەورەیان لە مێژووی سیاسی و تێکۆشانی گەلەکەماندا بۆ خۆیان تۆمارکردووە، بەو پێیەی ناوچەکەیان هەمیشە لانکەی شۆڕش و راپەڕینەکانی کوردستان بوون و کەم گوندی ئەو ناوچەیە هەیە شەهیدیان نەبێت.
باسی لەوەشکرد کە سەرۆک مام جەلال بەشێوەیەکی تایبەت گرنگی بە قەرەداغ دەدا و هەمیشە لە خەمی خەڵکەکەیدا بوو و دەزگا حکومییەکانی ئاراستە دەکرد پڕۆسەکانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی تێدا پەرەپێبدەن. کردنەوەی زانکۆیەکی لە قەرەداغ بەنموونەیەک لەسەر پەرۆشی سەرۆک مام جەلال بۆ دانیشتوانی سنوورەکە هێنایەوە.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لێپرسراوی ئەنجومەن، جەختی لەسەر تێڕوانینی مەبدەئییانەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی کردەوە سەبارەت بە زەرورەتی رەخساندنی کەشێک بۆ تەبایی و یەکریزیی و پێکهێنانی هاوپەیمانی لە نێوان حزبە سەرەکییەکانی کوردستان و رایگەیاند: ئەو کاتانەی هاوپەیمانی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەبووە، زۆرترین خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان کراوە، بەپێچەوانەشەوە لە کاتی ناکۆکییەکاندا زیانی گەورە بەر میللەت کەوتووە و دەستکەوتەکان کەوتوونەتە مەترسییەوە. بۆیە ئێستاش، وەکو هەمیشە، بانگەوازی یەکێتی بۆ لایەنە سیاسییەکان ئەوەیە؛ پێویستە ئەگەر دوای هەڵبژاردنیش بێت هاوپەیمانییەکی پتەو دروست بکرێت و لەو رێگەیەوە هەوڵی راستکردنەوەی هەڵەو کەمورتییەکانی حوکمڕانی خۆمان بدرێت و میللەت ئاشتبکەینەوەو داواکارییەکانیان بۆ جێبەجێبکرێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ژمارەیەک لە ئامادەبوان، ئازادانە، پرسیار و رەخنە و تێبینییەکانیان خستەڕوو و لە لایەن هەڤاڵانەوە وەڵامدرانەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان