راپۆرتی: هێمن ئەحمەد
لە دوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە، ناوە ناوە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بازگەی گومرگی لە نێوان هەندێك لە شارەكان دادەنێت بە مەبەستی وەرگرتنی پارە و باج لەسەر كاڵا و بەروبوومە كشتوكاڵی و بازرگانییەكان، بە تایبەتی لەو ناوچە و شارانەی كە هاوسنوورن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.
كەركوك یەكێكە لەو شارانەی كە بەردەوام ئەو جۆرە بازگانەی بۆ دادەنرێت و كاریگەریی گەورە دەخاتە سەر ئابووریی شارەكە، چونكە نرخی كەلوپەل و بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بە شێوەیەكی گشتی بەرز دەكاتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ لە ناو شارەكە و بارگرانییەك لەسەر شانی خەڵكی پارێزگاكە دروست دەكات، سەرەنجام دەبێتە هۆی سستی جوڵەی ئابووریی بازاڕ و رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی خەڵك دەبێت.
د. عومەر مامۆ جێگیری بەڕێوەبەری ژووری بازرگانیی كەركوك بۆ کوردستانی نوێ : تا ئێستا لە دەستووری عیراقدا نەتوانراوە یاسای گومركی گشتی و یەكخراو بۆ سەرتاسەری عیراق بچەسپێنێرێت
جیاوازیی نرخ لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا
مەحمود كەریم دانیشتووی یەكێكە لە گەڕەكەكانی كەركوك، لەسەر دانانی خاڵی گومرگی لە نێوان كەركوك و شارەكانی عیراقدا وتی: ئەگەر بەراودێكی نرخی كاڵا و بەروبوومە كشتوكاڵییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەین نرخەكان لە شارەكانی هەرێم زۆر كەمن، چونكە دانانی ئەو بازگانە لە پارێزگای كەركوك نرخی كەلوپەلەكان بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز دەكاتەوە و كاریگەریی لەسەر ئێمەی هاووڵاتی دەبێت، چونكە نرخی كاڵا پەیوەستە بەو باجەوە كە لە خاڵە گومرگییەكان دەخرێتە سەری، بەشێكی زۆریش لەو سەوزە و میوانە پێویستیی رۆژانەی خەڵكییە و ناچار دەبێت بیكڕێت.
جوامێر عەلی، پیشەی میوە فرۆشتنە و لە بازاڕی شەقامی سەڵاحەدین بە كۆ میوە دەفرۆشێت، بە كوردستانی نوێی رایگەیاند: دانانی خاڵی گومرگی لە بازگەكان هۆكارێكی گەورەیە بۆ تێكچوونی باری ئابووریی شارەكە، چونكە گۆڕانكاریی گەورە لە هەموو نرخەكاندا روو دەدات و هاووڵاتی و ئێمەش تووشی شۆك دەكات، چونكە بەشێك لەو بەرهەمانەی وەكو سەوزە و میوە كە لە كوردستانەوە دەیهێنین جگە لە گومرگ و باجەكەی، دەبێت بەرتیلیشیان بدەینێ بەهۆی گەندەڵی خاڵە گومرگییەكانەوە لە بازگەكان، كە هەندێك جار ئەگەر بێتو پارەیان نەدرێتێ بەرهەمەكانمان پێدەگەڕێننەوە و لەم هاتووچۆیەدا ئەو سەوزە و میوانە خراپ دەبن.
سیاسەتیش رۆڵی هەیە
باسی لەوەشكرد ئەگەر سەیری بەشێك لەو سەوزە و میوانە بكەیت، بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی كوردستانە، بەشێكیشیان لە دەرەوە هاوردە كراون، بەڵام ئەوان لە دانانی باجدا جیاوازیی لە نێوان بەرهەمی ناوخۆ و دەرەكیدا ناكەن و هەردووكی بە یەك چاو سەیر دەكەن، كە ئەمەش لەگەڵ بنەماكانی دەستووری عیراقدا ناگونجێت، لەبەر ئەوەی لەلایەك بە پێی دەستوور هاووڵاتی سەرپشك و سەربەستە كە مامەڵە بە كەلوپەلە ناوخۆییەكانەوە بكات، لەلایەكی تریشەوە مامەڵەكردن بە بەرهەمی ناوخۆوە هەنگاوێكی باشە بۆ بوژانەوەی ئابووری، بەڵام بە داخەوە ئەوە رەچاو ناكەن و كردەوەكەیان دەبێتە لێدان لە بەرهەمی ناوخۆیی.
ئەو فرۆشیارە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە هەندێك جار دانانی ئەم خاڵە گومرگیانە هۆكاری سیاسی لە پشتەوەیە لە نێوان حزبەكانی ناوخۆی عیراق و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاری دەهێنن، یان بۆ برەودان بە بەرهەمی دەرەكی كە دەوڵەتەكانی دەوروبەری عیراق رۆڵیان هەیە لە وروژاندنی، بۆ ئەوەی بازرگانیی سیاسی خۆیان بەردەوام لە برەودا بێت.
یاسای گومرگی یەكگرتووی عیراقمان نییە
لەوبارەیەوە د. عومەر مامۆ جێگیری بەڕێوەبەری ژووری بازرگانیی كەركوك، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە وەكو ژووری بازرگانی كەركوك، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عیراقدا رێكەوتووین كە بۆ ماوەی مانگێك، واتا بۆ مانگی ئەیلول ئەو خاڵە گومرگییانەی نێوان پارێزگاكان هەڵبگیرێت، هەر چەندە ئێمە داوای شەش مانگمان كردبوو، بەڵام بەداخەوە بڕیاریان لەسەر یەك مانگدا.
د. عومەر وتیشی: تا ئێستا لە دەستووری عیراقدا نەتوانراوە یاسای گومرگی گشتی و یەكخراو بۆ سەرتاسەری عیراق بچەسپێنێرێت، بۆیە بەردەوام كاریگەرییە سیاسییەكان رۆڵیان دەبێت لە شێواندنی باج و گومرگ و باری ئابووریی وڵات، لە راستیدا پێویستە لە نێوان هەموو پارێزگاكان یەك یاسای گومرگی یەكگرتوو هەبێت.
باجە گومرگییەكان بەردەوام زیاد دەبن
باسی لەوەشكرد ئەوەی جێگەی داخە لە هێنانی كاڵا دەرەكییەكاندا بەردەوام بەرز و نزمی لە نرخەكاندا دەبێت، بەهۆی ناجێگریی دۆلار و نەبوونی یاسای گومرگی دەرەكییەوە، كە هەندێك جار لە ماوەی مانگێكدا چەند جارێك باج لەسەر كاڵا دەرەكییەكان زیاد دەبێت، بۆ نموونە؛ گومرگ لەسەر ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر كە لە توركیاوە بۆ موسڵ و كەركوك دێت، %25 زیادیكردووە، بۆ نموونە جاران حەوت هەزار دۆلار لە بارهەڵگرێك وەردەگیرا، بەڵام ئێستا نۆ هەزار دۆلار وەردەگیرێت، ئەمەش دەبێتە ئەركێكی گەورە بەسەر بازرگانان و هاووڵاتیانەوە لە ناوخۆی وڵات و پارێزگاكەدا و دەبێتە ئەركێكی گەورە و بارگرانیی و هاووڵاتی باجەكەی دەدات.