ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
دانانی ستراتیجێك بۆ بوژانەوەی كەرتی گەشتیاری
عەزیز ئەلتەمیمی سەرۆكی ئەنجومەنی كەرتی گەشتیاریی عیراق رایگەیاند: بە هاوبەشی كەرتی تایبەت ستراتیجێكیان داڕشتووە بۆ بوژنەوەی كەرتی گەشتیاریی عیراق.
ئاماژەی بەوەشكرد، ستراتیجیەكە بەو جۆرەیە، كە بە هەماهەنگی لەگەڵ كەرتی تایبەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، بە تایبەتیش میدیای نیشتمانی، سەرجەم شوێنە گەشتیارییەكان و شوێنە پیرۆزە، بە شێوەیەك برەویان پێبدرێت، كە ببنە جێگەی سەرنجی گەشتیارانی بیانی، بۆ ئەوەی سێكتەرەكە ببوژێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی عیراق
عیراق قەرز لە بانكێكی نەمسا وەردەگرێت
تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق رێكەوتنێكی لەگەڵ باڵیۆزی نەمسا لە بەغدا ئیمزاكرد، بۆ وەرگرتنی قەرزێكی كشتوكاڵی لە بانكی (Erste Group) بە مەبەستی پەرەپێدانی سیستمی ئاودێریی لە عیراق.
وەزارەتی دارایی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: ئیمزاكردنی ئەو رێكەوتنە لە چوارچێوەی ستراتیجی هاوكاریی نێوان هەردوو وڵاتدایە و ئامانجی سەرەكی قەرزەكەش بەهێزكردنی ژێرخانی عیراقە، بە تایبەتی لە بواری كشتوكاڵ و ئاودێریدا، كە بۆ عیراق زۆر پێویستە.
بەغداد - میل
ئەڵمانیا 100 ملیۆن یۆرۆ دەدات بە ئۆكرانیا
ئەنالینا بێربوك وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: وڵاتەكەی بۆ ئەم زستانە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ وەك هاوكاری دەدات بە ئۆكرانیا، كە دەكاتە 111 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی.
ئاماژەی بەوەشكرد، روسیا خۆی لە پلانیدایە ئەم زستانە هێرش بكاتە سەر ژێرخانی ئۆكرانیا، بۆ ئەوەی ژیان لە هاووڵاتیانی ئۆكرانیا تاڵ بكات، بە تایبەتیش كە لە زستاندا بەهۆی سەرمای زۆرەوە پێویستیی هاووڵاتیان بۆ كارەبا و وزەی گەرمیی زیاد دەكات.
سكای نیوز