لە رێگەی دەنگەوە نەخۆشی شەكرە دەستنیشان دەكات

12:12 - 2024-09-18
ڕاپۆرت
85 جار خوێندراوەتەوە

ئا: فەرید دڵشاد



توێژینەوەیەكی توێژەرانی زانكۆی لۆكسمبورگ دەریخستووە، شیكاریی دەنگیی بە بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد، دەتوانێت بەشداری بكات لە دەستنیشانكردنی نەخۆشی جۆری دووەمی شەكرە زۆر بە وردی و  ئاسانی.
توێژەران داتای دەنگی سادەی 25 چركەییان بەكارهێناوە، لەگەڵ زانیارییە بنەڕەتییەكان وەك تەمەن رەگەز و قەبارەی جەستە و دۆخی بەرزی پەستانی خوێن، دواتر لە رێگەی زیرەكیی دەستكردەوە جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە دەستنیشان دەكەن.
توێژەران بۆ تاقیكردنەوەكەیان دەنگی 607 كەسی تووشبوو لەگەڵ تووشنەبووی نەخۆشی شەكرەیان لە رێگەی مۆبایلی زیرەک یان كۆمپیوتەرەوە وەرگرتووە، لە رێگەی زیرەكیی دەستكردەوە شیكارییان بۆ تۆن و گۆڕانی دەنگ و چڕیی تۆنەكانی دەنگ كردووە.
بەپێی ئەو شیكارییەی بۆ 607 كەسەكە كراوە، 70 % ی حاڵەتەكانی نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەم لە پیاوان و 66 % لە ژنان دەستنیشانكردووە، شیكارییەكەی زیرەكیی دەستكرد بە رێژەی 93 % هاوتا بووە لەگەڵ پشكنینی شەكرەی كۆمەڵەی شەكرەی ئەمریكا.
توێژەران ئاماژەیان بەوەكردووە، زۆربەی شێوازەكانی ئێستای پشكنینی نەخۆشی شەكرە پێویستی بە ماوەیەكی زۆر هەیە و گرانە، بەڵام شیكاریی دەنگ بە بەكارهێنانی زیرەكیی دەستكرد، پشكنین ئاسانتر دەكات و ئەو ئاستەنگانە لادەبات.
شایەنی باسە شەكرەی جۆری دووەم بە جۆرێكە پەنكریاس ئەنسۆلینی پێویست بەرهەمناهێنێت، كە هۆرمۆنێكە و جووڵەی شەكر رێكدەخات بۆ ناو خانەكان. یاخود خانەكان لەگەڵ هەبوونی بڕی پێویستی ئەنسۆلین بە خراپی وەڵامی ئەنسۆلین دەدەنەوە و شەكری كەمتر وەردەگرن.
ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە دەبێتە هۆی ئەوەی، بڕێكی زۆری شەكر لە خوێندا بسوڕێتەوە. لە كۆتاییدا بەرزیی ئاستی شەكری خوێن دەتوانێت ببێتە هۆی شێواندنی سووڕی خوێن و كۆئەندامی دەمار و كۆئەندامی بەرگریی جەستە.

سەرچاوە: شرق الأوسط

بابەتە پەیوەندیدارەکان