لە رۆژی یەكشەممەی رابردوو 19/9 – ەوە لە ئوردون، پاڵەوانێتیی باسكەی خانمانی یانەكانی وڵاتانی عەرەبی دەستیپێكردووە و یانەی گازی باكووری شاری كەركوك وەك تاكە نوێنەری یانەكانی عیراق لەو خولەدا بەشداریی دەكات.
تیپی خانمانی یانەكانی (وەحدە – سوریا، فەتات – كوەیت، كۆسیدار – جەزائیر، ئەلفحیس – ئوردون، عەلا – سعودیە) و گازی باكوور بەشداریی دەكەن.
تیپی یانەی گازی باكوور یارییەكی بردۆتەوەو یارییەكیشی دۆڕاندووە، یەكەم یاریی گازی باكوور لەگەڵ تیپی یانەی ئەلفحیسی ئوردونیدا بوو، یارییەكەش بە بردنەوەی ئەلفحیس 75-50 كۆتاییهات، دووەم یاریی گازی باكوور لەگەڵ یانەی عەلای سعودی بوو، خانمانی گازی باكوور توانیان یارییەكە 69-61 بە سودی خۆیان كۆتایی پێبهێنن.
دوێنێش سێشەممە دەبێت ئەم یارییانەی پاڵەوانێتییەكە كرابن:
*كۆسیدار – جەزائیر × گازی باكوور - عیراق.
*وەحدە – سوریا × عەلا - سعودیە.
*فەتات – كوەیت × ئەلفحیس - ئوردون.
ئەمڕۆش چوار شەممە پشوی تیپە بەشدارەكانەو سبەی پێنجشەممە جەولەیەكی تری یارییەكان دەكرێن و رۆژی هەینیش دوا جەولەی یارییەكان دەبێت.
ئەم قۆناغەی یارییەكان قۆناغی تەمهیدی پاڵەوانێتییەكەیە، رۆژی شەممە 21/9 قۆناغی دواتری پاڵەوانێتییەكە دەستپێدەكات و دوو یاریی دەكرێن، لە یەكەمیاندا یەكەم لەگەڵ چوارەم یاریی دەكات، دواتر دووەم لەگەڵ سێیەم یاریی دەكات، رۆژی دووشەممەش براوەكانی ئەم قۆناغە، یاریی كۆتایی دەكەن و دۆڕاوەكانیش لەسەر پلەكانی سێیەم و چوارەمیی یاریی دەكەن.