ئەمڕۆ د.لەتیف جەمال رەشید، سەرۆك کۆماری عیراق لە بەغدا پێشوازیکرد لە رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون.
لە دیدارەکەدا باس لە رەوشی گشتیی سیاسی و ئابووریی وڵات کرا و سەرۆك کۆمار ئاماژەی بە گرنگی یەکخستنی ریزەکان و پێکەوەکارکردنی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی لە بوارە جیاجیاکان و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان.
لەلایەن خۆیەوە رەیان کلدانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆك کۆمار دەربڕی و جەختیکردەوە، بزووتنەوەی بابلیون پاڵپشتی هەر کارێك دەکات ببێتەمایەی پتەوکردنی بنەمای دیموکراسی و سەقامگیری لە عیراقدا.