بە ملیۆنانی لێ فرۆشراوە و بۆ سەر 34 زمان وەرگێڕدراوە

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی هێزی پەشیمانی

10:19 - 2024-09-19
کەلتور
113 جار خوێندراوەتەوە
دانیال پینک نووسەری کتێبی (هێزی پەشیمانی)

عومەر كەریم بەرزنجی
کتێبی (هێزی پەشیمانی) بە عەرەبی (قوة الندم) بە ئینگلیزی (The Power of Regret) چۆن ئاوڕدانەوە لە دواوە دەمانبات بۆ پێشەوە، لە نووسینی (دانیال پینک،Daniel H. Pink) لە نیویۆرک تایمز  وەک باشترین کتێبی ساڵی 2022 دەستنیشانکرا. وەرگێڕدراوە بۆ سەر 34 زمان و بە ملیۆنان دانەى لە سەرانسەری جیهاندا فرۆشراون. دانیال پینک نووسەری چەند کتێبێكی پڕفرۆشە و کتێبەکانی چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە.
پینک پێشکەشکار و بەرهەمهێنەری جێبەجێکاری بەرنامەی (کۆنتڕۆڵی قەرەباڵغی) بوو، کە زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنییە سەبارەت بە رەفتاری مرۆڤەکان لە کەناڵی (ناشنال جیۆگرافیک) پەخشکرا. میوانداری (ماستەر کلاسێک)ی بەناوبانگ دەکات سەبارەت بە فرۆشتن و رازییکردن. زۆرجار لە کەناڵەکانی NPR، PBS، ABC، CNN و تۆڕەکانی تری تیڤی و رادیۆیی لە ئەمریکا و دەرەوەی وڵات دەرکەوتووە.  

کتێبی (هێزی پەشیمانی) کتێبێکە لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی گۆڕینی هەستەکانی پەشیمانی دەکات بۆ هێزێکی ئەرێنی کە یارمەتیدەرمانە بۆ گەشەکردن و پەرەپێدانی کەسێتی

بابەت و وتارەکانی لە رۆژنامەکانی (نیویۆرک تایمز و هارڤارد بزنس ریڤیو و زە ئەتڵەنتیک و سلێت) و بڵاوکراوەکانی دیکەدا بڵاوبوونەتەوە. هەروەها هاوڕێی میدیای کۆمەڵگەی ژاپۆن بووە لە تۆکیۆ، لەوێ خوێندنی پیشەسازی کۆمیکی گەورەی وڵاتەکەی کردووە. 

پوختەیەک
کتێبی (هێزی پەشیمانی) کتێبێکە لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی گۆڕینی هەستەکانی پەشیمانی دەکات بۆ هێزێکی ئەرێنی کە یارمەتیدەرمانە بۆ گەشەکردن و پەرەپێدانی کەسێتی.  دانیال پینک سوود لە توێژینەوە زانستییەکان و لێکۆڵینەوە دەروونییەکان وەردەگرێت بۆئەوەی تێڕوانینەکان پێشکەش بکات کە چۆن دەتوانرێت پەشیمانی وەک ئامڕازێک بۆ پاڵنەر و فێربوون بەکاربهێنرێت، نەک وەک بارگرانییەک کە فڕێ بدرێتە لایەک.
لە کتێبی هێزی پەشیمانیدا، دانیال پینک تێڕوانینێکی نوێ پێشکەش دەکات سەبارەت بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەستەکانی پەشیمانی بە شێوەیەکی ئەرێنی و بونیاتنەر.  لەبری ئەوەی پەشیمانی وەک بارگرانییەک سەیر بکات کە دەبێت بچێژرێت، پینک بانگەشە بۆ روبەڕوبوونەوەی دەکات و وەک ئامڕازێک بۆ فێربوون و گەشەکردنی کەسی بەکاریبهێنێت. پەشیمانی دەتوانێت پاڵنەرێکی بەهێز بێت بۆ باشترکردنی ژیانمان و گەیشتن بە ئامانجەکانمان ئەگەر بزانین چۆن بە دروستی بەکاری بهێنین. وەلێ‌ ئەگەر بە دروستی بەكاری نەهێنیین وەكو خۆركەیەك تووشی داڕزین و لەناوچوونمان دەكات، چونكە دووچاری خۆخواردنەوە و پیش خواردنەوە دەبین و دەرچەیەك نادۆزینەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو رەوشە ئاڵۆز و شكست خواردووەی تێی كەوتووین.
پینك بە سوودوەرگرتن لە توێژینەوەكانی دەروونناسی كۆمەڵایەتیی و زانستی دەمار و بایۆلۆجی، ئەفسانەی فەلسەفەی (بێ پەشیمان)ی ژیان ئاشكرا دەكات، بە بەكارهێنانی گەورەترین نمونەی هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی ئەمریكییەكان سەبارەت بە پەشیمانی كە تا ئێستا ئەنجامدراوە، هەروەها پرسیار و راپرسی، كە زیاتر لە (15000) كەس لە (105) ویلایەتدا بەشدار بوون، چوار توخمە بنەڕەتییەكەی پەشیمانی روون دەكاتەوە كە هەریەكەمان هەستی پێدەكەین.

 بەشی یەکەم: تێگەیشتن لە پەشیمانی
 چەمکی پەشیمانی: پینک روونی دەکاتەوە کە پەشیمانی هەستێکی هاوبەشە بۆ هەموو مرۆڤەکان، کاتێک سەرهەڵدەدات کە پێمان وایە هەڵەیەکمان کردووە یان دەرفەتێکی گرنگمان لەدەستداوە.
 گرنگی پەشیمانی: پینک روونی دەکاتەوە کە پەشیمانی دەتوانێت سوودی هەبێت ئەگەر بە دروستی بەکاربهێنرێت، بەو پێیەی یارمەتیمان دەدات لە هەڵەکانمان فێربین و لە داهاتوودا دوربکەینەوە لە دووبارەکردنەوەیان.

 بەشی دووەم: جۆرەکانی پەشیمانی
 پینک چوار جۆری سەرەکی پەشیمانی دەخاتەڕوو، لەگەڵ روونکردنەوە لەسەرئەوەی کە هەر جۆرێک چۆن کاریگەریی لەسەر ژیانمان هەیە:
 -1 پەشیمانی ئەخلاقی: کاتێک روودەدات کە بە شێوەیەک رەفتار بکەین کە بەها و بنەما رەوشتییەکانمان پێشێل بکات.  ئەم جۆرە پەشیمانییە وامان لێدەکات دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ کردەوەکانمان بکەین و بەدوای رێگایەکدا بگەڕێین بۆ باشترکردنی ئەخلاق و رەفتارەکانمان.
 -2 پەشیمانبوونەوە لە دەرفەتە لەدەستچووەکان: کاتێک روودەدات کە نەتوانین سوود لە هەندێک دەرفەت وەربگرین. ئەم جۆرە پەشیمانییە وامان لێدەکات بوێرتربین لە بڕیاردان و سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکانی داهاتوو.
-3 پەشیمانی پەیوەندی: لە شکستهێنانمان لە پاراستن یان باشترکردنی پەیوەندییە گرنگەکان سەرهەڵدەدات. ئەم جۆرە پەشیمانییە دەتوانێت پاڵنەرمان بێت بۆ باشترکردنی تواناکانی پەیوەندییکردن و گرنگیدان بە پەیوەندییە کەسییەکان.
 -4 پەشیمانی لە دەستکەوت: کاتێک روودەدات کە بەو ئامانجە نەگەین کە بۆ خۆمانمان داناوە. ئەم جۆرە پەشیمانییە پاڵنەرێکە بۆئەوەی زیاتر کار بکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی داهاتوومان.

 بەشی سێیەم: سوودەکانی پەشیمانی
 پینک لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن پەشیمانی دەتوانێت هێزێکی ئەرێنی بێت لە ژیانماندا:
-1 فێربوون لە هەڵەکان: پەشیمانی دەتوانێت یارمەتیمان بدات لە هەڵەکانمان تێبگەین و وانەی لێ وەربگرین، رێگرییمان لێدەکات لە داهاتوودا دووبارەی بکەینەوە.
-2 پاڵنەری گۆڕانکاری: پەشیمانی دەتوانێت پاڵنەرێکی بەهێز بێت بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ئەرێنی لە ژیانماندا.
-3 بەرەوپێشبردنی گەشەی کەسی: بە روبەڕوبوونەوەی هەستی پەشیمانی و بەکارهێنانی وەک ئامڕازێکی فێربوون، دەتوانین پەرە بە خۆمان بدەین و گەشەی کەسی بەردەوام بەدەست بهێنین.

 بەشی چوارەم: مامەڵەکردن لەگەڵ پەشیمانی
 پینک چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەستەکانی پەشیمانی بە شێوەیەکی بونیاتنەر روون دەکاتەوە:
-1 دانپێدانان بە پەشیمانی: هەنگاوی یەکەم، دان بە هەستی پەشیمانی خۆتدا بنێیت نەک ئینکاری بکەیت یان پشتگوێی بخەیت.
-2 شیکاری هۆکارەکان: تێگەیشتن لەو هۆکارانەی کە بوونەهۆی هەستکردن بە پەشیمانی دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت لە هەڵەی داهاتوو دووربکەوینەوە.
-3 فێربوون و بەکارهێنان: وەرگرتنی وانە فێربووەکان لە ئەزموونەکانی پەشیمانیی و جێبەجێکردنی لە ژیانی رۆژانەماندا، چونكە مرۆڤی ژیرو گەورە سوود لە ئەزموونی خۆیی و كەسانی تریش وەردەگرێت و هەڵەكان دووبارە ناكاتەوە.
-4 بەرەو پێشەوە چوون: بەکارهێنانی پەشیمانی وەک پاڵنەرێک بۆ هەنگاونان بەرەو گەیشتن بە ئامانجی نوێ و باشترکردنی ژیانمان. واتە تێپەڕاندنی رابردوو ئەزموون وەرگرتن لە پەشیمانی.

چۆن پەشیمانی بکەینە پاڵنەری سەركەوتن؟
-1 پووچەڵکردنەوەی هەڵەکان: لە کتێبی هێزی پەشیمانیدا، دەتوانیت ئەم ستراتیژە بۆ ئەو بارودۆخانە جێبەجێ بکەیت کە تێیدا پەشیمان دەبیتەوە لە کردەوەیەک کە خۆت ئەنجامتداوە، هەمیشە دەرفەت هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی کردەوەکەت و راستکردنەوەی داوای لێبوردنێکی دڵسۆزانە لە کەسێک کە بە هەڵە توڕەت کردووە.
-2 سەیرکردنی لایەنی ئەرێنی: لە هەر ئەزموونێکی شكست خواردودا دەبێت لایەنێکی ئەرێنی بدۆزیتەوە. بۆ نموونە: لە پاس بێبەش بووی بۆ چوونت بۆ شوێنی کارکردنەکەت، چونکە کاتێکی زۆرت پێچوو تا جلەکانت لەبەر بکەیت و لە كاتی پێویستدا ئامادەبیت، بەڵام بەختت باش بوو، بە خێرایی تاکسییەکت دۆزیەوە، زووتر لەوەی چاوەڕێت دەکرد بردیتی بۆ سەر کارەکەت.
-3 شیکردنەوە و پلاندانانی ستراتیژی: ئەمە گرنگترین هەنگاوە لە هەموویان زیاتر، چونکە گەشەکردن و بەرەوپێشت دەبات. لەم هەنگاوەدا پێویستە لە خۆت بپرسیت: لە ئەنجامی پەشیمانی خۆم چی فێربووم؟ هەروەها لەبیرت بێت کە پەشیمانی لەوەی تێپەڕیوە سەرەتایەکی باشە بۆ ئەوەی کە لە داهاتوودا دێت.
نووسەری ئەم كتێبە فێرمان دەكات چۆن پەشیمانی بكەینە دەرفەتێكی زێڕین بۆ سەركەوتن و گەیشتن بە ئامانجەكانمان، چۆن وابكەین پەشیمانی تووشی چەقبەستوویی و مانەوە لە گێژاوی سەرگەردانیدا نەبین، چۆن وابكەین هەڵەكان دووبارە نەكەینەوەو هەڵەكان لەدەست نەدەین، بۆئەوەی كەسێكی سەركەوتووبین، پێویستە كۆڵنەدەربین و ئەزموونەكانمان ببێتە هۆی كرانەوەی دەروازەی نوێی هێنانەدی خەون و خولیا و ئاواتەكانمان و گەیشتنمان بە لووتكەی ئامانج و سەركەوتن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان