حسێن عەزیز
عەلی خورشید سەرۆكی شارەوانیی كفری بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: تیمی ئەندازیاریی تایبەت بە درۆنی رووپێوی لە سنووری شارەوانیی كفری هەستان بە دەستنیشانكردنی نەخشەی ئەو زەوییانەی كە بڕیارە بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەرانی سنووری قەزاكەدا دابەشبكرێت.
سەرۆكی شارەوانیی كفری وتیشی: لە سنووری قەزاكە نزیكەی 2000 فەرمانبەر زەوییان پێدەدرێت و چەند جێگەیەك دیاریكراون كە لەبەرژەوەندیی ئەو كەسانەبێت زەوییان پێدەدرێت، زەوییەكانیش دەكەونە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردی كفری و نزیك قوتابخانەی شۆڕش.
وتیشی: ئەو فەرمانبەرانەی خەڵكی ناوچە جێناكۆكەكانن و دوو ناحیەی سەربەقەزاكەمان كە شارەوانییان نییە، لە قەزای كفری زەوییان پێدەدەرێت، جگە لە فەرمانبەرانی ناحیەی سەرقەڵا كە شارەوانییان هەیە و فەرمانبەرانی نیشتەجێی سەرپشكن كە لە ناحیەكە، یان لە كفری زەوی وەردەگرن.