703 ساڵ بەسەر کۆچی دانتێ ئالیگیێری دا تێپەڕ دەبێت

12:33 - 2024-09-19
ئەدەب و هونەر
160 جار خوێندراوەتەوە

دانا شەدەڵە

فلۆرێنسای زێدی دانتێ و مایکل ئەنجیلۆ 

دانتێ، بە نوسینی(کۆمێدیای خودایی) و مایکل ئەنجیلۆ، بە ستاتوێی (داڤید) مێژووی بیر و هونەری پەیکەرتاشیی شاری فلۆرێنسا و ئیتالیایان بە دنیا ناساند. دانتێ لە داستانی کۆمێدیای خودایی دا بە نوسینەوەی  14233 بەیت شیعر، باس لە گەشتی حەوت رۆژەی خۆی لە نێوان دۆزەخ و بەهەشتدا کردووە. 
رۆیشتنی دانتێ بە دارستان دا و کردنی چەند گیاندارێک بە سومبول بۆ سیفاتە مرۆییەکان ، مرۆڤی کورد دەباتەوە ناو پەندی چیرۆکە خەیاڵییەکانی حیکایەتی گوێ ئاگردانی شەوانی لادێ لە لایەک و ئاوڕدانەوە لە چەند پەرەگرافی فریدریش نیچە لە نووسینی کتێبە خەیاڵییە فەلسەفییەکەیدا سەبارەت بە زەردەشت، بڕوانە کتێبی: (زەردەشت وەهای گوت).

ئەگەرچی کەس نازانێ کەی ئەم شاعیرە ئیتالییە دەستی بە نووسینی ئەو داستانە درێژە کردووە، لێ وەکو باس کراوە لە ساڵی 1313  دا لە نووسینی بۆتەوە

نووسەری ئەڵمانیی ئۆتۆ ئا بوێمەر(لەدایکبووی فرانکفورت 1949) لە نوسینێکیدا لە700 هەمین ساڵیادی مەرگی دانتێ دا نووسیویەتی: "کۆمێدیای خودایی، بەرهەمی دانتێ ئالیگیێری شاعیری ئیتالی یەکێک لە شاکارە دیارەکانی ئەدەبی جیهانیی یە. کاتێ بە دانتێ ی منداڵ دا دەڕوانین، تێدەگەین ئەو کوریژگەیە لە تەمەنی9 ساڵان دا کیژۆڵەیەکی هاوتەمەنی خۆی بە ناوی Beatrice  دەبینێ و لایوایە خوداوەند ئەو کیژۆڵەی تایبەت بۆ وی خوڵقاندووە ، بۆ ئەوەی بە دیاریی پێی ببەخشێ  بەهۆی ئەو کیژۆڵەیەوە هێزی خۆشەویستیی دێتە ناو ژیانیەوە. 
ئا لێرەوە ژینێکی نوێ Vita Nuova دەبێتە بەشی و دانتێ پێیوایە ئەم رووبەرووبونەوەی ئەڤینە دڵدارییەکی ئاسایی نییە ، بەڵکو لە سەرەتای ئەو عەشقە وە بە هێزێکی ئاسمانیی دەزانێ.
تێپەڕبوونی ئادەمیزاد بە سێ وێستگەی دۆزەخ -پاکژگە - بەهەشت ، ئەگەرچی باس لە هەنگاوەکانی سەفەری رۆح لە دوای مردن دەکا، لە هەمان کاتیشدا ئاوێنەیەکی روونە بۆ بارودۆخی رەوانی مرۆڤ لە ساتە تاڵ و ناخۆشەکانی خراپەکارییدا و دواتر وەرچەرخان بەرە و میهرەبانیی و رەفتاری چاک و بەهەشتیبوون. 
کەواتە ئەو سێ وێستگانەی دانتێ لە (کۆمێدیای خودایی) دا مەبەستی بوون لە حاڵەتی تایبەت و سوبجێکتیڤ دا بریتین لە :
1. تاراوگە(مەنفا) = جەهەننەم 
2. نوسین و وردبوونەوە و کۆڵینەکانی = پاکژبوون 
3. هیوا و خۆشەویستیی و بەختەوەریی = بەهەشت

رۆشنگەریی لە خەیاڵی رازاوەی شاعیردا
پێگەیشتن یان کامڵبوونی وشە و دەستەواژەی شاعیرانە لە کۆمێدیای خوداییدا دێنە بەرچاو. ئەگەرچی کەس نازانێ کەی ئەم شاعیرە ئیتالی یە دەستی بە نوسینی ئەو داستانە درێژە کردووە، لێ وەکو باس کراوە لە ساڵی1313 دا لە نووسینی بۆتەوە. ئەگەرچی بیاتریس لە هاوینی1290 دا و لە تەمەنی24 ساڵان دا جوانەمەرگ بووە ، بەڵام لە یادگەی دانتێ دا شێوەی کاڵنەبۆتەوە و مینا وێنەی پیرۆزی عەشق ماوەتەوە. هەربۆیە دانتێ بەمجۆرە وەسفی ئەو کچە جوانەمەرگە دەکات:

بیاتریس لە شێوەی فریشتە دا بوو.
هەروەها لە باسی گەیشتن بە فیردەوس دا نووسیویە :
بەوجۆرە هەورێکی ئاڵ بە رەنگی گوڵەوە(گولیلکەهەور)
لە دەستی فریشتەیەکی ئاسمانەوە پرژا،
بە هەمو ئاراستەکان دا داباری.
لە کەژاوەیەکی سپی دا و بە لقە زەیتونێکەوە
ژنێک بە پاڵتۆیەکی سەوزەوە،
کراسی بەری لە رەنگی بڵێسە بوو 
ئیتر بیرکردنەوەم کە لەمێژبوو کەوتبووە ناو 
سەرسامییەوە
 بەبێ ئەوەی چاوەکانم ئەو کچە بناسنەوە،
 تەنیا بە قودرەتێکی نادیار
 کە سەرچاوەکەی لەوەوە بوو،
 لەو ئەڤینەی جارانم حاڵیی بووم.


کاتژمێرەکان لە بەهەشتی یەزداندا  بە جۆرێکی دیکەن
دانتێ وەکو هەر کەسێکی بە توانای تر رەخنە لە ژیانی دونیای خۆی دەگرێ ، چونکە لەو بەهرە مەزنەی خوا پێی بەخشیبوو تەنیا کەمێکی لێ خستەکار. ئەو درەنگ وەخت پەی بەو راستییە دەبات کە دیمەنەکانی سەر زەوی مۆتیڤی چەندین شاکار بوون و ئەو نەیتوانی بە گشتیاندا بڕوانێت.
ئەو کاتانەی دانتێ لە دوامەنزڵ نزیکدەبێتەوە ئیتر بیاتریس بە تەواوی لەسەر رووپەڕی خەیاڵی ون دەبێ. ئاخر بیاتریس لەمێژ بوو ئەو کارەی کردبوو کە دەبووایە بیکات، ئەوەی بۆ شاعیرەکە ماوەتەوە تەنیا هاوارێکی درەنگ وەختە:
ئەی خودا نازدارەکە!  
ئەی ئەو خودایەی لە هیوای من نزیک بوویتەوە
 بە چاکەکانتەوە تاوەکو کەنارەکانی دۆزەخ، 
 شوێن پێیەکانت بۆ من بوون بە رێنوما
 بەر لە هەر شتێک بۆ ئەو دیمەنانەی لێرە بینیمن
 من سوپاسی توانا و باشییەکانی تۆ دەکەم.
 وزە و میهرەبانیی کە بوونەتە پارێزەری من 
 تۆ منت لە کۆیلەتییەوە بەرە و رەهایی گواستەوە.
 لە هەموو رێگەکان دا و بە چەندین جۆر 
 چاوساغییت بۆ کردم
 بە هەموو ئەو توانایانەتەوە کە هەتبوون. 

دانتێ لە14  ی سێپتێمبەری1321 دا لە ڕاڤێنا مرد. ئەو رێگەیەی کە بەرە و لای کردگاری برد بۆ وی شتێکی نوێ نەبوو ، بەڵکو دووبارە بوو. لە دوا وێستگە دا رۆشناییەکی بازنەیی چاوەڕوانی بوو. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو هەموو شتێکی دەزانی، کەچی لە بارەگای یەزدان دا بریتییە لە کەسێک کە هێشتاکە پرسیار دەکات. پەی پێنەبراوەکان ئەمێستایش هەر وەکو خۆیان ماونەوە و کەس پەییان پێ نابات، شاعیریش مات و بێدەنگ بووە. ئەو گەیشتە ئەو شوێنەی کە کۆمێدیای خودایی بۆ نووسی.ئاخر رۆشنگەریی ناتوانێت لەوە زیاتر رۆشنگەرانە بێت.

تێبینیی:
1 - ئەم دێڕانەم بەر لە دوو ساڵان(ساڵی دووەمی پەتای کۆرۆنا دا) نووسیون.
2 - ئەوکات لە14 ی سێپتەمبەر2021  دا دەیکردە حەوت سەد ساڵەی ساڵڕۆژی مەرگی وی.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان