كەشتییەكەی سیسیۆس

گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

12:40 - 2024-09-19
ئەدەب و هونەر
439 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان
(9)
بێرتراند راسل و گومانگەرایی


وەک باسم کرد، خوا لە بیرکردنەوەی دێکارتییانەدا رۆڵێکی گرنگ دەبینێت، چونکە لەگەڵ بوونی خوادا ئەگەری بیلمەتە خراپەکارەکان، یان بە شێوەیەکی دیکە بیڵێم، شەیتانەکان نامێنێت. ئیتر دەتوانین ئەقڵمان بەکاربهێنین و لە چوارچێوەی گومان بچینە دەرەوە و تا ئاستیكی زۆر لە خۆمان و شتەکانی تریش دڵنیا ببین. بەمەش ئەرگومێنتە نەوتراوەکەی دێکارت ئەمەیە: من بیردەکەمەوە، کەواتە هەموو شتەکان هەن. 
بەڵام لێرەدا کێشەیەک هەیە: با واز لەوە بهێنین کە لە سەردەمی دێکارتدا وادەزانرا بە تەنها مرۆڤ بیردەکاتەوە؛ بەڵام ئێستا ئەوە گۆڕاوە، دۆلفینەکان نموونەیەکی دیکەی بیرکردنەوەن. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دێکارت بیردەکاتەوە؟ کێ ناڵێت ئەوە هەر بلیمەتە خراپەکارەکە نییە کە وای تێدەگەیەنێت بیردەکاتەوە (بگەڕێتەوە بۆ گۆشەی ژمارە ٧). یان چۆن دێکارت دەتوانێت دڵنیا ببێت کە ئەو خەون نابینێت؟ 
پاشان چۆن بیرکردنەوەی ئەو مانای هەبوونی خوایەکی ناکۆتای کامڵە؟ واتە بۆچی دەبێت خوا ببێت بە بناغەیەک بۆ بەڕێخستنی ئەرگومێنتەکەی دێکارت، یان بە دیوێکی دیکەدا، بۆچی دەبێت خوا دەرەنجامی ئەرگومێنتەکەی بێت. لەکاتێکدا کە دەبێت لەوێدا رابوەستین و هیچی دیکەمان لەگەڵ ئەو چەمکەدا پێناکرێت. خوا دەشێت یەقینێک ببەخشێت، بەڵام هاوکات هەرخۆی چاوگی هەموو ئاستەکانی گومانگەراییە.
با دیسانەوە ئەرگومێنتەکەی دێکارت دووبارە بکەمەوە:
1.دێکارت درک بە ئایدیایەکی ناکۆتای کامڵ دەکات.
2.ئایدیای کامڵ و ناکۆتا تەنها لەلایەن یەکێکەوە بەرهەم دەهێنرێت کە خۆی ناکۆتا بێت.
3.لەبەرئەوە ئەم ئایدیا ناکۆتایە لە خواوە هاتووە.
ئەم دەرەنجامەش پێمان دەڵێت، کە خوا هەبوو، ئیتر هەموو شتەکان هەن، بەوەش هیچ بلیمەتێکی خراپەکار ناتوانێت فریومان بدات، بۆچی؟ چونکە خوا بنەمای چاکەیە و هەرچییەکیش لەوەوە بێت چاکە. بەمەش دێکارت دڵنیا دەبێت لەوەی ئەو نە خەون دەبینێت و نە فریودراوە و نە لە خەیاڵپڵاویدا دەژی. بەوەش جێگایەک بۆ گومانکردن نامێنێتەوە و سیناریۆی بلیمەتە خراپەکارەکە ماقووڵییەتی نامێنێت. بیرۆکەی خوا لە ئەرگومێنتەکەی دێکارتدا گرنگییەکی زۆری هەیە، لەگەڵ درککردن بە هەبوونی خوادا ئیتر هیچ کێشەیەکی نامێنێت.
بەڵام بێرتراند راسل رای وا نییە. ئەو دەڵێت چۆن دەتوانیت دڵنیا ببیت کە سەرچاوەی ئایدیا ناکۆتا یان رەهاکان، بگەڕێنەوە بۆ خوا؟ چونکە ئەمە نەک پرسەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو کۆمەڵێک کێشەی قورستر بەرپا دەکات. ئەمە بەڵگەیەکی یەکلاییکەرەوە نییە، نامانگەیەنێتە سەر زەمینەیەکی پتەو. چونکە دیسانەوە هەر ئەگەری ئەوە ماوە کە بلیمەتە خراپەکارەکە لەپشتی هەموو تێڕامانەکانەوە بێت. یانی زۆر بە سادەیی رەنگە ئەو وا لە دێکارت بکات بەم دەرەنجامە بگات.
راسل دەڵێت ئێمە هەرگیز ناتوانین بەو دڵنیاییە بگەین کە دێکارت دەیڵێت، بۆچی؟ چونکە دەبێت هۆی ماقووڵ بخەیتە روو بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت بلیمەتە خراپەکارەکە لەئارادا نییە؛ ئەوەی دێکارتیش دەیکات رەنگە تا رادەیەک قایلکەر بێت، بەڵام یەکلاییکەرەوە نیە. یانی! ئەگەری هەبوونی خوا لە ئەگەری نەبوونی زیاتر نییە، ئەرگومێنتەکان بە ئاڕاستەی پێچەوانەشدا هەر ماقووڵن. ئەمە یانی چی؟ یانی هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە کە فریومان خواردبێت. لە رووی لۆجیکییەوە ئەوە زۆر رێی تێدەچێت کە سەرلەبەری ژیانت جگە لە خەونێک هیچی دیکە نەبێت.
بەڵام! ئێمە هۆی ماقووڵمان بەدەستەوە نییە تا ئەو گریمانەیە پەسەند بکەین کە ئێمە خەون دەبینین. راسل بەراورد لەنێوان دوو گریمانەدا دەکات. یەکەمیانمان بینی ‹گریمانەی بلیمەتە خراپەکارەکە، خەونبینین› کە ئەمە ئاڵۆزکردنێکی ناپێویستە، بەڵکو باشتروایە لەگەڵ تێگەیشتنی ئاسایی و باودا بین، کە ئەمیان زۆر سادەترە و زۆر بە ئاسانی دان بە بوونی شتەکاندا دەنێت؛ ئێمەش رۆژانە ئەزموونیان دەکەین. ئەمە زەمینەیەکی پتەوە بۆ بیرکردنەوە لە بوون. شتەکانی جیهانی دەرەکی خۆیان هەن بێ ئەوەی  بیریان لێبکەمەوە؛ من ئەمە بەشێوەیەکی خۆڕسک دەزانم. تەواوی زانینیشمان لەسەر ئەمە دامەزراوە. هەروەها هیچ پێویستییەک لەئارادا نییە تا ئەو زانینانە رەتبکەینەوە کە لە رێگای هەستەکانمانەوە پێیان دەگەین و بە ئەقڵ هەڵیاندەسەنگێنین.
یانی ئیمە باوەڕەکانمان لە رێگای ئەزموونکردنی سروشتەوە پەیدا دەکەین و ئەوانەش تاقیدەکەینەوە و مشتوماڵیان دەکەین و دەبن بە هەقیقەت و تا ئەوکاتەی هۆی گونجاومان دەبێت بۆ رەتکردنەوەیان وەک هەقیقەت دەمێننەوە. بەڵام ئەو باوەڕانەی ناتوانین بەم زنجیرەیەی گەیشتن بە هەقیقەتدا بەکێشیان بکەین، ئەوانە خۆیان جێگای گومانن، نەک ببن بە سەرچاوەیەک بۆ دڵنیاییمان و رەواندنەوەی گومانەکان. یانی، چەمکی خوا کە دێکارت هەموو سیناریۆکەی خۆی لەسەر داڕشتووە، خۆی جێگای گومانە و قابیلی تاقیکردنەوە و سەلماندنە، یاخود پێچەوانەکەی (رەتکردنەوە) نییە، بۆیە ناتوانین لێوەی دەرەنجامی هیچ شتێکی دڵنیا و بەدەر لە گومان بکەین.
لە لایەکی دیکەشەوە، راسل پێداگریی دەکات کە هەرخۆی گومان شتێکی پیویستە و دەبێت بەردەوام بە رێژەیەک لە بیرکردنەوەماندا هەبێت. ئەم دیدەی راسل زۆر لەگەڵ مێژووی زانینی مرۆییدا کۆکە، ئەوەی ئێمەی گەیاندۆتە ئەم ئاستەی زانین، گومانە نەک یەقین. لە راستیدا یەقین خۆی لەخۆیدا جۆرە چەقبەستنێکی کوشندەیە و هەرکاتێک بەوێ دەگەین نەک پێویستیمان بە زانین نامێنێت، بەڵکو هەڵوێستێکی دژە زانین وەردەگرین و هەموو هەوڵێک بۆ زانین بە گومانگەرایی و مەترسی دەبینین.
کێشەکە زۆر لەوە قووڵترە کە بە ئەرگومێنتێکی دێکارتییانە چارەسەری بکەین، چونکە رەنگە زێدەڕۆیی نەبێت، ئەگەر بڵێم گومانکردن یان گومانگەرایی ئەوەندە بەهێزە، کە دەتوانین وەک یەکێک لە رەمەکە سەرەکییەکانی مرۆڤ سەیری بکەین. بەڵام ئەمە هێشتا نیوەی دیمەنەکەیە، چونکە لە لایەکی دیکەشەوە باوەڕە باوەکانیش دیسان هەر بەهێزن و بە ئاسانی لەق ناکرێن، بەجۆرێک زۆرجار هەست دەکەین وەک باوەڕ نا، بەڵكو وەکو زانینی لەتاقیکردنەوە دەربازبوو مامەڵە دەکەن.
یانی! جێی خۆیەتی، سەرێک بێکێشینە ژوورەکەی دێکارت و بڵێین: رینێ، هێشتا کارێکی زۆر ماوە بیکەیت بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت کە تۆ هەیت. هەرچی بکەیت، هەرچەندە خۆت قایل بکەیت کە گەیشتوویتەتە یەقین، هێشتا هەر پەراوێزێک بۆ گومانکردن دەمێنێتەوە و خۆت دەبینیت ئەوەی پەیدات کردووە (باوەڕ)ە نەک زانین!
لای راسل باشترین و سادەترین لێکدانەوە ئەوەیە ئەزموونی دەکەین؛ چونکە ئێمە هەرگیز ناتوانین دڵنیا ببین لە بوونی جیهانی دەرەکی، تەنها لە رێگای هەستەکانمانەوە دەتوانین بڵێین: ئەو جیهانە لەوێیە. لەوێیە وەک چۆن من ئێستا لەسەر کۆمپیوتەرەکەم دانیشتووم و خەریکی نووسینی ئەم بابەتەم. بەڕاست! من تەواو لەمە دڵنیام؟ نەخێر، چونکە لانیکەم ئەگەری ئەوە هەیە ئەمە خەون بێت. 
لەبەرئەوە باشترین و سادەترین لێکدانەوە ئەمەیە: من لە جیهانێکدا دەژیم پڕێتی لە شتە ماتریاڵەکان و بەردەوامیش لەوێن، زانیارییەکانیشم دەربارەیان لە رێگای هەستەکانمەوە پێدەگات. یانی! هەر هیچ نەبێت لە ئێستادا و لێرە، ئەمە بۆ من دروستە. راسل بە هەموو توانای خۆی گریمانەی بلیمەتە خراپەکارەکە رەتدەکاتەوە و بە لێکدانەوەیەکی خراپی دادەنێت؛ بگرە وای لەقەڵەم دەدات کە دیسانەوە دۆگما بەرهەمدەهێنێتەوە. 
راسل لەبارەی دۆگماتیزمەوە وتەیەکی نێوداری هەیە: "ئێمە دەزانین دۆگماتیزم (باوەڕبوون بە کۆمەڵێک شت وەک هەقیقەتی رەتنەکراوە) هەڵەیە، بەڵام لەجەمسەرەکەی ئەوبەرەوە هاوڕێ گومانگەراکەشم دیسان هەڵەیە، ئەویش سەبارەت بە گومانگەراییەکەی خۆی دۆگماتیستێکی دیکەیە". ئیستا ئەگەر پرسیاری لێبکەین، ئەی چی بکەین باشە؟ وەڵام دەداتەوە، باشترین هەڵوێست لە جیهانی وەربگرین، ئەوەیە لە خاڵێکدا لە ناوەڕاستی هەردووکیاندا بوەستین. ئەمە چۆن؟ وەک گەمەیەک وەریبگرە، هەمیشە باوەڕەکانمان خەریکن دەبن بە دۆگما، بەڵام گومانگەرایی لێناگەڕێت، هاوکات خەریکە گومان لە هەموو شتێک دەکەین، بەڵام دۆگما جڵەوەکە دەگرێتەوە. بەکورتی، لە کۆتاییدا دەبینە خاوەنی کۆمەڵێک هەقیقەت، بەڵام وەک وتم، لە ئێستادا و لێرە.
با شتێکی خۆشتان پێ بڵێم: غەزالی لە ناو گومانگەراییدا نغرۆ بووبوو، هەمووجارێک نزای دەکرد و دەیووت: ‹خودایە ئیمانی پیرەژنم پێ بدە›. لێکدانەوەی ئەمە بۆ ئێوە جێدەهێڵم.
ئێستا ئەگەر بگەڕێینەوە لای دێکارت، کاتێک ئەو دەرەنجام دەکات کە بوونێکی کامڵ و رەها لەوێیە، ئەوە باوەڕێکی دۆگمایی پەیدا دەکات و پێویست دەکات بە بڕێک گومان لێکردن بیگەڕێنینەوە بۆ خاڵی هاوسەنگی، واتە ناوەڕاست. راسل لە رەخنەکەی خۆیدا لە دێکارت، هەر ئەمە دەکات.
بەڵام ئەو گریمانە دێکارتییە ئەوەندەش خراپ نییە، بگرە ئەگەر لە جێگایەکی دیکەوە بڕوانین، دەبینین لە حاڵەتی راسل دا، سەرچاوەی گومانەکان ئەو خراپەکارە تاقانەیە نییە، بەڵكو کۆی شتەکانی جیهانی دەرەکییە. لەگەڵ ئەوەشدا، گەرچی دێکارت بە دامەزرێنەری ئەقڵانییەتی مۆدێرن دادەنرێت، بەڵام بە شێوەیەک لە شێوەکان هەر لە چوارچێوەی باوەڕە کلاسیکییەکەدا و لەنێوان هەردوو جەمسەری خوا و شەیتاندا دەخولێتەوە.

بلیمەتە خراپەکارەکەی دێکارت

 

 


#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان