سەنگاو؛ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەک دەکات لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتی کۆمەڵایەتیدا

04:48 - 2024-09-19
کوردستان
153 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە گوندی "کێلە بەرزە"ی ناوچەی سەنگاو، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی کرد لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی کۆمەڵایەتی و چین و وتوێژە جیاجیاکانی سنووری سەنگاو و قەرەداخ و چەمچەماڵ و گەرمیان.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە هەریەک لە هەڤاڵان مامۆستا جەلال شێخ کەریم و سەرکەوت حەسەن لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی چەمچەماڵ و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی حزبی و حکومی ئامادەیبوون، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لە وتەیەکدا، تیشکی خستەسەر رۆڵی مەردانەی دانیشتوانی سنووری سەنگاو لە جۆشدانەوەی شۆڕشی گەلی کوردستاندا و ئاماژەی بەوەکرد کە رژێمی بەعس بێ بەزەییانە رووبەڕووی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەبووەوە، ئەوەش لەپای هەڵوێستی جوامێرانەی تێکۆشەرانی سەنگاو و گوندەکانی دەوروبەری، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر لە رۆڵەکانیان بوونە قوربانی و چوونە ریزی کاروانی نەمرانەوە.

لێپرسراوی ئەنجومەن، باسی لەوەشکرد کە دەکرا لەوەی تائێستا کراوە، باشتر خزمەتی خەڵکی سنوورەکە بکرێت، بەڵام بەهۆی هەندێک بارودۆخی ناهەمواری سیاسییەوە، کاروانی ئاوەدانی سستی تێکەوت، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت لەمەولا و پاش هاوسەنگ کردنەوی بارودۆخی حوکمڕانی، سەرلەنوێ هەڵمەتی خزمەتگوزاریی پەرەیپێبدرێت و کار بۆ فەراهەمکردنی پێویستیەکانی خەڵک بکرێت.

لەکۆتایی وتەکەیدا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، دووپاتیکردەوە کە رەخنە و ناڕەزایی دەربڕین سادەترین مافی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام دەبێت کۆمەڵانی خەڵک جیاوازی بکەن لە نێوان حکومەتێک کە بەرهەمی خوێن و ماندووبوونی میللەتی کوردە و پێویستە بەگیانی خۆمان بیپارێزین، لەگەڵ شێوازی حوکمڕانی و ئەدای دەسەڵاتدارێتی کە دەکرێت کەموکورتی تێدابێت و قابیلی چاکسازی و پەرەپێدانە. جەختیشیکردەوە کە بەرنامەی ئایندەی سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی، پێکهێنانی حکومەتێکی گەلپەسەندی خزمەتگوزارە کە ئومێد بگێڕێتەوە بۆ خەڵک و شان بداتەبەر ئەرک و بەرپرسیارێتییە گەورەکان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان