ئەو ئەستێرانەی داهاتی زۆریان لە سۆشیال میدیا دەستدەكەوێت

12:00 - 2022-07-02
وەرزش
364 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئارۆ سەنگەر

پێگەی كۆمەڵایەتیەكان و سۆشیال میدیا بوونە بەشێك لە ژیانی رۆژانەی ژمارەیەكی زۆری خەڵكی لەنێویاندا ئەستێرەكانی تۆپی پێ، بەڵام بەكارهێنانی پێگە كۆمەڵایەتیەكان لەلایەن ئەو ئەستێرانەوە جیاوازی زۆر گەورەی لەگەڵ كەسانی ئاسایی هەیە و ئەوان پارەیەكی زۆریان لە رێگەیەوە دەست دەكەوێت بەتایبەت پێگەی ئیسنتاگرام.
كاتێك كەسێكی ئاسایی پێگەی ئینستاگرام بەكاردەهێنێت رەنگە گەورەترین ویستی ئەو بەدەستهێنانی زۆرترین لایكە لە وێنەیەك كە دای دەنێت، بەڵام یی ئەستێرەكان هەر وێنە و بڵاوكردنەوەیەك نرخێكی هەیە و لە رێگەیەوە پارەیەكی زۆریان دەست دەكەوێت لای هەندێك زیاترە لەو مووچەیەی كە وەك یاریزان دەستی دەكەوێت.
ساڵانێكی زۆرە عاشقانی تۆپی پێ بەتایبەت ئەم نەوەیەی ئێستا لەگەڵ ركابەری نێوان كریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی دەژی كە ئەو دوو ئەستێرەیە ساڵانێكی زۆرە ركابەری یەكترین و توانیویانە بەیەكەوە 12 تۆپی ئاڵتونی تایبەت بە باشترین یاریزانی جیهان ببەنەوە.
هەرچەندە وەرزی رابردوو بەراورد بە وەرزەكانی پێشووتر ئاستی ئەو دوو یاریزانە وەكو پێویست نەبوو، بەڵام ئەوان بەباشی سودیان لەو ناوبانگە وەرگرتوە كە لەماوەی رابردوو بەدەستیان هێناوە و بەهۆیەوە لەسەرتاسەری جیهان ناسراون.
پێگەی ئینفلوێنسەر ماركێتین هوب كە تایبەتە بە سەرژمێرییەكانی پێگە كۆمەڵایەتیەكان راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە تیایدا ئاشكرای كردوە ئەستێرەكان بە گشتی چەندیان لە رێگەی پێگەی ئینستاگرامەوە دەست دەكەوێت.
رۆناڵدۆ وەكو خەون بۆ هەر كۆمپانیایەك دادەنرێت كە بیەوێت ریكلامی بۆ بكات، ئەمەش بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی كەسانەی فۆڵۆیان كردوە كە خاوەنی 375 ملیۆن فۆڵۆیە لەو پێگەیە.
رۆناڵدۆ لە ئینستاگرامەكەی ریكلام بۆ چەند كۆمپانیایەك دەكات لەنێویاندا نایكی ئەمریكی و ماركەی جل و بەرگ و جوانكاری و ریستۆرانت و چەند كۆمپانیایەك، ئەمەش بەهۆی هاندەری هێندە زۆری هەیە كە ریكلام بۆ هەر شتێك بكات كاریگەری دروست دەكات.
بەهۆی ئەوەی خاوەنی زۆرترین فۆڵۆیە لە جیهان، بۆیە شتێكی ئاساییە زۆرترین داهاتیشی لەو پێگەیە دەست بكەوێت كە بۆ هەر ریكلامێك كە لە ئینستاگرامەكەی خۆی بڵاویبكاتەوە لە نێوان 880 بۆ ملیۆنێك دۆلاری پێدەدرێت.
ئەمەش ئەوە دوپات دەكاتەوە رۆناڵدۆ پێویستی بەوەیە ساڵانە چەند ریكلامێك لە پێگەی بكات بۆ ئەوەی هەمان ئەو مووچەیەی دەست بكەوێت كە لە یانەكەی پێی دەدرێت و بڕەكەی 26 ملیۆن پاوەندە.
لەدوای رۆناڵدۆ لە ریزبەندیەكە كایلی جینەری مۆدێلی ئەمریكی دێت، لەدوای ئەویش لەپلەی سێیەم لیۆنێل مێسی دێت، ئەو ئەستێرەیەش لە چەندین ریكلامی تایبەت بە وەرزش و جل و بەرگ و خواردەمەنی دەردەكەوێت.
مێسی بۆ هەر ریكلامێك كە لە پێگەی ئینستاگرام بڵاویدەكاتەوە بڕی 651 هەزار بۆ ملیۆنێك دۆلاری دەست دەكەوێت، بۆیە ئەگەر لە مانگێكدا 4 بۆ 5 پۆستی لەو شێوەیە بكات یەكسان دەبێت بە مووچەكەی لە پاریس سان جێرمان كە 3.37 ملیۆن یۆرۆیە.
نەیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەرازیلیش هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دوایی بەهۆی دابەزینی ئاستی و پێكانەكان لە رووی وەرزشی پاشەكشەی زۆری كردوەو بەهۆیەوە بە یاریزانی شوشەیی ناوی دەركردوە، بەڵام بەهۆی ناوبانگە زۆرەكەی و چالاكیەكەی لە سۆشیال میدیا لە پلەی سێییەمی ئەو وەرزشكارانە دێت كە زۆرترین داهاتیان لە ئینستاگرام دەست دەكەوێت و لەپلەی حەوتەمی ئەستێرەكاندایە.
نەیمار كە مانگانە 4 ملیۆن یۆرۆ لە پاریس وەكو مووچە وەردەگرێت چەندین ریكلام بۆ جل و بەرگ  كۆمپانیای وەرزشی دەكات بەتایبەت كۆمپانیای نایكی و بەهۆیەوە بۆ هەر پۆستێك 346 ملیۆن بۆ 577 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت، ئەمە پارەیەش بۆ ئەستێرەیەك كە 175 ملیۆن فۆڵۆی هەیە زۆر زۆرە.
رۆناڵدینهۆی ئەستێرەی دیاری تۆپی پێ ساڵی 2020 بە دۆخێكی زۆر خراپ تێپەڕی كە لە پاراگوای زیندانی كرا، بەڵام دوای ئەوە دۆخی گۆڕا و لە پێگە كۆمەڵایەتیەكانیش پارەیەكی زۆری پێدەدرێت لەنێویاندا ئینستاگرام كە 3 ملیۆن پاوەندی پێدراوە.
رۆناڵدینهۆ پەیوەندی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك هەیە و بەهۆی ئەو پارەیەشی كە لە رێگەی ریكلامكردن دەست دەكەوێت خەونەكەی بەدی هێنا و ستۆدیۆی تایبەت بە میوزیكی كردەوە.
ئاژانسی لەڤ یو ئێكسیش كە تایبەتە بە سەرژمێرییەكانی پێگە كۆمەڵایەتیەكان راپۆرتێكی لەسەر ئەو یاریزانانە بڵاوكردۆتەوە كە ساڵی 2021 زۆرترین داهاتیان لە رێگەی ئینستاگرامەوە دەست كەوتوە.
بەپێی راپۆرتەكە رۆناڵدۆ یەكەم بووە كە 19.11 ملیۆن پاوەندی دەستكەوتووە و لە پلەی دووەمیش مێسی هاتوە بە 17.19 ملیۆن پاوەند و پلەی سێیەمیش بۆ نەیمار بووە بە 12.38 ملیۆن پاوەند و رۆناڵدینهۆش بە 3 ملیۆن چوارەم بووەو داڤید بێكهامیش كە ساڵانێكی زۆرە وازیهێناوە 2.7 ملیۆن پاوەند داهاتەكەی بووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان