سەنتەری چالاکیی گەنجانی کەلار

ناوەندێک لە خزمەتی خەونەکانی گەنجان و دەرخستنی بەهرەکانیان

11:04 - 2024-09-22
ڕاپۆرت
216 جار خوێندراوەتەوە
زۆربەی فێرخوازانی خولەکان کچانن

ئامادەکردنی/ حسێن عەزیز

سەردار حەمید (سەردار نۆڕێ) 13 ساڵە مامۆستای بەشی شێوەکارییە لە سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار، لە گفتوگۆیەکدا بۆ کوردستانی نوێ، باس لە شێوازی فێربوونی وێنەکێشان بە رێگەی ئەکادیمی دەکات و بنەماکانی وێنەکێشان و هەوڵی سەنتەرەکە وەک ناوەندێک بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی گەنجان و بەهرە و تواناکانیان دەخاتەڕوو.
سەردار حەمید ماوەی چوار ساڵ فێرخواز بووە لە سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار، ئەوە وایکردووە بچێت هونەر بخوێنێت و لە هەمان شوێن ببێتەوە بە مامۆستا و دەڵێت: بە شێوازی تایبەتی خۆم کاردەکەم لەسەر پێگەیاندنی گەنجان لە هونەری شێوەکاریدا.

چۆنیەتی فێربوونی فێرخوازان
بێجگە لە چەندین خولی دیکە لە سەنتەری گەنجانی کەلار فێرخواز بەشێوەی زانستی فێری بنەماکانی وێنەکێشان دەکرێت، کە بە هێڵکاری و کێشانی وێنەی ستیللایف (شتی بێ گیان) دەستپێدەکات، وەک تۆپ و جۆرەکانی گۆزەی گڵینە و کەرەستە کانزاییەکان لە فۆرمی جیاواز و شێوەی تەنە ئەندازیییەکان و...هتد، گشت ئەمانە قوماشیان لەگەڵ دادەنرێت لە باکگراوند و ژێریشیاندا. دواتر لە قۆناغی رەنگدا، هەندێکیان بە بۆیەی قەڵەمدار و بە بۆیەی پاستیل و پاشان بۆیەی زەیتی وێنەکانیان رەنگ دەکەن، تا بەباشی فێری ئیشکردن بە هەریەک لەو کەرەستانە دەبن. هەروەها کێشانی وێنەی سروشت و پۆرترێت و مۆدێل (وێنەی کەسەکان) و وێنەی جۆرە جیاوازەکانی ئاژەڵیش فێر دەبن. هەندێک فێرخواز دەگەنە ئەوەی وێنەی خەیاڵی بکێشن، یان دەستکاری تابلۆیەک بکات و بیگۆڕێت.
سەردار حەمید مامۆستا لە سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار وتی: لە ماوەی 13 ساڵی مامۆستایمدا ساڵانە نزیکەی 100 فێرخوازم پێگەیاندووە و هەندێک ساڵیش گەیشتووەتە 150 فێرخواز، تەمەنی بەشداربووان لە نێوان 14-35 ساڵدایە لە هەردوو رەگەز.
وتیشی: سەرەتا رێژەی بەشداربووانی رەگەزی مێ زۆر کەم بوون کە 10 ٪ بوو، بەڵام ساڵ بە ساڵ ئەو رێژەیە زیاتر دەبوو تا گەیشتە رێژەی هاوسەنگی هەردوو رەگەز و زیادبوونی بۆ رێژەی 90 ٪ ی فێرخوازان بوونە کچان.

متمانەی خێزانەکان بە سەنتەرەکە
سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار لە ساڵی 2002 کراوەتەوە. کردنەوەی شۆڕشێکی کەلتووریی، هونەری و رۆشنبیری بوو لە دەڤەرەکەدا و کاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر پێشخستنی بوارە جیاوازەکان و دەرخستنی کۆمەڵێک توانای شاراوە و پێگەیاندنی سەدان کادری باشی هونەری، وەرزشی، پیشەیی و رووناکبیری، کە بەردەوام ئەوانی تریش بیانەوێ چاوی لێ بکەن و لەو کاروانە دوانەکەون.
مامۆستاکەی سەنتەری چالاکی گـــــەنجانی کەلار وتی: متمانەیەکی گەورەیە کە خێزانەکان بەو رێژە زۆرە کچەکانیان دەنێرن بۆ سەنتەر و بەتایبەتییش بۆ خولی بەشداربوون لە هونەردا، بۆئەوەی کاتەکانیان سوودبەخش بێت و لەو رێگەیەوە برەو بە بەهرەکانیان بدەن و تواناکانیان دەربخەن. 
ئاماژەی بەوەشکرد: هەندێک فێرخوازمان هەیە تابلۆ و وێنە دەکێشن بۆ خەڵک و هونەردۆستان کە وەک بەشێک لە سەرچاوەیەکی دارایی ژیانیان پشتی پێدەبەستن، لەگەڵ ئەوەی کڕینی تابلۆ و کاری هونەریی لەناو کورددا نەبووە بە کەلتوور، بۆئەوەی هونەرمەندان و شێوەکاران بتوانن کاری سەرەکییان بێت و پێی بژین، بەڵام هێشتا هەندێک هەن کە بەشێوەی بەخشینی دیاری بێت یان بۆ ماڵی خۆیان، دانە دانە لێرە و لەوێ خواست لەسەر کڕینی تابلۆ و وێنە هەیە.

پیشانگەی خستنەڕووی بەرهەمەکان
کۆی ئەو کارانەی (نیگار و تابلۆ) کە لە پشووی هاویندا فێرخوازەکانی سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار دەیکێشن، ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولدا لە پیشانگەیەکدا دەیخرێنەڕوو کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان، هونەردۆستان، کەسایەتیی دیار و کەسوکاری فێرخوازەکان سەردانی دەکەن، سەردار حەمید دەڵێت: چالاکییەکە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی خولی هاوینە و نیشاندانی بەرهەمی فێربوون و ئەنجامی هەوڵدان و ماندووبوونی ئەو سێ مانگەی هاوینی فێرخوازەکانمانە. هەروەها لە کات و وەرزی تریشدا پیشانگەکە دەبەینە شارێکی تر، یان هەر لەناو کەلاردا لە شوێن و جێگەی تری وەک کۆلێژی زانکۆکان یان پەیمانگەیەکدا پیشانگەیان بۆ دەکەینەوە، بۆئەوەی زۆرترین کەس بینەری ئاست و توانا و کاری جوانی فێرخوازەکانمان بن، تائێستاش پیشانگەمان لە خانەقین، کفری، دەربەندیخان، سلێمانی، هەڵەبجە و کۆیە کردۆتەوە.
وتیشی: خۆشحاڵم لە ماوەی 13 ساڵی مامۆستاییمدا لە بەشی شێوەکاری سەنتەری گەنجانی کەلار، رێگەیەک بووم بۆ بەدیهێنانی خەونی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان و دەرخستنی بەهرە و توانا شاراوەکانیان و پێشخستنی ئاستیان و هێنانەپێشەوەی زۆر گەنج لە هەردوو رەگەز، کە خۆشیان باوەڕناکەن لە ماوەی وەرزێکدا هێندە سەرسووڕهێنەر فێردەبن و پێشدەکەون، بەڕادەیەک بەشێکیان هەرچوار وەرز بەردەوام دەبن و زۆربەیشیان ساڵانە لە وەرزی هاویندا دێنەوە و درێژەی پێدەدەن لەگەڵ فێرخوازی نوێدا، ئەمەش بۆخۆی شۆڕشێکی نەرمە لە شوێن و شارێکدا، کە هیچ ناوەندێکی هونەریی وەک پەیمانگە و ئەکادیمیای هونەرەجوانەکانی تێدا نییە.

 

سەردار حەمید مامۆستای شێوەکاری بۆ کوردستانی نوێ :  کردنەوەی سەنتەری گەنجانی کەلار شۆڕشێکی کەلتووریی، هونەری و رۆشنبیری بوو لە دەڤەرەکەدا و کاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر دەرخستنی کۆمەڵێک توانای شاراوە و پێگەیاندنی سەدان فێرخواز



بابەتە پەیوەندیدارەکان