دەق/ ڤینۆس فایەق
و: لە عەرەبییەوە: رۆزا حەمە ساڵح
لە نهۆمی سەرەوە ژنێکی گەنم رەنگ
ناوی: گریانە یان ھاوار ناوی خەدیجەیە
یاخود ھاجەر
هەندێک جار فاتیمە زۆرجار هەموو ژنان
لە نهۆمی سەرەوە
پیاوێك، پێی دەوترێت: قامچی
یاخود تێڵا و هەندێک جار فیشەک
عەبدوڵڵایە یان محەمەد هەندێک جار ئیبراهیم
زۆر جاریش زۆرینەی پیاوان
لە نهۆمی سەرەوە
ژنێک تەژی لە عەشق و
پیاوێک لێوڕێژ لە تووڕەیی ژنێک بە نێو
درزەکانی بیرداندا دەخزێتە ژوورەوە
رەنگە خۆرێک بێت
بەس بێت بۆ ئەوەی ئابرووی نێرایەتیی نیشتمانێک ببات
لەوێش پیاوێک هەیە
لە کونەکانی مێشکەوە دزەدکات
رەنگە ژەهرێک بێت رێگاکان ژەهرخواردوو بکات
یان بەس بێت بۆ ئەوەی مێینەیی شارێک بكوژێت
و دایکایەتیی زەوی بسووتێنێت